سياسەت

ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان: "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدرالی قبووڵکراو نییە"

- ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان: " بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدرالی قبووڵکراو نییە و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی مافە دەستوورییەکانی و بە ھیچ شێوەیەک دەست لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەڵناگرێت".

Zana Natık Kerem  | 28.02.2022 - نوێکردنەوە : 01.03.2022
ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان: "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدرالی قبووڵکراو نییە" Photo: KRP Media Office

Arbil

ھەولێر ــ AA

ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەکەدا، بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق ١٥ ئەم مانگە لەبارەی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا‌وە و لەمبارەیەوە لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی قبووڵکراو نییە و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی مافە دەستوورییەکانی و بە ھیچ شێوەیەک دەست لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەڵناگرێت و ھەموو ڕێگەیەکی یاسایی و دەستووری دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بپارێزێت، لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە‌:

١- بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی پێچەوانەی دەق، گیان و بنەما ڕاستەقینەکانی سیستەمی فیدراڵییە و پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانە.

٢- بریارەکەی دادگا بە ‌شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ھەموارکردنێکی نادەستووریی دەستوورە، چونکە بووەتە ھۆی لێسەندنەوەی دەسەڵاتێکی دەستووریی ھەرێمەکان و بەخشینی بە دەسەڵاتی فیدراڵیی کە ئەمەش ناتەبایە لەگەڵ دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیی و پاشگەزبوونەوەیە لە سیستەمی فیدراڵیی.

٣- دادگا لە بڕیارەکەیدا پشتی بە یاساکانی ساڵانی ١٩٧٦ و ١٩٨٥ی عێراق بەستووە کە یاسای ناوەندین و لەگەڵ بنەماکانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقی تازەدا‌ ناکۆکە کە سیستەمی حوکمی لە عێراق لە ناوەندییەوە بۆ سیستەمێکی فیدراڵیی گۆڕیوە و بە ڕوونی دەسەڵاتەکانی ھەرێم و پارێزگا‌کان و دەسەڵاتی فیدراڵیی دابەش کردووە.

٤- ھەرێمی کوردستان پێی وایە ئەم بڕیارە جگە لەوەی بنکۆڵکردنی دەستوور و سیستمی فیدراڵییە لە ھەمان کاتدا، پێشی وایە مەرامی تایبەتی لە پشتە و بێلایەن نییە، بەتایبەتیش کە‌ عێراق بە دۆخێکی زۆر ھەستیار و ئاڵۆزی سیاسیدا تێدەپەڕێت و لایەنە سیاسییەکان خەریکی گفتوگۆن بۆ لێکگەیشتن و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی و بنبەستی سیاسی، ئەم بڕیارە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

٥- دووپاتی دەکەینەوە گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان و دەقی ماددەی (١١٢)ی دەستووری عێراق ئەنجام دراون، ئەمەش لە کاتێکدا دەسەڵاتە فیدراڵییەکان دوای تێپەڕبوونی (١٧) ساڵ نەیانتوانی ئەرکی یاساییی خۆیان جێبەجێ بکەن بە دانانی یاسایەک بۆ نەوت گاز لە عێراق، وێڕای دەستپێشخەرییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ و پاشگەزبوونەوەی حکوومەتی ئەوکاتی فیدراڵ لەو ڕەشنووسە ھاوبەشەی یاسای نەوت و گاز کە ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.

٦- بە گرنگی دەزانین دادگای باڵای فیدراڵی بە یاسایەکی نوێ و بەپێی حوکمەکانی ماددەی (٩٢)ی دەستوور پێک بێت و ئەرکەکانی بەپێی دەستوور جێبەجێ بکات، ھەروەھا ھەموو ئەو دامەزراوە دەستوورییانەش بەپێی دەستوور یاسایان بۆ دەربچێت و پێکبێن کە زامنی بەرجەستەکردنی سیستەمی فیدراڵیین.

راشیگەیاندووە

"لە‌م پێناوەدا سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێکارێک بۆ پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا پەرلەمانی کوردستان ڕێکاری یاسایی و دستووریی پێویست دەگرێتە بەر و ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان لە پێگە دەستوورییەکەی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ناوەندە دادوەرییەکانی عێراقدا بۆ داکۆکیکردن لەسەر دەستووریبوونی مافەکانی ھەرێمی کوردستان".

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش وەک ھەمیشە لەسەر بنەمای دەستوور ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی، دۆستانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیری لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın