ئەمڕۆ گەڕی سێیەم بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت
سەرۆکی ھاوپەیمانی بەدر، ھادی عامری ڕایگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی بەدر، ھادی عامری ڕایگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە لە یەکەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەتوانرا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت کە ڕکابەرییەکە لەنێوان بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا و بەربژێری ڕەوتی ھەڵوێست، ڕێبوار کەریم بوو.
ھادی عامری لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی شەفەق نیوز ئاماژەی بەوەداوە کە دوێنێ دووشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەن، دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستھێناوە، بەڵام نەتوانرا جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت، چونکە ھیچ کام لە بەربژێرەکان بەپێی دەستوور، نەیانتوانی زۆرینەی دەنگی ڕەھای ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بھێنن.
گوتیشی: "ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت".
دوێنێ دووشەممە یەکەمین دانیشتنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا کە لە میانیدا دوای سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری یەکەم ھەڵبژێردران.
بەربژێری پارتی تەقەدووم، ھەیبەت حەلبووسی بە بەدەستھێنانی ٢٠٨ دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن، بە سەرۆکی ئەنجوومەن و بەربژێری بزووتنەوەی سادیقوون، عەدنان فەیحان بە بەدەستھێنانی ١٧٨ دەنگ بە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردران.
بەڵام لە دوای دوو گەڕی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھیچ کام لە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا و بەربژێری ڕەوتی ھەڵوێست، ڕێبوار کەریم نەیانتوانی دەنگی ڕەھای ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە دەکاتە ٥٠+١ (١٦٦ دەنگ) بەدەستبھێنن، بۆیە پڕۆسەکە چووە گەڕی سێیەمەوە.
لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆی ٢٩٣ دەنگ، ڕێبوار کەریم ١٥٣ دەنگی بەدەستھێنا و شاخەوان عەبدوڵڵایش ١١٩ دەنگی بەدەستھێنا و ٢١ دەنگیش پووچەڵکرانەوە و لە گەڕی دووەمیش ٢٨٠ ئەندام دەنگی دا کە ڕێبوار کەریم ١٥٦ دەنگی بەدەستھێنا و شاخەوان عەبدوڵڵا ١٠٢ دەنگی بەدەستھێنا و ٢٢ دەنگی پووچەڵیش ھەبوو.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
