Zana Natık Kerem
08 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2022
کەرکووک ــ AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵان بۆ قوربانیکردن لە کەرکووک بەرزبووەتەوە، ئەوەیش وای کردووە ئەمساڵ خواستی ھاووڵاتییان بۆ قوربانیکردن بەراورد بە ساڵانی رابردوو، کەم بێتەوە
قەساب لە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵان لە کەرکووک، نەجات لەیلانلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بەھۆی گرانبوونی ئالیک و نەبوونی پاڵپشتی کەرتی گشتیی لە ئاژەڵداریی، نرخی ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن لە بازاڕدا، بەرزبووەتەوە.
نەجات لەیلانلی راشیگەیاند کە لە ساڵی رابردوودا، یەک تۆن ئالیک بە ٣٠٠ ھەزار دیناربوو کەچی ئێستا گەیشتووەتە ٨٥٠ ھەزار دینار و خواست لەسەر کڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە.
گوتیشی: "پاڵپشتی کەرتی گشتیی لە ئاژەڵداری نییە و ئێستا نرخی یەک کیلۆی گۆشتی سوور، گەیشتووەتە ١٣ ھەزار دینار".
لای خۆیەوە کاسبکار لە بازاڕی ئاژەڵان لە کەرکووک، سامان مەناف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا، لەئێستادا ھاوردەکردنی ئاژەڵ وەستاوە کە پێشتر لە ئازەربایجان، تورکیا و ئێرانەوە ھاوردە دەکرا و راشیگەیاند کە لە دوای شەڕی رووسیا-ئۆکراینا، دەروازە سنوورییەکان بەڕووی ھاوردەکردنی ئاژەڵ داخراون.
سامان مەناف گوتیشی: "لە ناوخۆیش ژمارەی ئاژەڵ، کەمبووەتەوە و نرخی ئالیکیش بەرزبووەتەوە، لەبەر ئەوەیە نرخی ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن لە بازاڕدا، بەرزبووەتەوە".
ھەر لەوبارەیەوە ئاژەڵدار لە کەرکووک، ئیبراھیم جبوری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە ماوەی دوو ساڵە بەرەوڕووی وشکەساڵیی بوونەتەوە کە ئەوەیش وای کردووە نەتوانن کشتوکاڵ بکەن، تا ئالیک بۆ ئاژەڵەکانیان دابین بکەن.
ئیبراھیم جبوری گلەیی ئەوەی کرد، لەم دووساڵەدا کە بەرەوڕووی وشکەساڵیی بووینەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکاری و یارمەتیی نەداون و گوتی: "لەئێستادا یەک تۆن ئالیک، گەیشتووەتە یەک ملیۆن دینار، بە راستی کەس نییە بیر لە پاڵپشتییکردنی ئاژەڵدار بکاتەوە، تا تەنھا پشت بە ئاژەڵی ناوخۆ ببەستن و ئاژەڵ ھاوردە نەکرێت".
ئیبراھیم جبوری رووی قسەکانی کردە لایەنە پەیوەندیدارەکان و داوای لێکردن کە پاڵپشتییان بکەن، تا بتوانن لەسەر ئاژەڵداری خۆیان بەردەوام بن.