توركيا

سەرکۆمار ئەردۆغان: "سەردەمی تیرۆر لە ناوچەکەمان کۆتایی پێهات"

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "لەو باوەڕەداین کە سووریایەکی یەکسان، یەکگرتوو و یەکپارچە بۆ خوشگوزەرانی هەموو ناوچەکە پێویستە. لەبیری نەکەن، سووریا هی هەموو سووریاییەکانە".

Özcan Yıldırım  | 19.01.2026 - نوێکردنەوە : 19.01.2026
سەرکۆمار ئەردۆغان: "سەردەمی تیرۆر لە ناوچەکەمان کۆتایی پێهات"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی سووریا، ڕایگەیاند، "سووریا بە بێ جیاوازی، هی هەموو عەرەب، تورکمان، کورد، نوسەیری، سوننە و دوورزییەکانە. سووریا پێوەستە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە" و جەختی لەوەش کردەوە کە "سەردەمی تیرۆر لە ناوچەکە کۆتایی پێهات".

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.

لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە پرسە ناوخۆییەکانی تورکیا کرد و لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "ناوچەگەرایی بە واتای دابەشکردنی خەڵک لەسەر بنەمای ڕوانگەی سیاسی و دەنگەکانیان، هیچ کاتێک لە بەرنامەی ئێمەدا نەبووە. لە ڕوانگەی ئێمەدا، هەموو خۆشک و برایانمان لە هەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیادا شایەنی یەک جۆرە خزمەت و ڕێزلێگرتنن".

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەشی لە دۆخی بێ ئاوی ئەنقەرە و سیاسەتی بەڕێوەبەردنی شارەکە گرت و گوتی: "ناتوانین واز لە پایتەختی وڵاتەکەمان و دانیشتووانی بهێنین لەگەڵ ئەو عەقڵییەتەی کە بۆ چەند هەفتەیەک خەڵکیان لە بێ ئاوی و نۆرەی وەرگرتنی ئاودا هێشتووەتەوە".

بەشێکی دیکەی قسەکانی سەرکۆمار ئەردۆغان باسکردن بوو لە پەرەسەندنەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا و لەم بارەیەوە ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کابینەکەیاندا باسیان لە گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی پێویست کردووە بۆ تێپەڕاندنی تورکیا لە گەردەلوولی ڕووداوەکاندا.

هەر لەم بارەیەوە سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "لە سیاسەتی دەرەوەماندا لەسەر بنەمای ئاشتی و سەقامگیری، بەرامبەر هەر هەوڵێک کە دەیەوێ ناوچەکەمان ناسەقامگیر بکات، دەوەستینەوە".

بەشێکی دیکەی گوتەکانی سەرکۆمار ئەردۆغان باسکردن بوو لە دۆخی سووریا و گوتی: "وەک وڵاتێک کە لە ڕۆژانی تاریکدا لە پاڵ گەلی دۆست و برای دراوسێمان سووریا وەستاین و ڕێگە نادەین هیچ هەوڵێک بۆ بەلارێدابردنی قۆناغەکە سەربگرێت. لەو باوەڕەداین کە سووریایەکی یەکسان، یەکگرتوو و یەکپارچە بۆ خوشگوزەرانی هەموو ناوچەکە پێویستە. لەبیری نەکەن، سووریا هی هەموو سووریاییەکانە. سوپای سووریا لە ژێر فەرماندەییەکی کارادا، ئەزموونێکی سەرکەوتووی تاقی کردەوە و خۆی لەو دۆخانە پاراست کە لە کاتێکدا حەقدار بوو، بە ناحەق لەقەڵەم بدرێت".

سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "سووریا بە بێ جیاوازی، هی هەموو عەرەب، تورکمان، کورد، نوسەیری، سوننە و دوورزییەکانە. سووریا پێوەستە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. بە بەڕێز (سەرکۆماری سووریا ئەحمەد) شەرع'م ڕاگەیاند کە تورکیا بەردەوام لە پاڵیدا دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. گەلی سووریا بە تەنیا جێ ناهێڵین. جگە لە ژمارەیەکی کەم لە داردەستانی دەرەوە، کە دەیانەویست لە دڵی دەوڵەتدا دەوڵەت درووست بکەن، دەردەکەوێت گەلی سووریا لە ڕێککەوتننامەکەی دوێنێ دڵخۆش بن".

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "سەردەمی تیرۆر لە ناوچەکەمان کۆتایی پێهات. پێویستە ڕێککەوتننامەی ئاگربەست و تێکەڵبوون (بە هێزەکانی سووریا) بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و هیچ کەس حیساباتی هەڵە نەکات. خاکی پڕ بەرەکەتی سووریا بە ڕادەی پێویستە ئازار، خوێن و فرمێسکی بینی، لەمەولاش لەداو خستن و بەربەست دروستکردن، هیچ سوودی بۆ کەس نابێت. بە بێ باسکردن لە نەتەوە، ئایین و مەزهەب، دەمانەوێ خوێنڕشتن لە ناوچەکە کۆتایی پێ بێت و ئیتر دەمانەوێ کۆتایی بێت بە مردن و کۆمەڵکووژی".

لە کۆتاییدا سەرکۆماری ئەردۆغان گوتی: "لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لێکمان جیابکەنەوە و دابەشمان بکەن و بە گژ یەکمان دادەن، ئێمە بە یەکگرتوویی بەرەو داهاتوویەکی گەش هەنگاو دەنێین. بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕەنجەکانی سەدەی پێشوو، ناکەوینە ئەو داوانەی کە بۆمان دانراوەتەوە و ڕێگە بە هیچ هاندانێک نادەین. پەنا بە خوا، سەرەتا وڵاتەکەمان و دواتر ناوچەکەمان بۆ هەتا هەتایە لە چنگی خوێناوی تیرۆر ڕزگار دەکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın