Hemin Hüseyin
17 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2017
هەولێر
خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەکەن کە بەفر ببارێت و ئەوانیش بەھۆی ئەو کەشوھەوا بەفرینەوە، دەستە دەستە دەڕۆنە دەرەوەی شار و لەوێ یاری و تۆپە بەفرینە و سەرکێشی ئەنجام دەدەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەفربارین دەوروبەری شاری هەولێری گرتەوە و خەڵکی ناوشاریش بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش روویان لە دەرەوەی شار کرد بە تایبەت لە شاردەێی کەسنەزان خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی یاری شەڕەبەفر و وێنەگرتن کۆببوونەوە و هاووڵاتییانیش ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هەرکاتێک بەفرببارێت ئەوان دێنە دەرەوە و بەبۆچوونی ئەوان بارینی بەفر تایبەتمەندی خۆی هەیە.
فەخرەدین ئەحمەد هاووڵاتییەکی ناو شاری هەولێرە و لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو بەرزاییەکانی شارەدێی کەسنەزان هاتوون و ئەو دەڵێت هەرکاتێک بەفر ببارێت ئێمە دێنە دەرەوە بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەرببەین.
فەخرەدین ئەحمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی ئەوەی ساڵانە لەناو شار بەفربارین کەمتر روودەدات، بۆیە هەر کاتێک بەفر لە دەرەوەی شار ببارێت، ئەوا ئێمە بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش، روو لە دەرەوەی شار دەکەین".
هاووڵاتییەکی دیکە پێی وایە بەفربارین ئارامبەخشە و بۆ ئەوەی مرۆڤ لە جەنجاڵی و دەنگە دەنگ دوور بکەوێتەوە ئەوا پێویستە چەند کاتژمێرێک لەگەڵ بەفربارین بەسەرببات.
ئیلاف هەولێری لەوکاتەی خەریکی هەڵپەڕکێ بوو بەدەم گۆرانی گوتنەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەفربارین ئارام دەبەخشێتە گیان و پێویستە لە کاتی بەفرباریندا چەند کاتێکی خۆمان بۆ هاتنە ناو بەفر تەرخان بکەین چونکە زۆر بەدەگمەن بەفربارین لەناو شارەکان روودەدەن بۆیە لەکاتی بەفرباریندا خەڵک روو لە دەرەوەی شار دەکەن".
شارەدێی کەسنەزان بە دووری ١٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و بە دەروازەی ئەو شارە دادەندرێت و بەشی رۆژهەڵاتی ئەو شارەدێیە شروشتێکی جوانی هەیە و ساڵانە بەشێکی زۆری دانیشتووانی هەولێر لە وەرزە جیاجیاکاندا بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش، سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن.