دهۆک-AA
لەناو کەمپى ئاوارەکانى کوردى ئێزدى سەدان کچى رزگاربووى ژێر دەستى داعش هەن کە لە ٣ى ئابى ساڵى ٢٠١٤دا لەلایەن چەکدارانى داعشەوە رفێندرابوون بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆیان لە عێراق و سووریا. تا ئێستا بە هەزاران کچ و ژنى کوردى ئێزدى رفێنراو بەڕێگەی جیاجیا رزگار کراون، بەڵام ژمارەیەکى زیاتریش لە ژێر شمشێرە تیژ و ئاڵا رەشەکانى داعش ژیان بەسەر دەبەن.
عەنیفە ساڵح کچێکى تەمەن ٢٥ ساڵە و دانیشتووى شارۆچکەى شنگالە و یەکێکە لە رزگاربووانى ژێر دەستى داعش لە کەمپێکى شێخان لەناو خیوەتێک لەگەڵ خانەوادەکەى دەژیت. ئەو کچە رزگاربووە ژیانى دووساڵى ژێر دەستى داعش بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەگێڕتەوە و دەڵێت: "داعش کە لە مانگى هەشتى ساڵى ٢٠١٤دا گەیشتە شنگال چەکدارە ریشپانەکانى بەناو کوچە و کۆڵانى شاردا بڵاو بوونەوە و هەڵیانکوتایە سەر ماڵ بە ماڵى شارۆچکەکە و بە کوشتنى سەدان کەس لە ماڵ و کۆڵانەکانى شنگال دانیشتووانى شارۆچکەکەیان تۆقاند. لەو ساتەوە کابوسێکى ترسناک دایگرتین، گریان و هاوارى کچ، ژن، پیاو، منداڵ و پەککەوتە پێکەوە بۆ ئاسمان بەرز دەبوویەوە، تا چەند دەنگى هاوارەکانمان زیاتر هەڵبڕیبایە زەبر و زەنگى داعش بە هێزتر دەبوو لەسەرمان. بۆ ترساندنمان هەڵسان بە کوشتنى چەند منداڵ و کچێک بە بەرچاوى هەمووانەوە، داعش بەو کردەوەیەى توانى هاوار و دەنگى کوردى ئێزدى کپ بکاتەوە، بۆ ماوەى ١٢ سەعات لەناو خوێن کوژراوان ژیایین".
ئەو کچە رزگاربووەى ژێر دەستى داعش گوتی: "دواى مانەوەمان بۆ چەند کاتژمێرێک لەژێر بۆردومان و تەق و تۆقێکى زۆرى هێزەکان لە شنگال، داعش ئێمەى لە چەند شوێنێک کۆکردەوە و قۆناغى گواستنەوەى کەسە بەدیلگیراوەکانى شنگالى دەست پێ کرد و زۆرینەى بەدیلگیراوەکان کچ، ژن و منداڵ بوون. لە کاتژمێر هەشتى ئێوارە تاریکییەکى سامناک ناوچەکەى داگرت، لەم تاریکییەدا دەیان ئۆتۆمبێلى بارهەڵگرى تیرۆریستانى داعش لە دەورووبەرمان وەستان، بە هەڕەشەى لوولەى تفەنگەکانیان ئێمەیان پەڵکێشى ناو ئۆتۆمبێلەکان کرد، بەرەو تەلەعفەر ئێمەیان گواستەوە لە قوتابخانەیەکى تەلەعفەر ئێمەیان کۆکردەوە و ئەمیرێکى شمشێر بە دەستى ریشدارى داعش کە چەند پاسەوانێک دەوریاندا بوو بە بڵندگۆ داواى لێکردین دەستبەردارى ئایینى ئێزدى بین، دەنگى بەرزکردەوە بە هەڕەشەوە گوتى 'هەر کەسێک ئەو داوایەى (دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام) رەتبکاتەوە بە شمشێرەکەم سەرى دەپەڕێنم'. بێ دەنگیمان باشترین وەڵام بوو لەو ساتەدا".
ئەو گوتیشی: "هەر لە تەلەعفەر داعش هەڵستا بەلێکجیاکردنەوەى ئافرەتانى کوردى ئێزدى، کچانى گەنج و شۆخ و شەنگیان هەڵبژارد و گوتیان ئەمانە خەڵاتن بۆ ئەمیرەکانمان دەیان بەین، بۆ ئەوەى هاوسەرگیریان لەگەڵدا بکەن، دواتر کچانى ٧ ساڵ تا ١٤ ساڵییان گواستەوە بۆ قوتابخانەیەکى دیکەى تەلەعفەر. دەیان جار تیرۆریستانى داعش بە بەرچاوى ئێمەوە دەستدرێژى سێکسیان کردووەتەوە سەر منداڵە هەشت ساڵەکان تەنانەت جارى وا هەبوو دەستدرێژى بە کۆمەڵیان لەگەڵ ئەو کچە هەشت ساڵانە ئەنجامداوە، کاتێک تەندروستى ئەو کچانە تێچووبایە پزیشکیان دەهێنا بۆ ئەوەى چارەسەرى پزیشکى وەربگرن".
عەنیفە ساڵح هەروەها گوتی: "قوتابخانەیەکى دیکە لە تەلەعفەر تایبەت بەو کچ و ژنانەى تەمەنیان لە ١٦ ساڵى تا ٤٠ ساڵى بوو. لەو قوتابخانەیە ئەشکەنجەدان و برسیکردن پیشەى هەمیشەیی تیرۆریستانى داعش بوو. داعش ئافرەتانى ئەم قوتابخانەیەى بەسەر چەکدارى خۆى لە بنکە سەربازییەکانى هێڵى شەڕ دابەشکردبوو بۆ ئەوەى ئارەزووى سێکسیان لەگەڵ بەتاڵ بکەن، جارى وا هەبوو لە یەک شەودا یەک ئافرەتیان بۆ حەوت بنکە دەگواستەوە و دەستدرێژى بە کۆمەڵییان لەگەڵ ئەنجامدەدا".
عەنیفە ساڵح باس لە برسیکردن و ئەشکەنجەدان دەکات و دەڵێت: "جارێک دەنگى فڕۆکەى جەنگى لە ئاسمانى تەلەعفەر بیسترا و چووینە سەر بیناى ئەو قوتابخانەیەى کە وەک زیندانى لێکرا بوو و لەسەر بیناى قوتابخانە دەستمان بەرز کرد بۆ ئەوەى بگاتە فریامان، لەو کاتەوە چەکدارێک بە قۆنداغی کلاشینکۆف لە بڕبڕەى پشتى دام و یەکسەر پەڵکەوتم، بە چاوى خۆم بینیم دەیان چەکدار بە قۆنداغی کلاشینکۆف، چەقۆ، ئاسن و دار کەوتنە گیانى ئافرەتەکان بەشێوەیەکى زۆر دڕندانە ئەشکەنجە دراین. دواتر داوایان لێ کردین لە گۆڕەپانى قوتابخانەکە کۆببینەوە و گوتیان هەر کاتێک دەنگى فڕۆکە بێت ئەم حاڵەتەى ئێستا دووبار بکەنەوە سەرجەمتان گولـلە باران دەکەین، دواى ئەمە قۆناغى برسیکردن دەستىپێکرد، خواردن و خواردنەوەى پێویست بۆمان دابین نەدەکرا ماوەى ساڵێک و سێ مانگ لەژێر ئەشکەنجەى جیاجیاى داعش ژیایین، جاری وا هەبوو لە شەو و رۆژێکدا تەنها پەتاتەیەکى کوڵامان پێدەدرا. لە برسیکردن ئافرەتە بە تەمەنەکان پشکى شێریان بەرکەوتووبوو".
ئەو کچە ئێزدییە رزگاربووەى ژێر دەستى داعش درێژە بە گێڕانەوەى چێرۆکەکەی دەدات و دەڵێت: "بەیانى زوو دوو ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر هاتن بۆناو قوتابخانەى تەلەعفەر ژمارەیەکى زۆر لە ئافرەتەکانیان وەک ئاژەڵ لێ بارکرد کە من یەکێک بووم لەو ئافرەتانە و بەرەو شارۆچکەى بادۆشى نزیک شارى مووسڵ ئێمەیان گواستەوە کە گەیشتین بەو شوێنە بینیمان ژمارەیەکى زۆر لە کچ و ژنى ئێزدى لەو شارۆچکەیەن. هەندێکمان یەکترمان دەناسی و لە بن گوێى یەکتر بە هیواشى باسى نەهامەتییەکانمان دەکرد، بۆیان گێڕامەوە کە لە چەند رۆژى رابردوودا وەک کاردانەوەیەک دژى کردەوە قێزەوەنەکانى داعش سێ کچ خۆیان کوشتووە، ئێمە بەترس و لەرزێکى زۆرەوە لەو باسەدا بووین قیژە و گریانى کچێکى دیکە هۆڵ و ژوورەکانى بیناکەى داگرت، دوو چەکدارى داعش چوون بۆ گەرماوى بیناکە لاشەى کچێکیان بەناوى (جیلان) دەرهێنا و، بینیمان ئەویش لە گەرماوى بیناکەدا لە داخى داعش خۆى کوشتووە، حەوت مانگ لە ژێر زوڵم و ستەمى تیرۆریستانى داعش ژیایین لە شارۆچکەى بادۆش".
عەنیفە ساڵح گوتىشی: "لە ماوەى ئەو حەوت مانگەى ژێر دەستى داعش لە بادۆش تراجیدیایەکى نەبیستراو و نەبینراومان بینى، ئافرەتان و منداڵان قوربانى یەکەم بوون، هەر لە بادۆش تیرۆریستانى داعش منداڵانى کوردى ئێزدیان چەکدار دەکرد و راهێنانى سەربازیان پێ دەکردن. لەگەڵ مەشقپێکردن بابەتى ئایینى و ئایدۆلۆجییان فێر دەکردن. لە کاتى راهێنان و وانە گوتنەوەدا هەر منداڵێک هەڵەى بکردایە بە بەرچاوى هەموو منداڵەکانى دیکە پەنجە یان دەستێکیان دەبڕى، ئەوەش بۆ چاندنی ترس بوو لەناو دڵی منداڵانى دیکە تاوەکو لە رێنماییەکانى داعش دەرنەچن و لەو ماوەیەدا منداڵەکانیان کردن بە چەکدارى لێهاتوو و فێرى سروود فەرموودە و بابەتى ئایینیش کران".
ناوبراو هەروەها گوتی: "داعش لە گواستنەوە و جێگۆڕکێکردن بە کچ و ژنانى ئێزدى بەردەوام بوو، ئەمجارە ٢٠ ئافرەتیان گواستەوە بۆ گوندى کەسەرئەلمحراب لەو گوندە ژمارەى چەکدارانى داعش بەشێوەى ناوچەکانى دیکە زۆر نەبوون ماوەى دوو مانگ لەو گوندە ماینەوە ئەو تاوانانەى لە شارۆچکەکانى تەلەعفەر و بادۆش لەگەڵمان کرا بەهەمان شێوە چەکدارانى داعش لەم گوندەش دووبارەیان کردەوە، تاوانێک و بێ رەوشتییەک نەما داعش بەرامبەرمان نەیکەن".
- "پێشمەرگە رزگارى کردین"
ئەو کچە کوردە ئێزدییە رزگاربووەى ژێر دەستى داعش باسى لە ساتەوەختى رزگارکردنى لەلایەن پێشمەرگە کرد و گوتى: "نەهامەتى و بێ ئۆقرەییمان لە لووتکەدا بوو، هیچ ئومێدێکمان بە ژیان نەمابوو هەرچى بیرۆکەى خراپە بیرمان لێ دەکردەوە، لەناکاو دوو تیرۆریستى داعش بە من و سێ کەسى دیکەیان گوت "ئێوە بەم شەقامەدا بڕۆن" ئێمە رێگەمان گرتەبەر سات بە سات ترسى ئەوەمان هەبوو لە دواوە تەقەمان لێ بکرێت و بکوژرێین، چەند کیلۆمەترێکمان بە پیادە بڕى دواتر ئۆتۆمبێلێکى سەربازى بەرەو روومان هات، ترس دایگرتین کە گەیشتە لامان، گوتیان 'ئێمە پێشمەرگەین سەرکەون لە ئۆتۆمبێلەکەمان ئێوەمان رزگار کردووە' دواى سەرکەوتنمان لەناو ئۆتۆمبێلەکە فرمێسکى شادی بە چاومان دەهاتە خوار".
ئەو کچە رزگاربووەى ژێر دەستى داعش گوتیشى: "لە رێگاى گەڕانەوەماندا بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگە، پێشمەرگەکان باسیان لە چۆنیەتى رزگارکردنى ئێمە کرد کە بەدوو هەزار و ٥٠٠ دۆڵار ئەو چوار کەسە رزگارکراون، پێشمەرگە نەبووایە خۆکوشتنمان چارەسەرى کۆتاییمان بوو لەژێر دەستى داعش".
باس لە بارى دەروونى ئێستاى دەکات و دەڵێت: "لە ئێستادا چى لەگەڵمدا کراوە چ شتێکم بەچاوى خۆم بینیوە دێنەوە پێش چاوم، شەوانە لەکاتى خەوتن هەموو تاوانەکانى داعش دێتەوە پێش چاوم و خەوم لێ حەرام دەبێت، بە حەب و دەرمان نەبێت خەوم نییە. زۆرجار لە شەوان کە خەوم لێ دەکەوێت لە ناکاو رادەچڵەکێم و تووشى خەوزڕان دەبم، ئەوەى داعش کردوویەتى بەرامبەر بە کوردى ئێزدى لە مێژووى هیچ نەتەوەیەک رووینەداوە".
عەنیفە ساڵح داواکارى سەرەکى ئەوەیە ئەو کچ و ژنانەى لە دەست داعش ماون رزگار بکرێن وەک خۆى دەڵێت: "ئەوەى ژیانى ژێر دەستى داعشى نەدى بێت لەو داوایەى من تێناگات، تکام لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستان، عێراق و وڵاتانى جیهان ئەوەیە کارى بەپەلە بکەن بۆ رزگارکردنى کچ و ژنانى کوردى ئیزدى لە دەست داعش، چونکە ئەو ئافرەتانە بەردەوام کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرێت لەلایەن تیرۆریستانى داعشەوە دەستدرێژى سێکسیان دەکرێتە سەر".
news_share_descriptionsubscription_contact

