جيهان

کۆشکی سپی: "دەستدرێژیکردنە سەر بەندکراوە فەڵەستینییەکان لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل مایەی نیگەرانییە"

کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە پێویستە ئیسرائیل بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی، مامەڵە لەگەڵ سەرجەم بەندکراوەکاندا، بکات.

Hakan Çopur, Yılmaz Öztürk  | 08.08.2024 - نوێکردنەوە : 09.08.2024
کۆشکی سپی: "دەستدرێژیکردنە سەر بەندکراوە فەڵەستینییەکان لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل مایەی نیگەرانییە"

Washington DC

واشنتۆن ــ AA

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە دەستدرێژکردنی سێکسی، ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکراوە فەڵەستینییەکان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەکەن، مایەی نیگەرانیین.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، کارین ژان پیێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە ئیسرائیل بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی، مامەڵە لەگەڵ سەرجەم بەندکراوەکاندا، بکات.

کارین ژان پیێر داواشی لە ئیسرائیل کرد کە بە شێوەیەکی مرۆڤانە و شکۆمەندانە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم بەندکراوەکاندا بکات و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکات و ڕێز لە مافی بەندکراوەکاندا بگرێت، ھەروەھا بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشێلکارییانەدا بکات کە بەرامبەر بە بەندکراوەکان، ئەنجام دەدرێن.

باسی لەوەش کرد کە ئەوان بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکەی سوپای ئیسرائیل دەکەن کە سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر بەندکراوێکی فەڵەستینی، ئەنجام دەدرێت.

ھەر لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیۆ میلەر ڕایگەیاند کە پێویستە ئیسرائیل، لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەبارەی ئەو دەستدرێژییە سێکسییە بکات کە لە گرتووەخانەیەکی ئیسرائیلدا کراوەتە سەر بەندکراوێکی فەڵەستینی.

ماتیۆ میلەر لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ڕووداوەکەوە، گوتی: "نابێت لێبوردەیی بۆ ئەو کەسانە ھەبێت کە دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر بەندکراوەکان".

گوتیشی: "گێچەڵی سێکسی یان دەستدرێژی سێکسی بۆسەر بەندکراوان لە جیھاندا، قبوڵ ناکرێت".

ڕاشیگەیاند: "ئەو دەستدرێژییانە، پێچەوانەی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤن".

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دەستدڕیژی سێکسی بۆسەر بەندکراوەکان لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوانەدا، بکات.

باسی لەوەش کرد کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەدواداچوون بۆ ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەکات کە سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر بەندکراوێکی فەڵەستینی لە گرتووخانەیەکی ئیسرائیل، ئەنجامی دەدات.

دوێنێ چوارشەممە، کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەردەکەوێت بەندکراوێکی فەڵەستینی لە گرتووخانەی "سیدی تیمان" لە بیابانی نەقەب، لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە ئەشکەنجەی سێکسی دەدرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın