Sarmand Hameed
17 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٨٤٢ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، دەرەنجام ١٦٦ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و ١٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری کارەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٨٤٢ پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ٦٦٤ لە هەولێر، ٥٥٨ لە سلێمانی، ٤٦٢ لە دهۆک، ٥٥ لە هەڵەبجە و ١٠٣ لە گەرمیان بووە، دەرەنجام ١٦٦ تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە و ١٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تووشبووەکان بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
- پارێزگای هەولێر ٢٩ تووشبوو.
- پارێزگای سلێمانی، ١٢٤ تووشبوو و ١١ حاڵەتی گیانلەدەستدان کە بەم شێوەیەیە:
شاری سلێمانی، ٨٩ تووشبوو و ١٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان ٣٥ تووشبوو.
ئیدارەی راپەڕین، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ١٠٩ هەزار و ٨٤٣ پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستاندا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە کۆی ١٥ هەزار و ١٨٠ هاووڵاتیی کەرەنتینکراو، ١٤هەزار و ٢٢٢ هاووڵاتیی لە کەرەنتین دەرچوون و دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ھەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان و لەئێستادا، هەزار و ٩٥٨ هاووڵاتیی لە ٣١ شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە کە ٢٣٤ لە هەولێر، شەش لە سلێمانی و ٧١٨ لە دهۆک.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٧ هاووڵاتیی کەرەنتینکراون.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دوو هەزار و ٨٢١ تووشبوو، لەنێویاندا ٧٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەیە و هەزار و ١٢٣ نەخۆش چاکبووەتەوە، و لە ئێستادا هەزار و ٦٢٣ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و دانانی ماسک و دەستکێش، هەروەها لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.