سياسەت

محەمەدی حاجی مەحمود: "سیستەمی بەڕێوەبردن دەتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات نەک هەڵبژاردن"

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود: - "هەڵبژاردن چارەسەری دۆخی عێراق ناکات، بەرنامە و سیستەمی بەڕێوەبەردن دەتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات".

Rewa Mahmood Hasan  | 04.05.2021 - نوێکردنەوە : 05.05.2021
محەمەدی حاجی مەحمود: "سیستەمی بەڕێوەبردن دەتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات نەک هەڵبژاردن"

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ یەکخستنی ماڵی کوردی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و هەردوو جێگرەکەی، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سکرتێری ئەو حزبە محەمەد حاجی مەحمود کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە محەمەد حاجی مەحمود لێدوانی بۆ رۆژنامەنوسان دا و تێیدا ئەجێندای کۆبوونەوەی بۆ رۆژنامەنوسان ئاشکرا کردو گوتی "ئەمڕۆ کۆبووینەوە بۆ ئەوەی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بتوانن میکانیزمێک دابنێنن پێکەوە تاوەکو ماڵی کوردی رێکبخنەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە چارەسەری گیروگرفتەکانی ناوخۆ و پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بووە.

سەبارەت بە پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان کە ئایا تاچەند لایەنەکان کۆکن لەسەری، محەمەد حاجی مەحمود گوتی "پرسی دەستوور تاوتوێ دەکرێت، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بەبەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، رەشنووسی دەستوور ئامادەیە رەنگە هەندێک برگە و ماددەی ماوە تاوەکو قسەی زیاتری لەسەر بکرێت"

وەک ئاماژەیەکیش بە خواستی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بۆ گۆڕینی سیستەمی عێراق لە فیدڕاڵییەوە بۆ شێوازێکی دیکەی بەرێوەبردن و پرسی هەڵبژاردنەکانی عێراق و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، محەمەدی حاجی مەحمود گوتی "هەڵبژاردن چارەسەری دۆخی عێراق ناکات، بەرنامە و سیستەمی بەڕێوەبەردن دەتوانێت کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات".







بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن