هەولێر - AA
سەرۆکی حكوومهتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاشكرایكرد حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی لهسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھەموو ھەوڵ و تواناکانی خۆیان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتییانی ھەرێم، هاوکات داوای لە لایەنە سیاسییەکانیش کرد کە لەم ئەرکەدا ھاوکار و پشتیوانیان بن.
مەسرور بارزانی، لەبارەی رێکار و رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی لەسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد.
لە گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی سوپاسی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پابەندبوونیان بەو رێنمایی و رێکارانەی لە چەند ھەفتەی رابردوودا گیراونەتهبەر و رایگەیاند: "پشتیوانیی و ھەماھەنگی ئێوەی بەڕێز زۆر گرنگە بۆ سنووردارکردنی ھەرچی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە".
مەسرور بارزانی سوپاسی لیژنەی وەزاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد، کە وێڕای ھەوڵدانیان بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان، بەردەوامن لە دابینکردنی پێداویستیی رۆژانەی خەڵک و کۆنترۆڵكردنی بازاڕەکان.
هاوکات سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ و ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و یەکە ئیدارییەکان، ھەروەھا وەزارەتی تەندروستیی کرد کە بە شێوەیەکی مەیدانی شەو و رۆژ لە خزمەتی ھاووڵاتییاندا بەردەوامن.
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا سوپاسی ئەو تیمە فریاگوزاریی و پزیشک وپەرستارانەی کرد کە لە ریزی پێشەوەن و ژیانی خۆیان لەپێناو سەلامەتی خەڵکیدا، دەخەنە مەترسییەوە.
سەرۆکی حكوومهتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "ئاشکرایە ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو ناوچەکانی تری دونیا، رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی چاوەڕواننەکراو بووەوە کە ئەویش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە".
گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دونیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی و دەرکردنی رێنمایی تەندروستی"
مەسرور بارزانی باسی لە هەنگاوەکانی حکوومەت کرد و گوتی: "هەر زوو بوودجەیەکی فریاگوزارییمان تەرخانکرد و ھەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک راگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، کەمکردن و تەنانەت راگرتنی دەوامی دامودەزگاکان و سنووردارکردنی ھاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکان و نەھێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشکنینی پلەکانی گەرمای لەش لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان".
باسی لە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەناوخۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش کرد و رایگەیاند: "دوای دیراسەکردنی دۆخەکە، بڕیارماندا ھاتوچۆی نێوخۆی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان وھەروەھا لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش رابگیرێت تەنیا بۆ حالەتی زۆر پێویست نەبێت. ئێستاش لە قۆناغێکداین کە پێویستە ھاتووچۆی ناو خودی شار و شارۆچکەکانیش سنووردار بکرێت".
سەرۆکی حكوومهتی ھەرێمی کوردستان رووی قسەکانی ئاراستەی هاووڵاتیان کرد و گوتی: "ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ پاراستن و سەلامەتی ئێوەی خۆشەویست. ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەریش ھەمووی لە پێناو سەلامەتی ئێوەیە. بەتایبەتی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە پێناو ئەوەیە کەمترین پەیوەندی ھەبێت و ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن بۆ ئەوەی کەسانی تر تووش نەبن".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان وەک حکوومەت بەرپرسیارن بەرامبەر بە هاووڵاتییان، و هاووڵاتییانش بەرپرسیارن بەرامبەر بە خۆیان و کەسوکارو ناسیاو و ھاووڵاتییانی دیکە و رایگەیاند: "ئەگەر ھەموومان بە حکوومەت و ھاووڵاتییەوە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ھاوکاری یەکتر بین و رێنماییەکان جێبەجێبکەین، دەتوانین رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بکەین و چەند زووتریش ئەوە بکەین، زووتر دەتوانین ژیان ئاسایی بکەینەوە".
مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد کە ئەم پەتایە ھەرێمی کوردستان و زیاتر لە سەد وڵاتی دونیای گرتووەتەوە، زیانی گیانیی ھەبووە، تیشكی خستهسهر ئهوهش کە تا ئێستا لە ھەرێم ٢٨ ھاووڵاتیی تووشبوو ھەیە و یەک کەسیش گیانی لە دەستداوە.
سەرۆکی حكوومهتی ھەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە کرد کە بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا و ھیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ نەخۆشەکان خواست.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەداخەوە دەبێ بڵێین کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم بارودۆخە لە رۆژانی داھاتوودا زیاتر دهردەکەوێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش ھەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەری لە رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدا ھەبێت. بۆیە داواتان لێدەکەم پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەردەوام دەستەکانتان بشۆن و ھاتوچۆ و تێکەڵاوبوونی نێوانتان زۆر سنووردار بکەن و ھەتا بۆتان دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. ھەرکاتێکیش ھەستتان بە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کرد پەیوەندیی بە ھیڵی گەرمی ١٢٢ بکەن بۆ ئەوەی ھاوکاریی و رێنمایی پێویستتان پێشکەشبکەن".
مەسرور بارزانی رایگەیاند: "ھەڕەشەکانی ڤایرۆسەکە بۆ سەر ژیانی خەڵک، ھەروەھا لێکەوتەکانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر جیددی و سەختن. بەڵام ئێوە ئاگادارن کە لە رابردوودا ھەڕەشەی زۆر مەترسیدارترمان رووبەرووبووەتەوە، بۆ نموونە بەدەیان جار رووبەڕووی ستەم و دیکتاتۆری و تیرۆر وەستاوین و سەرکەوتووش بووین. بۆیە دڵنیام ئەمجارەش بە ھاوکاریکردنی یەکتر و لە بەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان، دەتوانین یەکگرتووانە ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنین".
سەرۆکی حكوومهتی ھەرێمی کوردستان داوای لە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و خاوەن موڵکەکان کرد کە رەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دوکاندارە کرێچییەکان بکەن بۆ ئەوەی ھەردوولا بەھاوبەشی تەحەمولی زیانەکان بکەن و ئەرکی کرێچییەکان سووک بکرێت.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە ھەموو ھەوڵ و تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە ھەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکەم، لەم ئەرکەدا ھاوکار و پشتیوانمان بن".
سەرۆکی حكوومهتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی راشیگەیاند کە لە رۆژانی داھاتوودا دەزگاکانی حکوومەت قۆناغ بە قۆناغ لە ھەنگاو و رێکارەکانی پێویست بۆ رووبەڕووبەنەوەی ئەو دۆخە هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە.
دەقی گوتاری سەرۆکی حكوومهتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتییانی خۆشەویست:
ئەم کاتەتان باش
دەمەوێ لەم دەرفەتەدا راستەوخۆ باسی رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناتان بۆ بکەم.
بەر لە هەر شتێک ، سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بەو رێنمایی و رێکارانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ سەلامەتی ئێوەی بەڕێز گرتمانەبەر. پشتیوانیی و هەماهەنگی ئێوەی بەڕێز زۆر گرنگە بۆ سنووردارکردنی هەرچی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی لێژنەی وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەم،کە وێڕای هەوڵدانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بەردەوامن لە دابینکردنی پێداویستیی رۆژانەی خەلک و کۆنترۆلی بازاڕەکان. جیگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و یەکە ئیدارییەکان و هەروەها وەزارەتی تەندروستی بکەم کە بە شیوەیەکی مەیدانی شەو و رۆژ لە خزمەتی هاوولاتیان بەردەوامن. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی ئەو تیمە فریاگوزاریی و پزیشک وپەرستارانە دەکەم کە لە ریزی پێشەوەن و ژیانی خۆیان لەپێناو سەلامەتی ئێمەدا، دەخەنە مەترسییەوە.
ئاشکرایە هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی تری دنیا ، رووبەڕووی هەڕەشەیەکی چاوەڕوان نەکراو بووەوە کە ئەویش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و دەرکردنی رێنمایی تەندروستی. ئەوەبوو هەر زوو بودجەیەکی فریاگوزاریمان تەرخان کرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک: راگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، کەمکردن و تەنانەت ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگاکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکان و نەهێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشکنینی پلەکانی گەرمای لەش لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان. دوای دیراسەکردنی دۆخەکەش ، بڕیارماندا هاتووچۆی نێوخۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وهەروەها لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش رابگیرێت تەنیا بۆ حالەتی زۆر پێویست نەبێت . ئێستاش لە قۆناغێکداین کە پێویستە هاتووچۆی ناو خودی شار و شارۆچکەکانیش سنووردار بکرێت.
هاووڵاتییانی بەڕێز:
ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستن و سەلامەتی ئێوەی خۆشەویست . ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەریش هەمووی لە پێناو سەلامەتی ئێوەیە . بەتایبەتی قەدەخەکردنی هاتووچۆ لە پێناو ئەوەیە کەمترین پەیوەندی هەبێت و ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن بۆ ئەوەی کەسانی تر تووش نەبن.
ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر ئێوە ، ئێوەش بەرپرسیارن بەرامبەر بە خۆتان و کەسوکارو ناسیاو و هاووڵاتییانی تر . بۆیە ئەگەر هەموومان بە حکومەت و هاووڵاتییەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هاوکاری یەکتر بین و رێنماییەکان جێبەجێ بکەین ، دەتوانین رێگری لە بلاوبوونەوەی ئەو پەتایە بکەین و چەند زووتریش ئەوە بکەین، زووتر دەتوانین ژیان ئاسایی بکەینەوە.
ئەم پەتایە کە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە سەد وڵاتی دنیای گرتووەتەوە ، زیانی گیانیی هەبووە. تا ئێستا لە هەرێم ٢٨ هاوولاتی تووشبوو هەیە و یەک کەسیش گیانی لە دەستداوە . لێرەدا سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ نەخۆشەکان دەخوازم.
بەداخەوە دەبێ بڵێین کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم بارودۆخە لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بەدیار دەکەوێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەری لە رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدا هەبێت . بۆیە داواتان لێدەکەم پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەردەوام دەستەکانتان بشۆن و هاتووچۆ و تێکەڵاوبوونی نێوانتان زۆر سنووردار بکەن و هەتا بۆتان دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. هەرکاتێکیش هەستتان بە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کرد پەیوەندی بە هیڵی گەرمی ١٢٢ بکەن بۆ ئەوەی هاوکاری و رێنمایی پێویستتان پێشکەش بکەن.
هاووڵاتیانی بەڕێز:
هەڕەشەکانی ڤایرۆسەکە بۆ سەر ژیانی خەڵک و هەروەها لێکەوتەکانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر جیددی و سەختن. بەڵام ئێوە ئاگادارن کە لە رابردوودا هەڕەشەی زۆر مەترسیدارترمان رووبەرووبووەتەوە، بۆ نموونە بەدەیان جار رووبەڕووی ستەم و دیکتاتۆری و تیرۆر وەستاوین و سەرکەوتووش بووین. بۆیە دڵنیام ئەمجارەش بە هاوکاریکردنی یەکتر و لە بەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان، دەتوانین یەکگرتووانە ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنین.
لێرەدا داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و خاوەن موڵکەکان دەکەم کە رەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دوکاندارە کرێچییەکان بکەن بۆ ئەوەی هەردوولا بەهاوبەشی تەحەمولی زیانەکان بکەن و ئەرکی کرێچییەکان سووک بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی کوردستان . ئێمە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکەم، لەم ئەرکەدا هاوکار و پشتیوانمان بن.
لە رۆژانی داهاتووشدا دەزگاکانی حکومەت قۆناخ بە قۆناخ لە هەنگاوو رێکارەکانی پێویست بۆ رووبەڕووبەنەوەی ئەو دۆخە ئاگادارتان دەکەنەوە.
سوپاس بۆ پشتیوانیی و خۆڕاگریتان.
هیوادارین هەمووتان سەلامەت و پارێزراو بن و کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

