
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
ئیسماعیل نو‌عمان ته‌لجی- به‌هۆی گۆڕان و وه‌رچه‌رخانه‌كان چ له سیستمی نێوده‌وڵه‌تیی و چ له سیستمی ناوچه‌ییدا له ماوه‌ی رابردوودا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌سه‌ر ئاستی هاوپه‌یمانیی و هاوبه‌شییه‌كانیش پێشهاتی نوێ دێنه ئاراوه. یه‌كێك له گرنگترینی ئه‌م پێشهاتانه، بابه‌تی ئه‌گه‌ری گۆڕانی په‌یوه‌ندیی و كۆبوونه‌وه باڵاكانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان عێراق، میسر و ئوردنه بۆ هاوبه‌شییه‌كی سیاسیی و ئابووریی. میسر كه له سایه‌ی حكوومه‌تی عه‌بدولفه‌تاح سیسی-دا تووشی ئاسته‌نگی ئابووریی بووه‌ته‌وه، ئوردن كه قۆناغی رابردوو هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر رابه‌رایه‌تی سیاسیی هه‌بوو و عێراق كه گیرۆده‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێرانه له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی و به‌دوای ده‌رچه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت له زنجیره ئاریشه مه‌زهه‌بی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له پێناو په‌ره‌دان به هاوبه‌شییه‌كی سێقۆڵی ژماره‌یه‌ك هه‌نگاو ده‌گرنه به‌ر.
- ئابووریی كاری له‌پێشینه‌یه
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له دوایین رۆژه‌كانی مانگی حوزه‌یرانی رابردوودا، لووتكه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان عێراق، میسر و ئوردندا ئه‌نجامدرا. لووتكه‌كه كه لووتكه‌ی چواره‌مه له مانگی ئادار به‌دواوه ئه‌نجامده‌درێت له زۆر رووه‌وه، وه‌ك كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كه بۆ یه‌كه‌م جاره ژماره‌یه‌ك كاری تێدا ئه‌نجامده‌درێت، چووه مێژووه‌وه. سه‌ردانی سه‌ركۆماری میسر، عه‌بدولفه‌تاح سیسی بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی به‌شدارییكردن له لووتكه‌ی سێقۆڵییدا، یه‌كه‌م سه‌ردانی سه‌ركرده‌یه‌كی میسرییه دوای نزیكه‌ی ٣٠ ساڵ بۆ عێراق و نیشانه‌ی هه‌ریه‌ك له به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان له رووی سیاسیی و دیپلۆماتییه‌وه و ئه‌و گرنگییه‌یه كه به‌م دواییانه به‌و هاوپه‌یمانییه ده‌درێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پێشوازییكردن له سیسی و شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی و سه‌ركۆماری عێراق، به‌رهه‌م ساڵح له رووی بایه‌خدانی عێراق به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ میسر و ئوردن گرنگی تایبه‌تیی هه‌یه.
ھەروەکو چۆن پرۆسەکانی گۆڕان-نوێبوونەوە لە پێک‌ھێنانی ھاوپەیمانێتییەکان و ھاوبەشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست روویداوە، سەرلەنوێ جێگیرکردن و دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی نێوان عێراق، میسر و ئوردن لە نزیکەوە پەیوەندی بەم پێشھاتە نێودەوڵەتییانەوە ھەیە. گرنگترینی ئەم پێشھاتانە، رەنگدانەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن بە ئاراستەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێکدەھێنێت. ھەڵبژاردنی رێکاری دیپلۆماسیی لە بری ئابووریی و سەربازیی لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن-ەوە دژبە ئێران، لەگەل خۆیدا سیاسەتی پاڵپشتیی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتە عەرەبییەکانی لەلایەن واشنتۆنەوە ھێنا.
لووتکەی سێقۆڵیی نێوان عێراق، میسر و ئوردن لە زۆر رووەوە بۆ قاھیرە گرنگە. لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بەھۆی بەشداریکردنی ميسر لە ھاوپەیمانێتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەرکردنی عێراق لە کوێت، پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات تووشی قەیرانێکی جیددی بوویەوە. میسر بە پاڵپشتیکردنی ئەمریکای ھاوپەیمانی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق کە گرنگترین کارەکتەرە لە جوگرافیای عەرەبی، خستە مەترسییەوە. بەشێوەیەکە گشتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تا داگیرکردنی عێراق لە ساڵى ٢٠٠٣ بەم ئاراستەيە رۆیی. لە دوای داگیرکردنی عێراق و رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لەلایەن ئەمریکاوە، پەیوەندییە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ھەنگاوبەھەنگاو باشی بەخۆوە بینی و ئەم ھەوڵانە بەمەبەستی پێشخستنی پەیوەندییە ئابوورییەکان خێراتر کرا. لەلایەکی دیکەوە ئوردن، بەشدار بوو لە خێراکردنی پەیوەندییەکانی عێراق-میسر. ھەر سێ وڵات لە ساڵی ١٩٩٠وە و بە تایبەتی لە قۆناغی دوای ساڵی ٢٠٠٣دا، بەبەردەوامی راگۆڕینەوەیان ھەبووە و بوارەکانی ئابووریی و بازرگانیی وەکو پاڵنەرێک دەرکەوتووە لە نزیکبوونەوەی ئەم وڵاتانە. ئەم نزیکبوونەوەی نێوان سێیانەی قاھیرە-بەغدا-عەممان کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە قۆناغ بە قۆناغ ھاتووەتەدی، لەو لووتکەیەی کە مانگی ئابی ٢٠٢٠ لە عەممانی پایتەختی ئوردن ئەنجامدرا، توندوتۆڵکرایەوە.
شای ئوردن، عه‌بدوڵڵای دووه‌م و سه‌ركۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی به‌شدارییان له لووتكه‌ی عه‌مماندا كرد. به‌شداریكردنی ئه‌م سێ وڵاته له‌م سێ ئاسته‌دا له لووتكه‌كه، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه ئیراده‌یه‌كی هاوبه‌ش هه‌یه بۆ زیادكردنی تواناكانی هه‌ماهه‌نگی و تاوتوێكردنی بیروبۆچوونه‌كان له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه بۆ دروستبوونی هاوبه‌شێتییه‌كی نوێ. ئه‌م لووتكه‌یه بووه هۆی تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رسێ وڵات، هه‌روه‌ها زه‌مینه‌سازییه‌ك بوو كه داخۆ قاهیره و به‌غدا ده‌توانن هه‌ژموونێك دروست بكه‌ن له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر فه‌ڵه‌ستین كه یه‌كێكه له پرسه گرنگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له ئابی ٢٠٢٠ هه‌رسێ وڵات راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی لووتكه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه كه تیایدا جه‌خت له‌سه‌ر زیادكردنی هه‌ماهه‌نگی ئه‌و سێ وڵاته كرابووه‌وه هه‌ر له ئاسایشی ئابوورییه‌وه بگره تا ده‌گاته ته‌ندروستی و په‌روه‌رده. جگه له تاوتوێكردنی په‌یوه‌ندییه سیاسیی و دیپلۆماسییه‌كان و داواكاری عه‌ممان-یش هاوشێوه‌ی قاهیره و به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ئیسرائیل واز له لكاندنی خاكی فه‌ڵه‌ستین به ئیسرائیله‌وه بهێنێت و پابه‌ند بێت به ده‌ستپێشخه‌ری ئاشتی عه‌ره‌بی كه له ٢٠٠٢ له لوبنان خرایه روو ئێجگار گرنگ بوو. جگه له كاره‌كانی پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان ئه‌م سێ پایته‌خته به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی سووده ئاسایییه‌كان له‌ژێر چاودێریی گه‌لی عه‌ره‌بدا، هه‌ڵوێستێكی هاوبه‌شی به‌رامبه‌ر پرسی فه‌ڵه‌ستین خسته روو.
- دوای لووتكه‌ی به‌غدا ئه‌گه‌ری هاوبه‌شێتیی سێقۆڵی به‌هێزه
له راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شیی لووتكه‌ی به‌غدا كه له حوزه‌یرانی ٢٠٢١ ئه‌نجام درا ئاماژه به ژماره‌یه‌ك هه‌نگاو كراوه بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان، دابه‌شكردنی دەرامەتەكان و دووهێنده زیادكردنی قه‌باره‌ی بازرگانیی.
ئەگەری ئەوەش هەیە کە زیادبوونی پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی نێوان هەرسێ وڵات لە ماوەی رابردوودا، ببێتە هۆی هاتنەکایەی ئەنجامی ئەرێنی بۆ پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی نێوان بەسرە-عەقەبە. ئەم پڕۆژەیە کە لەنێوان عێراق و ئوردن پلانی بۆ داڕێژراوە و تا ئێستا بەهۆی کێشەی ئەمنییەوە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەلایەن میسر-ەوە وەک سەرچاوەیەکی ئایندەی دابینکردنی نەوت، لێی دەڕواندرێت. حکوومەتی میسر لە کاتی لووتکە سێقۆڵییەکاندا ئاماژەی بۆ فراوانبوونی پڕۆژەکە دەکرد بۆ ئاستێک کە میسر-یش بەشداربێت تیایدا، هەروەها پڕۆژەکە دەبێتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی زیاتری سیاسیی نێوان هەر سێ وڵات و ئامانجیشیەتی خاڵێکی نوێی بازرگانی دروست بکات. لەم ئەگەرەشدا میسر بۆ زیادکردنی هەژموونی سیاسیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەنگاوێکی گرنگ دەنێت.
ئەگەر لەڕووی مێژوویشەوە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە بکرێت، ئەوا پێویستە ئەوە لەبیرنەکرێت کە ئەم دیالۆگەی نێوان هەرسێ وڵات، پاشخانێکی هەیە. چونکە میسر، ئورد و عێراق لە ساڵی ١٩٨٩دا، لەژێر ناوی ئەنجوومەنی هاریکاریی عەرەبی، رێکخراوێکی تایبەت بە هەماهەنگی ئابوورییان دروست کردبوو. هەرچەندە ئەم رێکخراوە بەهۆی شەڕی کەنداو و چەندین هۆکاری دیکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر نەمایەوە، بەڵام لەنێوان قاهیرە، عەممان و بەغدا هێڵێکی پەیوەندی مێژوویی دروست کرد، هەروەها ئەو هاوپەیمانییە بازرگانییەی عێراق لەگەڵ میسر و ئوردن دروستی کرد یەکێک بوو لە هاندەرە سەرەکییەکانی بەردەوام بوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرسێ وڵات.
لەلایەکی دیکەشەوە و لە پاڵ پەیوەندییە بازرگانییەکاندا، بەتایبەت لە دوای ساڵانی ١٩٨٠ پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی نێوان عێراق، میسر و ئوردن بەرەوپێشچوونی بەخۆوەبینی و ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر دروستبوونی هاوپەیمانی سیاسیی لەنێوان هەرسێ وڵات. هەربۆیە ئەم لێکنزیکبوونەوەیەی لە ماوەی رابردوودا، لەنێوان عێراق، میسر و ئوردن-دا بیندرا لە راستیدا پاشخانێکی مێژوویی هەیە و پێویستە لەم روانگەیەشەوە بەرەوپێشچوونەکانی ماوەی رابردووی ناوچەکە، خوێندنەوەیان بۆ بکرێت.
لە کاتێکدا هەرسێ سەرکردەکە بڕیاریان دا لەبارەی بەهێزکردنی رێکخستنی نێوان میکانیزمەکانی ئاسایش و هەواڵگریی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هێرشە ئەلیکترۆنیەکاندا، ئاماژەیان بەوەیش کرد کە جووڵەی هاوبەش دەکەن لە بابەتەکانی بەرگرتن لە بواری چالاکی هێزەکانی دوژمن و ئەو توانایانەی پلاتفۆڕمە میدیایەکانیان دروستی دەکەن. سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی بەدەر لە لووتکەی سێقۆڵی بەجیا لەگەڵ شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی-دا کۆبووەوە. بەپێی لێدوانەکانی گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری میسر لە دیداری تایبەتی سیسی و عەبدوڵڵای دووەمدا، تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکان کراوە. لەو کۆبوونەوەیەشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامیداوە لە پاڵ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیی و ئابوورییەکاندا، بیروڕایان ئاڵوگۆڕکردووە سەبارەت بە بابەتە هەرێمیە جۆراوجۆرەکان. قاهیرە کە دەخوازێت کرانەوەی نوێ لە سیاسەتی دەرەکییدا بەجێ بگەیەنێت، لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان بەتایبەتی تورکیا هەوڵی هاوبەشی و هاریکارییداوە لە بواری جیاوازدا.
ئەو سەردانەی سەرکۆماری میسر کە دوای ٣٠ ساڵ ئەنجامدراوە لە رووی سیاسییەوە هەڵگری زۆر پەیامە. لە کاتێکدا لەو کۆبوونەوە ئابووریی و سیاسیانەی لە ئاداری ٢٠١٩ەوە ناو بە ناو ئەنجام دەدرێن خاڵی هاوبەش لەنێوان هەرسێ وڵات‌دا فەراهەم دەبێت، هاتنەئارای سیاسەتی دەرەکی لەسەر بنەمای شێوازی دەستکەوت بە دەستکەوت کارێکی حەتمییە. زیادکردنی عێراق بۆ ئەو پەیوەندییە بەهێزەی ئێستا لەنێوان میسر و ئوردندا هەیە، دەکرێت بەوە لێکبدرێتەوە کە قاهیرە سەرلەنوێ رۆڵی کاراکتەری هەرێمیی بگرێتەوە دەست، بەڵام هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەمی ئاسان نابێت بۆ ئەوەی ببێتە کارەکتەرێکی یەکلاکەرەوە.
پ. د. ئیسماعیل نو‌عمان تەلجی- پسپۆڕ لە بواری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شۆڕشە عەرەبییەکان، کۆلێجی زانستە مرۆییەکان / زانکۆی ساکاریا.