هونەر و كلتوور

كه‌یف و خۆشی به‌فر له‌ بلكیان

- سەیرانگەی بلکیان کە لە باشوور لەگەڵ گوندی بوزان و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی سەرنەوان و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ شارۆچکەی پێنجوێن هاوسنوورە، بە سروشتە دڵڕفێنەکەی لە هەر چوار وەرزی ساڵدا، گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆی رادەکێشێت.

Rewa Mahmood Hasan  | 17.01.2020 - نوێکردنەوە : 19.01.2020
كه‌یف و خۆشی به‌فر له‌ بلكیان

As Sulaymaniyah

پێنجوێن - AA

سەیرانگەی بلکیان کە لە باشوور لەگەڵ گوندی بوزان و لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ گوندی سەرنەوان و لە ڕۆژئاوا لەگەڵ شارۆچکەی پێنجوێن هاوسنوورە، بە سروشتە دڵڕفێنەکەی لە هەر چوار وەرزی ساڵدا، گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆی رادەکێشێت.

لەکاتی بارینی بەفردا سەیرانگای بلکیان کە بە گەردنی پێنجوێندا هەڵواسراوە، دیمەنێکی دڵڕفێن و سەرنجڕاکێشی دەبێت، ئەمە وای کردووە گەشتیارێکی زۆری عەرەب و کورد لەشارەکانی دیکەوە بۆی بچن.

نامیق فەتاح سەعید کە ماوەی سێ ساڵە بە قەدپاڵی سەیرانگەی بلکیان-ەوە دووکانێکی کردۆتەوە و لەوێدا چاو پاقلە و ئاو دەفرۆشێت، لە دوای نیوەڕۆ دەچێتە سەر کارەکەی و تا ئێوارە لە چایخانەکەیدا دەمێنێتەوە، بەردەوام لە خزمەتی گەشتیاراندایە، ئەو بەدەم چا تێکردنەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.

نامیق فەتاح باس لەوە دەکات کە لەهەموو وەرزەکاندا گەشتیار سەردانی ناوچەی بلکیان دەکەن، بەتایبەت لە بەهار و هاویندا کە گەشتیاران بۆی دەچن و باس لەوە دەکات کە لەکاتی بەفردا رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ ئۆتۆمبێل سەردانی سەیرانگەکە دەکەن.

نامیق فەتاح کە لەسەر زەوییەکی باوباپیرانی ئەو شوێنە بچووکەی کردووەتە چایخانەو لەوڕێیەوە خزمەتی گەشتیاران دەکات، دەڵێت ''لە دامێنی ئەم شاخەوە، کەناوی بلکیانی لێنراوە، چوار کێڵگە هەن، ئاسک کوڵێن، چوارباخ و چەند باخێکی دیکە، لە پشتەوە شاخی ئاسک کوڵێن هەیە، لەبەردەمی دیمەنی پێنجوێن بەردەستە".

نامیق فەتاح-ی تەمەن ٥٢ ساڵ باس لەوە دەکات کە گەشتیاران دێن رۆژانە چایەک دەخۆن و خۆیان گەرم دەکەنەوە، بەخێزانیی دێن و هەندێکیان دەمێننەوە و دەڵێت، ''لە هاویناندا شوێنی کەپر هەیە بۆ خێزان و گەشتیاران، لە ناوەڕاست و باشوورەوە گەشتیار رووی تێدەکات، هەندێکیان ئێوارانی پێنجشەممە دێن و لێرە دەمێننەوە و پاش بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە ئێوارەی هەینیدا دەگەڕێنەوە''.

نامیق کە لەگەڵ دوو کوڕیدا دووکانەکە بەڕێوەدەبەن، باس لەوە دەکات کە گەشتیارانی عەرەب بە کاتی بەفر روودەکەنە ناوچەکە، کە پلەی گەرمی لە زستاندا دەچێتە ژێر سفرەوە.

گەشتیاران بەشێکی بەرچاویان خەڵکی ناوچەکانی چواردەوری پێنجوێنن و هەندێکیان لە شارو شارۆچکەکانی دیکەوە سەردانی بلکیان دەکەن.

بیلال کەریم حەسەن کە گەشتیارێک بوو بەهۆی بەفرەوە بۆ بینینی دیمەنە دڵرفێنەکەی بلکیان رووی کردۆتە پێنجوێن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت، "خەلکی سەیدسادق-م و بە خێزانیی روومان کردۆتە بلکیان بەهۆی بەفربارینەوە. هاتین سەردانی ئێرە بکەین و دەچینە دێنی (میوانیی) کەسێکی نزیکمان لە پێنجوێن، ئەم ناوچەیە سروشتێکی زۆر جوان و دڵرفێنی هەیە، بۆیە زوو زوو سەردانی دەکەین''.

بیلال باس لەوە دەکات کە هەرکات بواریان هەبێت، لەکاتی پشووەکاندا، زیاتر لەدوای نیوەڕۆوە سەردانی بلکیان و ناوچەی پێنجوێن دەکەن.

لە سەیرانگای بلکیان منداڵانیش حەز بە یاری دەکەن لەنێو بەفردا، بۆیە بەشێکی زۆری گەشتیاران منداڵان لەگەڵ خۆیان دەبەنە سەیرانگاکە.

باڤین بیلال کەریم دانیشتووی سەیدسادق خوێندکاری پۆلی پێنجی بنەڕەتیە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، هاتووین بۆ شەڕەتۆپەڵ بۆ بلکیان، ئەو سەرەڕای ئەوەی لە تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزی یەکەمدایە بەڵام لە پێنجشەممەدا روودەکەنە ناوچەکە، تاکو کەشوهەوایەک بگۆڕن.

شاخەوان قادر مەجید(تەمەن ٣٣) یەکێکی دیکەیە لە گەشتیارانی بلکیان باس لەوە دەکات کە لەگەڵ هاوەڵەکانیدا هاتوونەتە پێنجوێن بۆ میوانیی و باس لەوە دەکات ئەمە یەکەم گەشتی زستانیانە بۆ ناوچەی پێنجوێن و دەڵێت "لێرە لەم سەرمایەدا فڕوجاو، گۆشتی قەل و قاز زۆر خۆشە، هیوادارم ئەمشەو کە دەچینە میوانی گۆشتی قازیان بۆ لێنابین. لێرە بەهۆی ئەوەی زستانەکەی سەختە خەڵک دار بەکار دەهێنن بۆ خۆ گەرمکردنەوە کە داری بەڕووە چونکە درەنگ لە سووتاندندا تەواو دەبێت''.

پێنجوێن یەکێکە لە شارۆچکە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم شارۆچکەیە لە کۆمەڵێک چیا و گردۆڵکە و دەشتی کشتوکاڵی ئاودار پێکھاتووە و پردی کەولۆز سنووری نێوان قەزای پێنجوێن و سەید سادقە و لە گوندی تەڕاتەوەنەوە دەست پێدەکات و بە گوندی میشیاوی سەر سنوور کۆتایی دێت و دەکەوێتە سەر ھێڵی درێژیی ٤٦ پلەی ڕۆژھەڵات و ھێڵی پانیی ٣٥،٩ پلەی باکووری ھێڵی کەمەرەیی و ٩٦ کیلۆمەتر باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، ١٣١٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، تێکڕای باران لە ساڵێکدا لە پێنجوێن ٩٠٠ میلیمەترە. ڕووبەری سەرجەم قەزای پێنجوێن بریتییە لە ١١٢٩کیلۆمەتری چوارگۆشە و ناوچەیەکی سەختەو پلەکانی گەرما لە زستاندا زۆرجار بۆ ژێر سفر دادەبەزێت.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın