
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە پێویستە گرژییەکان لە ناوچەکەدا، کەمبکرێنەوە و ھەماھەنگیی نێودەوڵەتی دژبە تیرۆر زیاتر بکرێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بەرھەم ساڵح لە بەغدا پێشوازی لە ھەر یەک لە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، جێمس کلیفرلی و وەزیری بەرگریی بەریتانیا، جێمس ھیبی کردووە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە لە دیدارەکەدا کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن و وەزیری بەرگریی عێراق، جومعە عناد ئامادەی بوون، سەبارەت بە پەیوەندی دووقۆڵی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر لەنێوان عێراق و بەریتانیا گفتوگۆکراوە، ھاوکات بەگرنگییەوە باس لەو بابەتانە کراون کە جێی بایەخی ھەردوو وڵاتن.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە میانی دیدارەکەدا، پەرەسەندنەکان لە عێراق و ناوچەکە خراونەتە بەرباس، ھەروەھا گرنگی ھاریکاری و ھەماھەنگیی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو وڵات دووپاتکراوەتەوە بەجۆرێک خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری ناوخۆیی و ھەرێمایەتی بکات.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرکۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەھێزکردنی ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بوارەکانی سیاسیی، ئابووریی، سەربازیی، تەندروستیی و پێکەوەکارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان لە پێش ھەمووشیان بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا.
بەرھەم ساڵح رایگەیاند، گرنگە ھێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکرێتە کاری لە پێشینە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و درێژەدان بە جەنگی دژبە تیرۆر، ئەوەیش بە ئامانجی چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیھان و رێگە خۆشکردن لە بەردەم بەھێزکردنی دەرفەتی ھاریکاری لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بۆ گشت گەلان.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی دیدارەکەدا وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و وەزیری بەرگریی بەریتانیا باسیان لە گرنگی خستنەگەری ھەوڵی زیاتر کردووە لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و ھاریکاری لە بە گژداچوونەوەی تیرۆر و جەختیشیانکردووەتەوە لە پابەندبوونی وڵاتەکەیان بە پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ھەنگاونان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن