لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە
- لانیکەم ٢٣ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کە لە پێنجشەممەی رابردووەوە دژ بە رژێمی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە، کوژراون و زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش دەستگیرکراون.
Istanbul
ئیستانبوڵ- AA
لانیکەم ٢٣ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کە لە پێنجشەممەی رابردووەوە دژ بە رژێمی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە، کوژراون و زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش دەستگیرکراون.
بە پێی لێدوانی کاربەدەستانی ئێران و ئەو هەواڵانەی لە میدیای ئەو وڵاتەدا بڵاوکراونەتەوە، لە شارۆچکەی دۆرودی سەر بە پارێزگای لورستان چوار کەس و لە شارۆچکەی ئیزەی سەر بە پارێزگای خوزستان دوو کەس و لە شارۆچکەی تویسەرکانی پارێزگای هەمەدان سێ کەس و لە شارۆچکەی شاهینشەهری پارێزگای ئەسفەهان سێ کەس و لە شاری خومەینشەهر سێ کەس و لە شاری نەجەف ئاباد کەسێک و لە شارۆچکەی گاهدەریجان شەش کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە شارۆچکەی کەهریزسەنگی پارێزگای ئەسفەهان کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
بە پێی لێدوانی کاربەدەستانی ئێران، لانیکەم ٥٠٠ کەس دەستگیرکراون، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی دەستگیرکراوان چەندین هێدەی ئەو ژمارەیەیە.
لە لێدوانێکدا جێگری پارێزگاری تاران، عەلی ئەسغەر نەسیربەخت، رایگەیاند ''لە تاران رۆژی شەممە ٢٠٠ کەس، یەکشەممە ١٥٠ کەس، دوێنێ ١٠٠ کەس کە کۆی گشتییان دەکاتە ٤٥٠ کەس دەستگیرکراون''.
خۆپیشاندانەکانی ئێران رۆژی پێنجشەممە ٢٨ی کانوونی یەکەم لە ئەنجامی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە مەشهەد دەرهەق بە گرانیی ژیان و گوزەران لە ئێران، بێکاریی و گەندەڵی دەستی پێکرد. خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە ماوەیەکی کەمدا بۆ خۆپیشاندانی دژ بە رژێم گۆڕان و زۆرێک لە شارەکانی ئێرانیان گرتەوە.
