لە ناوەندەکانی خوێندنی ھەرێمی کوردستان چوار ڕۆژ پشوو ڕاگەیاندرا
لە ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و ھەروەھا پەیمانگاکانی کەمئەندامان و دایانگە و سەنتەرەکانی ئۆتیزم حکوومی و ناحکوومی لە ھەرێمی کوردستان، چوار ڕۆژ پشوو ڕاگەیاندرا.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سبەی یەکشەممە تا ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، ھەروەھا گشت پەیمانگاکانی کەمئەندامان و دایانگە و سەنتەرەکانی ئۆتیزم حکوومی و ناحکوومی لە ھەرێمی کوردستان، کرایە پشوو.
لەوبارەیەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سەلامەتی مامۆستایان و قوتابییان و خوێندکاران، سبەب یەکشەممە (١ی مانگی ئادار ٢٠٢٦) تا چوارشەممەی داھاتوو (٤ی مانگی ئاداری ٢٠٢٦)، لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حکوومی و ناحکومی و تایبەت و نێودەوڵەتیەکانیش، پشوو دەبێت".
ھاوکات وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەر لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سەلامەتی مامۆستایان و مناڵان لە سبەی یەکشەممەوە تا ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو، لە گشت پەیمانگاکانی کەمئەندامان، دایانگە و سەنتەرەکانی ئۆتیزم حکوومی و نا حکوومی پشوو دەبێت.
