جيهان

بانگەوازی سەرکۆماری سووریا شەرع بۆ یەکێتیی و یەکگرتن دژبە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پارچە پارچەکردنی سووریا

سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع: "دەبێت لە دەوری دەوڵەتەکەمان کۆببینەوە، پابەند بین بە بنەما و بەهاکانمان، بەرژەوەندییە کەسی و تەسکەکانمان وەلاوە بنێین و بەرژەوەندی نیشتمان بکەینە کاری لە پێشینە".

Muhammed Karabacak  | 17.07.2025 - نوێکردنەوە : 17.07.2025
بانگەوازی سەرکۆماری سووریا شەرع بۆ یەکێتیی و یەکگرتن دژبە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پارچە پارچەکردنی سووریا

Damascus

دیمەشق - AA

سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد ئیرادەی ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ بەش کردنی سووریا ببنەوە، ئەوەیشی خستەڕوو کە کۆمەڵگای دروزی لەژێر چاودێری دەوڵەتدایە و، هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانیان بۆ لای هێزە دەرەکییەکان ڕەت دەکەنەوە.

سەبارەت بە ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا و، دەستوەردانی سەربازی ئیسرائیل، سەرکۆماری سووریا شەرع، لە تەلەڤيزیۆنی فەڕمی وڵاتەکەیدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

شەرع باسی لەوە کرد ئیسرائیل هاوشێوەی ڕابردوو ئەمڕۆش بە کردنە ئامانجی سەقامگیریی وڵات، هەوڵ دەدات دووبەرەکی و ئاژاوە لە نێوان خەڵکیدا بڵاوبکاتەوە و، سووریا ڕاپێچی پشێوی بکات.

هەروەها شەرع ئاماژەی بەوە کرد دژبە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دابەشکاری، بەرگریی لە شکۆی خەڵک و یەکگرتوویی وڵات دەکەن و، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لەم کێشە نوێیەی ڕووبەڕووی بووینەتەوە، خەبات دەکەین بۆ پاراستنی یەکگرتوویی وڵاتەکەمان و شکۆ و خۆڕاگریی گەلەکەمان. بە دڵنیاییەوە هەبوونی هێزێکی گەورە سەرکەوتن بەدیناهێنێت. سەرکەوتن لە بەرەیەکدا سەرکەوتن لە بەرەیەکی دیکەدا مسۆگەر ناکات. ڕەنگە دەستپێکردنی جەنگ ئاسان بێت، بەڵام کۆنترۆڵ کردنی دەرەنجامەکانی ئەستەمە. ئەو ئیرادە و خۆڕاگرییەمان هەیە بۆ تێپەڕاندنی هەر هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ دابەشکردنمان".

ئەحمەد شەرع باسی لەوەیش کرد کە سووریا نابێتە گۆڕەپان بۆ جەنگەکانی ئیسرائیل و، شوێنێک بۆ ئەنجامدانی تاقیکاری کە ببێتە زەمینە بۆ پیلانگێڕییەکانی هێزە دەرەکییەکان و، ڕایگەیاند: "ڕێگە نادەین ئەم وڵاتە بکەنە گۆڕەپانی جەنگی خۆیان. ئەم جەنگە هیچ ئامانجێکی نییە، تەنیا ئامانجی دابەش کردنی وڵاتەکەمان و نانەوەی پشێوی و وێرانکاریە لە ناو خەڵکەکەماندا".

گوتیشی: "دەبێت لە دەوری دەوڵەتەکەمان کۆببینەوە، پابەند بین بە بنەما و بەهاکانمان، بەرژەوەندییە کەسی و تەسکەکانمان وەلاوە بنێین و بەرژەوەندی نیشتمان بکەینە کاری لە پێشینە".

شەرع ئەوەیشی خستەڕوو کە ئیسرائیل بە ئامانجی لەباربردنی هەوڵەکانی سەقامگیریی هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و گشتییەکان دەستپێکرد، بەڵام لە سایەی دەستوەردانی کاریگەری ئەمریکی، عەرەبی و تورکی، ڕێگری لە هەڵکشانی گرژییەکان کرا.

سەرکۆماری سووریا شەرع، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دروزەکان لەژێر چاودێری دەوڵەتدان و، هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانیان بۆ لایەنە دەرەکییەکان ڕەت دەکەنەوە و، ڕایگەیاند: "ئێوە (دروزەکان) بەشێکی دانەبڕاوی ئەم وڵاتەن. هەرگیز سووریا نابێتە شوێنی دابەشبوون، پارچە پارچە بوون یان ئاژاوەی ناوخۆیی. پاراستنی مافەکانتان و ئازادییەکانتان کاری لە پێشینەی ئێمەیە".

شەرع باسی لەوەیش کرد کە هەندێک لە سەرکردەی گرووپە نایاساییەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕازی نەبوون بە گفتوگۆ و، بەرژەوەندییە شەخسییەکانی خۆیان خستە پێش بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و، لە ڕۆژانی ڕابردوودا تاوانیان دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە، گوتیشی: "وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ هەوڵێکی زۆریان دا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سوەیدا، بەم هۆیەوە گرووپە نایاساییەکان تێکشکێندران و سەرلەنوێ سەقامگیریی دەستەبەر کرایەوە".

ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەرکەس زیان بە برا دروزەکان بگەیەنێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و، مافەکانی ئەم کۆمەڵگایە کە لەژێر چاودێری دەوڵەتدایە دەپارێزرێت و، گشت ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە یەکگرتوویی وڵات و ئاسایشی گەل دەکەن، لە ناودەبرێن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın