"دروستکردنی یەکەی نوێی جوولەکەنیشن لە کەناری ڕۆژئاوا لەناوبردنی جوگرافیای فەڵەستینییە"
Ramallah
ڕامەڵڵا ــ AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی دیواری جیاکاریی ڕەگەزپەرستانە و یەکەکانی جوولەکەنشین لە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین، موئەید شەعبان ڕایگەیاند کە دروستکردنی یەکەی نوێی جوولەکەنشین لە کەناری ڕۆژئاوا، شەڕێکی کۆمەڵکوژییە بۆ لەناوبردنی جوگرافیای فەڵەستین و داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی ئەو فڕاوانخوازییە "مەترسیدارە"ی ئیسرائیل لە فەڵەستین.
ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل، بە یاساییکردنی دروستکردنی ١٩ یەکەی دیکەی جوولەکەنشینی لە کەناری ڕۆژئاوا، پەسەند کرد.
موئەید شەعبان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوەکە پەسەندکردنی دروستکردنی ١٩ یەکەی دیکەی جوولەکەنشین لە کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن حكوومەتی ئیسرائیلەوە، ھەنگاوێکی دیکەی شەڕی کۆمەڵکوژییە بۆ لەناوبردنی جوگرافیای فەڵەستین.
ڕاشیگەیاندووە: "بڕیارەکە پێشھاتێكی مەترسیدارە، ھەروەھا نیازی ڕاستەقینەی حکوومەتی داگیرکار ئاشکرا دەکات بۆ چەسپاندنی سیستەمی لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل و بەجولەکەکردنی خاکی فەلەستین".
باسی لەوەش کردووە کە بڕیارەکە پێشیڵکارییەکی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشە و داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی ئەو فڕاوانخوازییە "مەترسیدارە"ی ئیسرائیل لە فەڵەستین.
