Heman Husseın Yaseen
14 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2020
هەولێر - AA
دوێنێ پێنجشەممە شەپۆلێکی بەفربارین ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و دوای ماوەیەکی زۆریش بۆ یەکەمجار بەفر لە سەنتەری شاری ھەولێر باری و هاووڵاتییانی دڵخۆشکرد.
ئەمڕۆش ھەینی بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەناو بەفر و سروشتی بەفرین بەتایبەت لەسەر چیای سەفینی رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر، ھاووڵاتییان سەردانی چیاکەیان کرد و بەھۆی گیرانی رێگاکە، سەرکەوتن بەسەر چیاکە ئەستەم بوو.
لە پێش نێوەڕۆش تیمەکانی راماڵینی بەفر دەستیان بە پاککردنەوەی شەقامە گشتییەکە کرد و دواتر بەرەو چیای سەفین ئاراستەی پاککردنەوەی شەقامەکەیان دەست پێکرد.
بەشێک لە ھاووڵاتییان ھەر لە دامێنێ چیاکە دەستیان بەشەڕە بەفر کرد و منداڵانیش بە دروستکردنی بووکە بەفرینە کاتێکی خۆشیان بەسەر برد.
لە درەنگانی شەوی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەفربارینەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەستی پێکرد و پاشان کاریگەرییەکەی بەھێزتر بوو و تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە کە بارستە ھەوایەکی سارد روو لە ھەرێمی کوردستان دەکات و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و بەفربارین ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگاکان دەگرێتەوە.