عێراق

ئەنفال.. ناوی پرۆسەیەکی پلانداڕێژراوی رژێمی سەدام حوسێن بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد لە عێراق

- ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان، ئەنفالی وەک "جینۆساید" ناساند و هەموو ساڵێک لە رۆژی ١٤ی نیساندا کارەساتەکە یاد دەکرێتەوە.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 13.04.2022 - نوێکردنەوە : 16.04.2022
ئەنفال.. ناوی پرۆسەیەکی پلانداڕێژراوی رژێمی سەدام حوسێن بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد لە عێراق

هەولێر - AA

١٤ی نیسانی هەموو ساڵێک لەلایەن کوردەکانی عێراقەوە بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی نەتەوەکەیان بە دەستی سوپای رژێمی بەعس دیاری کراوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەمان رۆژی وەک رۆژێکی نیشتمانی لە سەرانسەری وڵات دیاری کردووە و بەو شێوەیە حکوومەتی عێراق دانی ناوە بە کۆمەڵکوژییەک کە بەپێی گوتەی بەرپرسان و شارەزایانی بوارەکە لە هەرێمی کوردستان ١٨٢ هەزار کەسی سڤیل تیادا بوونە قوربانی.

بەڵام ئەنفال چییە و چۆن دەستی پێکرا، پلانەکە چی بوو و چی کرا؟ ئەوە پرسیارێکە جگە لە خەڵکی سنووری جوگرافیای عێراق و هەندێکجار رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمتر کەس لێی ئاگادارن، ئەوەش بەهۆی سەردەمێک بووە کە پەیوەندی و گەیاندن لە ئاستی ئێستادا نەبووە.

ئەنفال ناوی پڕۆسەیەکی پلانداڕێژراوی رژێمی بەعس بوو لە عێراق بۆ لەناوبردنی ناڕەزایەتی کوردەکانی دژ بەو ستەمەی کە بەغدا لێی دەکردن، پڕۆسەکە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو بە دوو ئەنفالی بەربڵاو و گەورەی کوردی فەیلی و بارزانییەکان دەستی پێ کرد، دواتر بە هەشت قۆناغ و بە گشتی لە میانی هەشت ساڵدا ئەنجامدرا، بۆیە لەناو کوردەکاندا بە "شاڵاوەکانی ئەنفال" ناسراوە.

لە پرۆسەی ئەنفالدا بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ١٨٢ هەزار کەسی سڤیل بووەتە قوربانی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس و چوار هەزار و ٥٠٠ گوندیش تێکدراون.

ساڵی ١٩٨٠ و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران-عێراق دەرفەتی میلیتاریزەکردنی سەرانسەری عێراق و سنوورەکانی ئێران بۆ بەغدا رەخسا، سوپای بەعس دەستپێکی کۆمەڵکوژییەکەی لەو کوردانە دەست پێ کرد کە مەزهەبیان شیعە بوو و پێیان دەگوترێت کوردی فەیلی.

لەم پڕۆسەیەدا زیاتر لە ٢١٥ هەزار کوردی فەیلی ناسنامەی عێراقییان لێ ستێندرایەوە و بە زۆر راگوازران و رەوانەی ئێران کران بە بیانووی ئەوەی شیعەن و دەبێت بچنە ئەو وڵاتە و لەم نێوەندەشدا، پێنج هەزار کەسیان بە شێوازی جۆراوجۆر لەسێدارەدان و زیندەبەچاڵکران، بەهۆی ئەو پڕۆسەیە لە ئەنجامدا، ٤٠٠ هەزار کوردی فەیلی زەرەرمەند بوون و ناچار بە کۆچی زۆرەملێ بوون. چواری نیسانی بە رۆژی کۆمەڵکوژی کوردی فەیلی ناسراوە.

لە ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣دا، بارزانییەکان کە گوندەکانیان لەلایەن سوپای بەعسەوە وێران کرابوون و بە زۆر لە کۆمەڵگا زۆرەملێکانی نزیک دەشتی هەولێر بە ناوی کۆمەڵگای هەریر، قوشتەپە و بەحرکە نیشتەجێکران، کەوتنە بەر پەلاماری سوپای عێراق. سوپای عێراق بەرەبەیانی ئەو رۆژە بە پلانێکی هاوکات هەموو ئەو ناوچانەی گەمارۆ دا و پیاو و مێرمنداڵە نێرەکانی لێ جیاکردنەوە و بە زۆر بۆ بیابانەکانی باشووری عێراقی گواستەوە و دواتر دەرکەوت کە زیندەبەچاڵی کردوون.

هەشت قۆناغەکەی ئەنفال پلانێکی دیکەی رژێمی بەعس بوو کە هاوکات بوو لەگەڵ دوا مانگەکانی جەنگی عێراق-ئێران. پڕۆسەکە بەم شێوەیە بوو:

  • ٢١\٢\١٩٨٨ - ١٨\٣\١٩٨٨ ئەنفالی یەک لە پارێزگای سلێمانی کە دۆڵی جافایەتی و ناوچەی شارباژێری گرتەوە.
  • ٢٢\٣\١٩٨٨ - ١\٤\١٩٨٨ ئەنفالی دوو ناوچەی قەرەداغ-پارێزگای سلێمانی، تێدا جگە لە وێرانکردنی گوندەکان، چەکی کیمیاییش بەکار هێنرا.
  • ٣١\٣\١٩٨٨ - ١٨\٤\١٩٨٨ ئەنفالی سێ کە بە بەرفراوانترین شاڵاوی ئەنفال ناوی دەهێندرێت ناوچەی گەرمیان سنووری پارێزگای دیالەی گرتەوە.
  • ٢٠\٤\١٩٨٨ - ٥\٥\١٩٨٨ ئەنفالی چوار سنووری ناحیەکانی عەسکەر و شوان و ئاغجەلەر لە پارێزگای کەرکووک و دەشتی کۆیە سەربە پارێزگای هەولێر لەم ئەنفالەدا چەکی کیمیایی بەکار هێنرا و گوندی گۆپتەپە سەربە ناحیەی ئاغجەلەر لە سێی ئایار بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا.
  • ٢٤\٥\١٩٨٨ - ٣١\٨\١٩٨٨ ئەنفالی پێنج، ئەنفالی شەش، ئەنفالی حەوت دوا رۆژەکانی مانگی رەمەزان بوو کە سوپای عێراق دەستی بە راماڵینی گوند و ئاوەدانییەکانی سنووری قەزاکانی شەقڵاوە و رەواندوز کرد لەم هێرشەدا.
  • دوا قۆناغی شالاوەکانی ئەنفال لە ٢٥\٨\١٩٨٨ دەستی پێ کرد و ٦\٩\١٩٨٨ کۆتایی پێ هات کە بە ئەنفالی هەشت ناسراوە. لەم هێرش و پەلامارەدا شارەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ سەربە پارێزگای دهۆک کەوتنە بەر پەلاماری سوپای بەعس.

رووفاتی بەشێک لە ئەنفالکراوان کە دەگوترێت بەشێکیان بە زیندوویی خراونەتە چاڵەوە، لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دانیشتووانی پارێزگاکانی ئەنبار، نەجەف و موسەننا کە شایەتحاڵی رووداوەکانیش بوون و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان پێ دەزانی، هێندرانەوە هەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ئەنفال ١٨٢ هەزار قوربانی لێکەوتووەتەوە و کۆی ئەو زەرەروزیانە ماددیەی کە لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییەدا بەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کەوتووە، بە هەشت ملیار خەملێندراوە.

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧ ئەنفالی وەک کۆمەڵکوژی ناساند و لەم بارەیەوە بڕیاری دا کە حکوومەتی عێراق پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی بکاتەوە. تا ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال نەناوە.

هەر لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵێک دواتر بە دیاریکراوی لە رۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٠٨دا، ئەنفالی وەک پرۆسەیەکی پلانداڕێژراو بۆ قڕکردنی گەلی کورد بە "جینۆساید" ناسی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری دا بەوەی کە رۆژی ١٤ی نیسان هەموو ساڵێک بکرێتە رۆژێکی نیشتمانی لە عێراق و پرۆسە بەدناوەکە یاد بکرێتەوە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەنگاو بنرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال.

لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگای باڵای تاوانەکان و داننانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفالی کورد لە عێراق، تا ئێستا نەرویج، سوید، بەریتانیا و کۆریای باشوور دانیان ناوە بە پرۆسەی ئەنفال وەک کۆمەڵکوژی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە کار دەکات بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم پرسە لەسەرانسەری جیهاندا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın