خوشک و برایەک لە غەززە کە قاچیان لەدەستداوە: "یەك كورسی كەمئەندامیمان هەیە و بە نۆرە بەكاریدەهێنین"
- حەسەن و ڕیما کە خوشک و بران و خەڵکی غەززەن: "سوپای ئیسرائیل خانووکەمانی بۆردومان کرد و، بەھۆیەوە ھەردووکمان قاچەکانمان لەدەستدا، ئێستا خەون بەوەوە دەبینین بۆ چارەسەر بچینە دەرەوەی غەززە".

Gazze
غەززە ــ AA
لەناو خێمەیەکی وێرانە لە گۆڕەپانی یاریگای یەرمووک لە ناوەڕاستی شاری غەززە، خوشک و برایەک بە ناوەکانی ڕیما و حەسەن بە نۆرە کورسییەکی کەمئەندامی بەکاردەھێنن، ئەوەش دوای ئەوەی لە ھێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کە خانووکەیان بۆردومان کرا، قاچاکانیان لەدەستدا.
لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، سوپای ئیسرائیل خانووی خێزانی ڕیما و حەسەنی لە گەڕەکی تەل زەعتەر لە کەمپی جەبالیا باکووری کەرتی غەززە بۆردومان کرد، ئەوەش لە کاتێکدا بوو ئەو خێزانە ئامادەکاریی دەکرد بۆ جێهێشتنی ماڵ و ئاوارە بوون.
لە ئاکامی بۆردومانەکەدا ١٦ کەس لە کەسوکاری ئەو خێزانە گیانیان لەدەستدا، ھەروەھا ڕێما و حەسەن بەسەختی برینداربوون کە بەھۆیەوە قاچاکانیان بڕانەوە.
لەو کاتەوە تا ئێستا، ڕیما و حەسەن یەک کورسی کەمئەندامیان ھەیە کە بە نۆرە بۆ ھاتوچۆ بەکاردەھێنن.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، حەسەن رایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل خانووکەمانی بۆردومان کرد کە لە ئاکامدا ژمارەیەک لە کەسوکارمان گیانیان لەدەستدا و برینداربوون".
حەسەن ئاماژەی بەوەشدا کە لە سەرەتای برینداربوونی خۆی و خوشکەکەی بەھۆی خراپبوونی کەرتی تەندروستی لە غەززە و کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، وەک پێویست چارەسەریان بۆ نەکراوە.
گوتیشی: "داوا دەکەم خۆم و خوشکەکەم ببرێینە دەرەوەی کەرتی غەززە، بۆ ئەوەی قاچی دەستکردمان بۆ دروست بکرێت کە ئەوەش یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانمان وەک مرۆڤ. ئێستا دۆخی تەندروستییمان زۆر خراپە، چونکە نە نەخۆشخانە ھەیە و نە تیمی پزشکیی، ھەروەھا خۆراک و دەرمان لە کەرتی غەززە دەست ناکەون".
ڕیما بەھەمان شێوەی براکەی خەون بەوە دەبینێت کە بۆ چارەسەر ببرێنە دەرەوەی کەرتی غەززە.
ھەر لەوبارەیەوە باوکی ڕیما و حەسەن بە ناوی محەمەد (٥٠ ساڵ) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و، ڕایگەیاند: "کاتێک سوپای ئیسرائیل خانووکەمانی بۆردومان کرد، خۆم و منداڵەکانم لەناو خانووکەدا بووین و، دواتر لەنێو دووکەڵ و داروپەردوودا بەدوایاندا گەڕام، بەڵام نەمدۆزیەوە و بینیم منداڵی خزمەکانم لەسەر شەقامەکان پەرتەوازە بوون و ئەوەی لە تواناماندا بوو گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانە و ١٠ کەس لە کەسوکارمان لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە".
گوتیشی: "دواتر ڕێما و حەسەنم لەژێر داروپەردوودی خانووکەماندا دۆزییەوە کە بینیم سەقفی خانووکە بەسەریاندا ڕووخاوە کە بەھۆیەوە قاچەکانیان لەدەستدا".
محەمەد داوای کرد جینۆسایدی غەززە ڕابگیرێت و، منداڵەکانی ببرێنە دەرەوەی کەرتی غەززە بۆ ئەوەی بتواندرێت قاچی دەستکردیان بۆ دروست بکرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن