سوپای سووریا ئەندامانی یەپەگە/سەدەگە لە گرتوخانەی ئەقتان و دەوروبەری لە ڕەققە بۆ عەین ئەلعەرەب دەگوازێتەوە
Raqqa
ڕەققە - AA
سوپای سووریا بڵاوی کردەوە، دەستی کردووە بە گواستنەوەی ئەندامانی سووری و بیانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە/سەدەگە لە گرتوخانەی ئەقتان و دەوروبەری لە پارێزگای ڕەققە بۆ عەین ئەلعەرەب (کۆبانی) لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا، بە تەلەڤیزیۆنی فەڕمی وڵاتەکە ئیخبارییەی ڕایگەیاند، یەکەکانی سوپا دەستیان کردووە بە گواستنەوەی ئەو ئەندامانەی یەپەگە/سەدەگە کە لە گرتوخانەی ئەقتان و دەوروبەریدان بۆ عەین ئەلعەرەب.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا نراوە کە بە نێوەندگیریی نێودەوڵەتی هاتوەتە ئاراوە و ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایش و کەمکردنەوەی گرژییەکانە، هەروەها ڕێککەوتنەکە ئامانجی ئەوەیە دەوڵەت سەرلەنوێ سەروەریی خۆی لە سەرانسەری وڵاتدا و بەتایبەتی لە ڕەققە بچەسپێنێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ئەندامانی یەپەگە/سەدەگە کە لە هاووڵاتیانی سووری و بیانی پێکدێن، لە گرتوخانەی ئەقتان و هەموو پاشکۆکانی دەگواسترێنەوە، ئەو ئەندامانەش تەنیا بە چەکی سووکی تاکەکەسی و لەژێر چاودێریی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەرەو عەین ئەلعەرەب دەگواسترێنەوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە تەواوی گرتوخانەی ئەقتان، بەو بەشەشی بەندکراوانی ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی تێدایە، لەلایەن یەکەکانی سوپای سووریا و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانەوە وەردەگیرێت و بەپێی یاساکانی سووریا مامەڵە لەگەڵ بەندکراوەکانیدا دەکرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پرۆسەی گواستنەوە و کشانەوەکە نزیکەی ٨٠٠ ئەندامی یەپەگە/سەدەگە دەگرێتەوە و، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێگریی کردن لە گرژیی سەربازی لە ناوچەکە، ڕادەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتە کارگێڕی و ئەمنییەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕەققە نراوە.
هاوکات لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە وەزارەتی بەرگریی پشتڕاستی کردووەتەوە ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی دیدگای دەوڵەت بۆ دووبارە خستنەگەڕی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە هەموو ناوچەکان، دەستەبەرکردنی سەروەریی یاسا و پاراستنی ئارامیی کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
