بەھۆی دەستڕێژی گوللەی سەربازانی ئیسرائیلەوە منداڵێکی فەڵەستینی لە ناوەندی دابەشکردنی ھاوکاری مرۆیی چاوەکانی لەدەستدا
ــ تەھا موقەدەمە: "ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە بوونەتە گۆڕەپانی جەنگ، من ناچاربووم بچم خواردن بۆ خوشک و برام بھێنم".

Istanbul
غەززە ــ AA
منداڵێکی فەڵەستینی بە ناوی تەھا موقەدەمە تەمەن ١٥ ساڵ، بەھۆی تەقەی سوپای ئیسرائیلەوە بینایی چاوەکانی لەدەست دا، کاتێک دەچوو بۆ وەرگرتنی یارمەتی لە ناوەندێکی دابەشکردنی مرۆیی لە غەززە، بەوەش منداڵەکە خەونی پەرەپێدانی بەھرەی وێنەکێشان و بوون بە ئەندازیار لە ئایندەدا لەدەستدا.
تەھا موقەدەمە لە کاتی چوونی بۆ وەرگرتنی یارمەتی لە یەکێک لە ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە، لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە تەقەی لێکراو بریندار دەبێت.
تەھا موقەدەمە دوای ئەوەی لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە تەقەی لێکرا، بۆ چارەسەرکردن گواسترایەوە نەخۆشخانەی عەودە و دواتر لەو نەخۆشخانەیەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی شەھیدانی ئەقسا ناوەڕاستی کەرتی غەززە و پاشان لەوێ پزیشکەکان بۆیان دەردەکەوێت کە تەھا بینایی چاوەکانی لەدەستداوە.
ــ گولـلەیەک خەونی تەھا موقەدەمەی لەناو برد
تەھا موقەدەمە لەگەڵ کەسوکاری لە شاری غەززە ئاوارەی کەمپی بورێج ناوەڕاستی کەرتی غەززە بوون ئەوەش دوای ئەوەی خانووکەیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.
تەھا موقەدەمە خەونی ئەوە بوو پەرە بە بەھرەی وێنەکێشان بدات و لە ئایندەدا ببێت بە ئەندازیار.
تەھا موقەدەمە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە خوشک و برایەکی خاوەن پێدوایستی تایبەتی ھەیە، ھەروەھا باوکی و یەکێک لە براکانی بەھۆی تەقەی سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون و راشیگەیاند کە لەکاتی چوونی بۆ وەرگرتنی یارمەتی لە ناوەندێکی دابەشکردنی مرۆیی لە غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە تەقەی لێکراوە و بەھۆیەوە برینداربوو.
تەھا موقەدەمە لە میانی ئەم مانگەدا بەھۆی تەقەی سوپای ئیسرائیلەوە لە ناوەندێکی دابەشکردنی مرۆیی لە غەززە برینداربوو، گوتی: "سەرەتا پێنج تانک تەقەیان لێکردین پاشان پاشەکشەیان کرد و ڕێگەیان پێداین لە دەروازەکانەوە بچینە ژوورەوە بۆ وەرگرتنی یارمەتی، بەڵام خیانەتیان لێکردین و دووبارە تەقەیان لێکردین کە لە ئەنجامدا چاوەکانم لەدەستدا".
باسی لەوەش کرد دوای برینداربوونی نزیکەی سێ کاتژمێر بە برینداری لەسەر زەوی ماوەتەوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی عەودە و پاشان بۆ نەخۆشخانەی شەھیدانی ئەقسا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە بۆ پشکنینی باری تەندروستی و دەرکەوت کە بینایی چاوی لەدەستداوە.
کوتیشی: "ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە بوونەتە گۆڕەپانی جەنگ، من ئەو ڕۆژەی کە بریندارکرام ناچاربووم بچم خواردن بۆ خوشک و برام بھێنم".
ــ ئازاری تێکەڵ و لەدەستدانی بەردەوام
تەھا موقەدەمە ڕاشیگەیاند کە لەدەستدانی بینایی چاوی لە ئایندەی بێ بەشی کرد کە خەونی ئەو بوو پەرە بە بەھرەی وێنەکشان بدات و دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی، ببێت بە ئەندازیار.
گوتیشی: "ئومێد دەخوازم گەشتی دەرەوەی کەرتی غەززە بکەم، بۆ ئەوەی بتوانم چاوەکانم چاک بکەنەوە".
داواشی کرد کە ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە، لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەببرێن.
ــ دایکی تەھا لەنێوان لەدەستدان و بێ ھیوایی ماوەتەوە
دایکی تەھا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو دوا و گوتی: "تەھا چوو ئارد و یارمەتی خۆراکمان بۆ بھێنێت، کەچی تەقەیان لێ کراوە و بەھۆیەوە چاوی لەدەستدا".
گوتیشی: "ئێستا ژیان بۆ تەھا زۆر قورس بووە بە تایبەتیش کە بەھرەی وێنەکێشان ھەبوو، ھەروەھا خەونی ئەو بوو کە لە ئایندەدا ببێت بە ئەندازیار".
ڕاشیگەیاند: "ھیوادارم بە بەزەیی سەیری تەھا بکەن و بنێردرێتە لای پزیشکێک لە دەرەوەی غەززە بۆ ئەوەی چاوی چاک ببێتەوە".