سەرکۆمار ئەردۆغان: "تورکیای بێ تیرۆر پڕۆژەی گەلی تورکیایە و دەمانگەیەنێتە دیموکراسی و ئابوورییەکی بەهێز"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر تەنیا پرۆژەی ھاوپەیمانی جمهوور نییە، بەڵکو پرۆژەی حکوومەت و دەوڵەتەکەمان و لە ھەمووشیان گرنگتر پرۆژەی گەلەکەمانە".

Ankara
ئەنقەرە – AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ تورکیای بێ تیرۆر وڵاتەکە دەگەیەنێتە دیموکراسی و ئابوورییەکی بەهێز و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوە تەنیا پڕۆژەی هاوپەیمانی جمهوور و یان حکوومەت نییە بەڵکو پڕۆژەی گەلی تورکیایە.
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا، سەرکۆماری تورکیا باسی لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا کرد و وێرای ئاواتە خواستن بۆ کۆتایی پێهێنانی جەنگەکە، گوتی، "وەک چۆن مێزی دانوستان لە تورکیا دامەزرا، بەهەمان شێوە لە کاتێکی دوور نا، مێزی ئاشتیش لە تورکیا دادەمەزرێت، ئەو جەنگە خوێناوییە کۆتایی پێ دێت".
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکان بۆ تورکیای بێ تیرۆری کرد و لەم بارەیەوە گوتی: "کەس نیگەران نەبێت. پەنا بە خوا ئەو ڕێگەیەی گرتوومانەتە بەر، ئێمە دەگەیەنێتە تورکیایەکی بەهێز لە بواری دیموکراسی و ئابووریدا".
گوتیشی: "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر تەنیا پرۆژەی ھاوپەیمانی جمهوور نییە، بەڵکو پرۆژەی حکوومەت و دەوڵەتەکەمان و لە ھەمووشیان گرنگتر پرۆژەی گەلەکەمانە''.
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لەم بارەیەوە هەروەها گوتی: "سەرۆکی گشتیی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەوەی لەبەردەم کامێراکان گلەیی دەکات، لەپشت دەرگای داخراوەکاندا پارێزگاری لە وڵاتەکەی کردووە، ھەنگاوێکی بەنرخە. لە کاتێکدا هەوڵی ئاشتی لە ناوچەکە دەدەین، لە ناوخۆشماندا گرنگی دەدەین بەو پرسانەی کە ئاسایشیمان تێکدەدات، یەکسانیمان لاواز دەکات و دەرفەت بۆ هێزە ئاژاوەگێڕەکان دەخوڵقێنێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند، "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، دەرفەتێکی زێڕینە بە تایبەتی بۆ پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی کە ببێتە کەفارەتی گوناھەکانی ڕابردووی. خەباتی تورکیا بۆ دەربازبوونی لە کۆتوبەندی تیرۆریزم، نابێ ببێتە قوربانی کێشمکێشی بێ ئاکام و حیساباتی جیاوازی داهاتوو. ئەوە نە گەل لێی خۆش دەبێت و نە مێژوو".
لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە ڕووداوی ئاگری دارستانەکانی تورکیا و هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕووداوانە گوتی: "ئیدی لە پێناو پاراستنی دارستانەکانماندا کە نیشتمانی سەوزمانە، ھەموو جۆرە ڕێوشوێنێک بەرامبەر ھەڕەشەکان دەگرینەبەر. لە ١ی حوزەیرانەوە ١٤٩ گومانلێکراو دەستگیر کراون. ٣٨یان دەستبەسەر و ٦١ کەسیش بە مەرجی دادوەری ئازاد کراون".