مانگی سووری ئیماراتی چەند پرۆژەیەک رادەستی حکوومەتی هەرێم دەکات
- لە شارەدێی بەحركە كە بەشێكی زۆری ئاوارەكانی لێ نیشتەجێكراون، مانگی سووری ئیماراتی لە مەراسیمێكدا چەندین یەكەی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەیەكی لەدایكبوون و منداڵان و دوو قوتابخانەی رادەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە بەشێوازێكی مۆدێرن و سەردەمییانە درووست كراون.

Arbil
هەولێر
لە شارەدێی بەحركە كە بەشێكی زۆری ئاوارەكانی لێ نیشتەجێكراون، مانگی سووری ئیماراتی لە مەراسیمێكدا چەندین یەكەی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانەیەكی لەدایكبوون و منداڵان و دوو قوتابخانەی رادەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە بەشێوازێكی مۆدێرن و سەردەمییانە درووست كراون و سەرجەم ئامێر و پێداویستییەكانیشی تێدایە و پارێزگاری هەولێریش رایدەگەیەنێت كە نیو ملیۆن ئاوارە لە سنووری پارێزگای هەولێر نیشتەجێن و هاوكات ئاماژەی بە هەبوونی 118 هەزار پەنابەریش كرد لەم شارە.
شاندێكی مانگی سووری ئیماراتی بە سەرۆكایەتی هونەرمەندی ناسراوی عەرەب و باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان حوسێن ئەلجەسمی و كونسوڵی گشتی وڵاتی ئیمارات سەردانی شارەدێی بەحركەیان كرد و لە مەراسیمێكدا چەند پرۆژەیەكییان رادەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەریەك لە وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەریم سنجاری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم فەلاح مستەفا و پارێزگای هەولێر نەوزاد لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئامادەی مەراسیمەكە بوون.
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بە رۆڵی مانگی سووری ئیمارات دەكات كە لەماوەی رابردوودا چەندین پرۆژەی گرنگیان ئەنجامداوە و ئەمڕۆش چەند پرۆژەیەك رادەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئەمەشی وەكو هاوكاریی مانگی سووری ئیماراتی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەسف كرد.
پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مانگی سووری ئیماراتی كۆمەڵێك پرۆژەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە لە كەمپی ئاوارەكان، هەورەها درووستكردنی بنكەی تەندرووستی و قوتابخانە و چەندین هاوكاری دیكەی هەرێمی كوردستانی كردووە".
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەی مانگی سووری ئیماراتی و چۆنییەتی ئەنجامدانی پرۆژەكانییان لە هەرێمی كوردستان، نەوزاد هادی گوتی: "ئەو پرۆژەیەی كە ئەمڕۆ تەواو بووە لە كەمپی بەحركە بریتییە لە گوندێك كە 630 یەكەی نیشتەجێ بوون لە خۆ دەگرێت بە خزمەتگوزارییەكانی وەك قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی رادەستی پارێزگای هەولێر كرا".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە تەواوبوونی پرۆژەیەكی گرنگ كرد لە سنووری شارەدێی بەحركە و ئەو پرۆژەیەش لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی ئەنجامدراوە و گوتی: "هەر ئەمڕۆش نەخۆشخانەیەكییان رادەستی ئێمە كردووە كە بریتییە لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان كە 58 قەرەوێڵەییە و لەم چەند رۆژەی داهاتوودا تەواوی ئامێرەكانیشمان بۆ دەنێرن و ئێمەش لە رێگای پارێزگای هەولێرەوە رادەستی بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی هەولێرمان كرد".
هەر لە تەنیشت ئەو نەخۆشخانەیەش بەردی بناغەی پرۆژەیەكیان دانا كە بریتییە لە درووستكردنی ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كارمەندانی نەخۆشخانەكە و بڕیاریشە لە ماوەیەكی كورتدا پرۆژەكە تەواوبێت.
نەوزاد هادی ئاماژەی بە تەواوبوونی دوو قوتابخانەش كرد كە ئەوانیش لە رێگای مانگی سووری ئیماراتی درووستكراون و گوتی: "جگە لەو پرۆژانەی كە باسمان كرد، دوو قوتابخانەش هەر لە نزیك ئەو پرۆژەیە تەواوبووە و رادەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و خەڵكی ئەو سنوورە سوودی لێ دەبینن".
پارێزگاری هەولێر سوپاسی مانگی سووری ئیماراتی كرد كە هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و گوتی: "سوپاسی مانگی سووری ئیماراتی دەكەین كە هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر دەكەن و سوپاسی هونەرمەندی عەرەب حوسێن ئەلجسمی دەكەین كە وەكو سەرۆكی شاندەكە بەشداری ئەم مەراسیمەی كرد".
سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، پارێزگای هەولێر ئاماژە بە 500 هەزار ئاوارە و 118 هەزار پەنابەر دەكات لە سنووری پارێزگای هەولێر و گوتی: "بەگشتی نیو ملیۆن ئاوارە و 118 پەنابەری رۆژئاوا لە سنووری پارێزگای هەولێر هەیە كە لێرە زۆربەیان لە كەمپەكان نیشتەجێكراون و خزمەتگوزارییەكانییان پێشكەش دەكرێت".
جێی ئاماژەیە مانگی سووری ئیماراتی لە ماوەی رابردوودا چەند پرۆژەیەكی دیكەیان لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكردووە و ماوەیەك پێش ئێستاش ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبوونییان بۆ ئاوارەكانی كەمپی قوشتەپە دروست كرد.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن