Hemin Hüseyin
17 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2016
خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەکەن کە بەفر دەبارێت و ئەوانیش بەهۆی ئەو کەشوهەوا بەفرینەوە، دەستە دەستە دەڕۆنە سەر کێوەکان و لەوێ کۆمەڵێک یاری و تۆپە بەفرینە و سەرکێشی ئەنجام دەدەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەمین شەپۆی بەفربارین لە چیای سەفین دەستی پێکرد و هاووڵاتییانی شاری هەولێر و دەوروبەری، بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە بەرزایی چیاکە کرد و لەوێ کۆمەڵێک یاری و تۆپە بەفرینەیان کرد.
بەشێک لە هاووڵاتییان بە هۆی زۆری بەفرەوە توانییان بە ئۆتۆمبێلەکانییان هەندێک سەرکێشی ئەنجام بدەن و بەشێکی دیکەش لە خۆشی بارینی بەفرە دەستیان کردە بە هەڵپەڕین.
ئەگەرچی ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی خەریکی راماڵینی بەفری سەر شەقامەکە بوون، بەڵام بەهۆی هەبوونی تەم و مژێکی زۆرەوە رادەی بینین کەم ببوو.
چیای سەفین بە دووری 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر و دەڕوانێتە سەر قەزای شەقڵاوە، ئەو چیایە لە وەرزی زستاندا بە بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەفری لێ دەمێنێتەوە و چەند جارێکیش خەڵک بەهۆی بەفربارینەوە گیرییان خواردووە و دواتر رزگاریان بووە.