بەکارخستنی سندوقی گەشەپێدانی سووریا لە دیمەشق ئەنجامدرا

Damascus
دیمەشق - AA
بە بەشداری سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع و بازرگانان، لە دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکە، بەکارخستنی سندوقی گەشەپێدانی سووریا ئەنجامدرا، کە ئامانج لێی بەشداری کردنە لە پرۆسەی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
ڕێوڕەسمەکە کە لە حەوشەی قەڵای دیمەشق ئەنجامدرا، بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستیپێکرد.
بەڕێوەبەری سندوقەکە، سەفوەت ڕەسلان لە گوتارێکیدا لە ڕێوڕەسمەکە پێشکەشی کرد باسی لەوە کرد کە بە کردنەوەی سندوقەکە، قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سووریا دەستپێدەکات.
ڕەسلان ئاماژەی بەوە کرد ئەم سندوقە خاوەنی دیدێکی گشتگیرە کە ئامانجی ئەوەیە ھەوڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کەرتی تایبەت لەگەڵ سورییەکانی ناوخۆ و دەرەوە کۆبکاتەوە و، ڕایگەیاند: "سندوقەکە بە شەفافییەتێکی بەرزەوە بەڕێوەدەبرێت. لە ھەموو پارێزگا و شار و دێھاتێکدا خزمەتگوزاری و پڕۆژەی ئابووریی کە کوالێتی ژیانی خەڵکەکەمان بەرز دەکەنەوە، دەخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە. ھەروەھا دروستکردنی دەرفەتی کاری ڕاستەوخۆ دەبێتە یەکێک لە پێشینەی کارە سەرەکییەکانمان".
لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرکۆماری سووریا شەرع گوتارێکی پێشکەش کرد و، تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە سوورییەکان ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی نوێی پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و زیندووکردنەوەی وڵاتدان و، ڕایگەیاند: "ئیدی ئێمە دەچینە ناو پرۆسەیەکەوە کە مێژووی خۆمان بە دەستی خۆمان و بە پارە و ماندووبوونمان دەنووسینەوە".
شەرع باسی لەوە کرد کە ڕژێمی ڕووخاو ئابووریی سووریای لەناوبردووە، سامانی وڵاتەکەی تاڵان کردووە، خانووەکانی ڕووخاندووە و خەڵکەکەی بەرەو کەمپ و ڕێگاکانی کۆچ ڕاوناوە و، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی برینەکانی سووریا ساڕێژ بکەین، کە لە گیانی خۆمان زیاتر خۆشمان دەوێت. وڵاتەکەمان بە ھەوڵی ڕۆڵەکانمان سەرلەنوێ بنیات بنێینەوە و ئەو کەسانەی کۆچیان کردووە و ئاوارەبوون، بگەڕێنینەوە بۆ زێدی خۆیان".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن