ئەنفال.. زنجیرەیەک کۆمەڵکوژیی بە پلان بوو کە لەلایەن رژێمی بەعس ئەنجامدرا

Arbil
ھەولێر – AA
پڕۆسەی ئەنفال، زنجیرەیەک کۆمەڵکوژیی بە پلان بوو کە لەلایەن رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ١٩٨٨دا بەرامبەربە گەلی کورد لە عێراق ئەنجامدرا و لە ئاکامدا، بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ١٨٢ ھەزار کەسی مەدەنی بوونەتە قوربانی و چوار ھەزار و ٥٠٠ گوندیش خاپوورکران.
پڕۆسەی ئەنفال لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابردوو بە دوو ئەنفالی بەربڵاو و گەورەی کوردی فەیلی و بارزانییەکان دەستی پێ کرد، دواتر بە ھەشت قۆناغ و بە گشتی لە میانی ھەشت ساڵدا ئەنجامدرا، بۆیە لەناو کوردەکاندا بە "شاڵاوەکانی ئەنفال" ناسراوە.
سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی ئەنفال بە "عەلی حەسەن مەجید" راسپێردرابوو کە لە ساڵی ١٩٨٣دا، بەرپرسی ناوچەی باکووری حزبی بەعس بوو، ھەروەھا وەزیری بەرگریی ئەو کاتی عێراق، سوڵتان ھاشم پرۆسەکەی جێبەجێ کرد.
ئەنفال ناوی زنجیرەیەک پرۆسەی کۆمەڵکوژی بوو کە رژێمی بەعس بەپلان بۆ لەناوبردنی ناڕەزایەتی کوردەکان دژ بەو زوڵم و ستەمەی کە ئەو کات لێی دەکردن، ئەنجامی دا.
بەڵام چۆن دەستی پێ کرا، پلانەکە چی بوو و چی کرا؟ ئەوە پرسیارێکە جگە لە خەڵکی سنووری جوگرافیای عێراق و ھەندێکجار رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەمتر کەس لێی ئاگادارن، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی پەیوەندی و گەیاندن لەو سەردەمەدا لە ئاستی ئێستادا نەبووە.
لەم پڕۆسەیەدا زیاتر لە ٢١٥ ھەزار کوردی فەیلی ناسنامەی عێراقییان لێ ستێندرایەوە و بە زۆر راگوازران و رەوانەی ئێران کران بە بیانووی ئەوەی شیعەن و دەبێت بچنە ئەو وڵاتە و لەم نێوەندەشدا، پێنج ھەزار کەسیان بە شێوازی جۆراوجۆر لەسێدارەدان و زیندەبەچاڵکران، بەھۆی ئەو پڕۆسەیە لە ئەنجامدا، ٤٠٠ ھەزار کوردی فەیلی زەرەرمەند بوون و ناچار بە کۆچی زۆرەملێ بوون. چواری نیسانی بە رۆژی کۆمەڵکوژی کوردی فەیلی ناسراوە.
لە ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣دا، بارزانییەکان کە گوندەکانیان لەلایەن سوپای بەعسەوە وێران کرابوون و لە کۆمەڵگا زۆرەملێکانی ھەولێر (کۆمەڵگای ھەریر، قوشتەپە و بەحرکە) نیشتەجێکران، کەوتنە بەر پەلاماری سوپای عێراق. سوپای عێراق بەرەبەیانی ئەو رۆژە بە پلانێکی ھاوکات ھەموو ئەو ناوچانەی گەمارۆ دا و پیاو و مێرمنداڵە نێرەکانی لێ جیاکردنەوە و بە زۆر بۆ بیابانەکانی باشووری عێراقی گواستنەوە و دواتر دەرکەوت کە زیندەبەچاڵی کردوون.
ھەشت قۆناغەکەی ئەنفال پلانێکی دیکەی رژێمی بەعس بوو کە ھاوکات بوو لەگەڵ دوا مانگەکانی جەنگی عێراق-ئێران و پڕۆسەکە بەم شێوەیە بوو:
٢١\٢\١٩٨٨ - ١٨\٣\١٩٨٨ ئەنفالی یەک لە پارێزگای سلێمانی کە دۆڵی جافایەتی و ناوچەی شارباژێری گرتەوە.
٢٢\٣\١٩٨٨ - ١\٤\١٩٨٨ ئەنفالی دوو، ناوچەی قەرەداغ-پارێزگای سلێمانی تێدا جگە لە وێرانکردنی گوندەکان، چەکی کیمیاییش بەکار ھێنرا.
٣١\٣\١٩٨٨ - ١٨\٤\١٩٨٨ ئەنفالی سێ کە بە بەرفراوانترین شاڵاوی ئەنفال ناوی دەھێندرێت ناوچەی گەرمیان لە سنووری پارێزگای دیالە و باشووری پارێزگای کەرکووکی گرتەوە.
٢٠\٤\١٩٨٨ - ٥\٥\١٩٨٨ ئەنفالی چوار سنووری ناحیەکانی عەسکەر، شوان و ئاغجەلەر لە پارێزگای کەرکووک و دەشتی کۆیە سەربە پارێزگای ھەولێر لەم ئەنفالەدا چەکی کیمیایی بەکار ھێنرا و گوندی گۆپتەپە سەربە ناحیەی ئاغجەلەر لە سێی ئایار بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا.
٢٤\٥\١٩٨٨ - ٣١\٨\١٩٨٨ ئەنفالی پێنج، ئەنفالی شەش، ئەنفالی حەوت دوا رۆژەکانی مانگی رەمەزان بوو کە سوپای عێراق دەستی بە راماڵینی گوند و ئاوەدانییەکانی سنووری قەزاکانی شەقڵاوە و رەواندوزی کرد لەم ھێرشەدا.
دوا قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ٢٥\٨\١٩٨٨ دەستی پێ کرد و ٦\٩\١٩٨٨ کۆتایی پێ ھات کە بە ئەنفالی ھەشت ناسراوە. لەم ھێرش و پەلامارەدا شارەکانی زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێ سەربە پارێزگای دھۆک کەوتنە بەر پەلاماری سوپای بەعس.
رووفاتی بەشێک لە ئەنفالکراوان کە دەگوترێت بەشێکیان بە زیندوویی خراونەتە چاڵەوە، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دانیشتووانی پارێزگاکانی ئەنبار، نەجەف و موسەننا کە شایەتحاڵی رووداوەکانیش بوون و گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان پێ دەزانی، ھێندرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک سپێردران.
بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاکامی پرۆسەی ئەنفالدا، ١٨٢ ھەزار کەسی مەدەنی بووەنەتە قوربانی و چوار ھەزار و ٥٠٠ گوندیش خاپوورکران.
ھاوکات ١٤ی نیسانی ھەموو ساڵێک، لەلایەن کوردەکان لە عێراق بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی نەتەوەکەیان بە دەستی سوپای رژێمی بەعس دیاریی کراوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ھەمان رۆژی وەک رۆژێکی نیشتمانیی لە سەرانسەری وڵات دیاریی کردووە.
ــ ئامانج لە شالاوی ئەنفال چی بوو؟
ژمارەیەک ئامانج لەپشت ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال بەرامبەر بە گەلی کورد لەلایەن رژێمی پێشووە ھەبوون لەنێویاندا دابرینی بەشێک لەجوگرافیای عێراق لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە و وەدەرنانی سوپای عێراق لە ناوچە کوردنیشینەکان، بۆیە حکوومەتی عێراق بەمافی شەرعی و یاسایی خۆی زانی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکاتەوە و ھێزی پێشمەرگەیش لەو ناوچانە وەدەرنێت.
ئامانجێکی دیکە ئەوەبوو کە ھێزی پێشمەرگە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە وەک مەترسیی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەقەڵەم درابوو، ھەر لەبەر ئەوەبوو رژێمی پێشوو ھەوڵی لەناوبردنی گەلی کوردی دەدا.
- تا ئێستا حکوومەتی عێراق کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالی قەرەبوو نەکردووەتەوە.
ئەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالی زیاتر نیگەران کردووە، ئەوەیە تا ئێستا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە قەرەبوو نەکراونەتەوە.
ھەروەھا بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان لەکاتی یادکردنەوەی پرۆسەی ئەنفالدا، جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە ھەرچی زووە حکوومەتی فیدراڵیی قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە، ھەروەھا لە ھەرێمی کوردستانیش دەبێت خزمەتی زیاتری کەسوکاری قوربانییان بکرێت.
بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام رەخنە لە حکوومەتی فیدراڵیی دەگرن بەھۆی بێدەنگی لە قەرەبوونەکردنەوەی مافی کەسوکاری ئەنفالکراواندا و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لە کاتێکدا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەنفالی بە جینۆساید و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ ناساندووە، ئەوا حکوومەتی فیدراڵیی لەبەردەم ئەرکێکی یاسایی، ئەخلاقی و مرۆییدایە بۆ ئەوەی قەرەبووی لێقەوماوان و کەسوکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە.
- ئەنفال لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی بەکۆمەڵکوژی ناسێندراوە
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧ ئەنفالی وەک کۆمەڵکوژی ناساند و لەم بارەیەوە بڕیاری دا کە حکوومەتی عێراق پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی بکاتەوە. تا ئێستا حکوومەتی عێراق ھیچ ھەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال نەناوە.
ھەر لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵێک دواتر بە دیاریکراوی لە رۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٠٨دا، ئەنفالی وەک پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بە ئامانجی قڕکردنی گەلی کورد بە "جینۆساید" ناسی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی ٢٠١٧ بڕیاری دا بەوەی کە رۆژی ١٤ی نیسان ھەموو ساڵێک بکرێتە رۆژێکی نیشتمانیی و پرۆسە بەدناوەکە یاد بکرێتەوە، ھەروەھا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھەنگاو بنرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال.
لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگای باڵای تاوانەکان و داننانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفالی کورد لە عێراق، تا ئێستا نەرویج، سوید، بەریتانیا و کۆریای باشوور دانیان ناوە بە پرۆسەی ئەنفال وەک کۆمەڵکوژی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە کار دەکات بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم پرسە لەسەرانسەری جیھاندا.
سەرچاوەکان:-
www.aa.com.tr/2562394/
www.zaniary.com/blog/604520496ae50/
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن