
Berlin
بەرلین - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز رایگەیاند کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا هەڕەشەی لە خۆی و ئەڵمانیا نەکردووە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی بیڵد ئام سۆنتاگ، شۆڵتز رایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانان تانکیان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە تاوەکوو بەرگری لە خۆی بکات.
شۆڵتز جەختی لەوە کردەوە کە بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو چەکانە دەکەن کە بە هەماهەنگییەکی پتەو لەگەڵ هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریکا، بۆ ئۆکراینایان دابین کردووە و گوتی: "بەیەکەوە هەنگاونان، رێگری لە پەرەسەندنی جەنگەکە دەکات".
ناوبراو هاوکات لە وەڵامی پرسیاری "پوتین بانگەشەی ئەوە دەکات کە تانکەکانی ئەڵمانیا جارێکی دیکە هەڕەشە لە رووسیا دەکەن. ئایا پێدانی تانکی لیۆپارد ٢ (بە ئۆکراینا) مەترسی لەسەر ئەڵمانیا زیاد دەکات؟"، گوتی: "ئەم قسانەی ئەو (پوتین) یەکێکە لەو پاساوانەی نیشانی دەدات کە بە هێرشەکردنە سەر ئۆکراینا، کارێکی راستی کردووە".
شۆڵتز جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جەنگە هیچ پاساوێکی نییە و گوتی: "رووسیا بێبەزەییانە دژی ئۆکراینا دەجەنگێت".
لە وەڵامی پرسیاری "هاوشێوەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن، ئایا پوتین لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی لە ئێوەش کردووە؟" ناوبراو گوتی: "نەخێر، پوتین هەڕەشەی نە لە من کرد نە لە ئەڵمانیا. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانماندا بیروڕا زۆر جیاوازەکانمان سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا زۆر بە روونی دەردەکەون. من بۆ پوتین روون دەکەمەوە کە رووسیا تاکە بەرپرسیارە لە جەنگەکە".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رێککەوتن کراوە سەبارەت بەوەی ئەو چەکانەی رۆژئاوا دابینی دەکەن تەنها لەسەر خاکی ئۆکراینا بەکاربهێندرێن و رووسیا لەسەر خاکی خۆی هێرشی نەکرێتە سەر؟، ئۆلاف شۆلتز گوتی: "رێککەوتن لەو بارەیەوە کراوە".
شۆلتز سەبارەت بەوەی کە ئایا ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەبێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا یان نا؟، گوتی: "هەر وڵاتێکی پاڵێوراو دەبێت پێوەرە پێویستەکان بۆ بوون بە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا جێبەجێ بکات. لێرەدا بابەتەکانی وەک سەروەری یاسا، دیموکراسی، رێزگرتن، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و مافەکانی مرۆڤ هەن".
بە ئاماژەدان بە کەموکوڕییەکانی هێزی کار لە ئەڵمانیا شۆڵتز رایگەیاند کە تا ساڵی ٢٠٣٠ لە بازاڕی کاری ئەڵمانیادا پێویستیان بە شەش ملیۆن هێزی کاری زیادە دەبێت و جەختی لەوە کردەوە کە رێوشوێنی پێویست لەو بارەیەوە دەگیرێتەبەر.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ئەم مەبەستە ئەمساڵ یاسایەکی نوێ سەبارەت بە کۆچبەران دەردەکەن.