Sarmand Hameed
13 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، ٢٢ نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستیان تەواو جێگیر بووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دوای ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ هەر ٢٢ تووشبووەکە و دەرچوونی ئەنجامەکانی بە نێگەتیڤ، بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای هەولێر چاکبوونەتەوە، گەیشتووەتە ٧٤ کەس.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، ٣٣٠ حاڵەتە، لەو ژمارەیەش ١٦٩ حاڵەت لە ھەولێر، ١٢٥حاڵەت لە سلێمانی، ١٥ حاڵەت لە دھۆک و ٢١ حاڵەتیش لە ھەڵەبجە تۆمارکراون.
هەروەها ١٨٩ نەخۆشیش بە تەواوەتی چاکبوونەتەوە کە ٧٤ یان لە ھەولێر، ٩٥ لە سلێمانی، ١٢ لە دھۆک و هەشت نەخۆشیش لە هەڵەبجە بوون.
هەروەها چوار حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە شاری سلێمانی ھەبووە و، لە ئێستاشدا ١٣٧ نەخۆش لە نەخۆشخانەکان لە ژێر چاودێری پزیشکیدا ماونەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.