
As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
لە گوندێکی سنووری پارێزگای سلێمانی گەنجێک بە ناوی وەلید ڕەحمان مەحموود، تەمەن ٢٦ ساڵ، کە بە هەڵۆ بناری ناسراوە و پیشەی شوانکارییە، بەهۆی سرووشتی کارەکەیەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی مارە جۆراوجۆرەکان دەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە شارەزاییەکی زۆر لەسەر شێوازی ژیان و شوێن و جووڵەی مارەکان پەیدا بکات، تا ئەو ڕادەیەی مارگرتن بووەتە خولیای ژیانی.
هەڵۆ بناری کە دانیشتووی گوندی توت ئاغاجی سەر بە قەزای سەید سادقە لە پارێزگای سلێمانی، وەک خۆی دەڵێت لە باو باپیرانەوە خەریکی مەڕدارین و ئەم پیشەیە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیانە.
سەبارەت بە ترس لە مار، هەڵۆ باس لەوە دەکات کە ترس لە مار شتێکی سرووشتییە و، دەڵێت: "مار ترسێکی خۆی هەیە کە هەموو کەس لێی دەترسێت، بەڵام من ترسم لێی شکاوە. ڕووبەڕووی مار گەستن و پێوەدانیش بوومەتەوە".
ئەو شارەزاییەی هەڵۆ لەبارەی مارەکان هەیەتی، ئەنجامی چەندین ساڵ کارکردن و تێکەڵاوبوونە لەگەڵ سرووشتدا. ئەو دەڵێت لە وەرزی گەرمادا مارەکان ڕوو لە دەشتەکان دەکەن و لە وەرزی باران باریندا ڕوو لە شاخەکان دەکەنەوە. وەک خۆی دەڵێت بەهۆی مەڕ و ماڵاتەوە، بەرکەوتنیان لەگەڵ مارەکاندا زۆرتر بووە کە هەندێکیان ژەهراوین و هەندێکیان بێ ژەهرن.
هەڵۆ باس لەوە دەکات لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە گوندەکەیاندا خۆی و دوو کەسی دیکە مار پێوەی داون و، خۆی ناچار بووە سەردانی نەخۆشخانە بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
هەڵۆ بناری جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی ئەوەی ناوچەکەیان ماری زۆر لێیە، بەرکەوتنیان لەگەڵیان زۆرە، ئەمەش وایکردووە لەگەڵیاندا ڕابێن و بتوانن بە دەست بیانگرن. ئەو دەڵێت لە تەمەنی شەش بۆ حەوت ساڵییەوە لەگەڵ مارەکان ئاشنا بووە.
هەروەها هەڵۆ باس لەوە دەکات کە چۆن خەڵکی ڕێنمایی دەکات بۆ ئەوەی ترسیان لە مار بشکێت و، دەڵێت: "کەسی وا هەیە تەلەفۆنم بۆ دەکات دەڵێت چۆن بوێرم مار بگرم، من یەکەم شت پێی دەڵێم مارێکی لاستیکی دەستکرد بکڕە، بۆ ئەوەی لەگەڵ شێواز و ڕووخساری ڕابێیت، ئینجا ترس بۆ مار کەمتر دەبێتەوە".
ئەزموونی هەڵۆ لەم بوارەدا هێندە زۆرە کە دەتوانێت لە دوورییەکی زۆرەوە هەست بە بوونی مار بکات و، خۆی دەڵێت: "لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا ڤیدیۆم لەسەر ئەوە هەیە، ٤٠٠ مەتر دوورم لە مارەکەوە کە مەودایەکی زۆر زۆرە، گوتوومە ئەوە مارە و دەچم دەیگرم، کاتێک چوومەتە پێش بینیم مار بووە، ئەگەر نەچووبوومایە ئەوا مارەکە زیانی بە مەڕ و ماڵاتەکە دەگەیاند، من لێرە شوانی ئەو مەڕ و ماڵاتەم، بۆچی بهێڵم زیانیان بەر بکەوێت، لەسەر ڕێگاکە لایدەبەم و ڕزگارم دەبێت لە زیانەکانی، چونکە من بەرپرسیارم لەو مەڕو ماڵاتەی لەبەردەستمدایە".
دەربارەی ژمارەی مار لەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، هەڵۆ باسی لەوە کرد کە بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستیدان ژمارەی مار لەمساڵدا کەمترە و، گوتی: "لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوودا ٢٣ مارمان تۆمار کرد، کە تەنیا سێ ماریان ژەهراوی نەبوون. بەڵام ئەمساڵ لە ٢٣ی ئادارەوە تا ئێستا ١٦ مارمان تۆمار کردووە، کە شەشیان ژەهراوی بوون و ١٠یان بێ ژەهر بوون. ئەمە ئاماژەیەکە بۆ کەمبوونەوەی مار، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیاتر دەبینرێن، خەڵکی وادەزانن ژمارەیان زۆر بووە".
هەڵۆ ڕێنمایی هاووڵاتیان دەکات چۆن ماری ژەهراوی لە ماری بێ ژەهر جیا بکەنەوە و، دەڵێت ئەگەر مارەکە مردبێت یان کوژرابێت، سەیری چاوی بکەن، ئەگەر گلێنەی چاوی یەک هێڵ بوو، ئەوا ژەهراوییە، بەڵام ئەگەر گلێنەی چاوی خڕ بوو، ئەوا بێ ژەهرە.
هەڵۆ بناری، شوانکارێکی ئازا و شارەزا، نموونەی ئەو کەسانەیە کە ژیانیان لەگەڵ سرووشتدا تێکەڵ بووە و توانیوویەتی لە ڕێگەی ئەزموون و شارەزاییەوە، دەوروبەریان لە مەترسییەکانی مار بپارێزن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن