Rewa Mahmood Hasan
16 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2020
سلێمانی - AA
لە شاری سلێمانی و لە ماڵی سۆفی كەریم رێككەوتنێكی تایبەت بە بواری كولتووری و رۆشنبیریی لەنێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ماڵی رۆشنبیریی و كولتووریی سۆفی كەریم واژوو كرا.
ئەمڕۆ ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، بۆ زیاتر ئاڵۆگۆری كاری كولتووری و هونەری لە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان لە ماڵی کولتووری سۆفی كەریم، رێككەوتنێكی تایبەت بە بواری كولتووری و رۆشنبیریی لەنێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ماڵی رۆشنبیریی و كلتووریی سۆفی كەریم واژوو کرا.

دوای مەراسیمی واژووکردنەکە، سەرۆکی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی سلێمانی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو رێککەوتنە ئامانج لێی دانانی پلانی کاری هاوبەشە لەگەڵ ماڵی کولتووری و کەلەپووری سۆفی کەریم و گوتی: ''ئەم رێککەوتننامەیە، چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ کاری هاوبەش، دوای ئەوەی چەند کارێکی هاوبەشمان ئەنجامدا لەنێوان هەردوولا، بۆ ئەوەی پلانی کارمان هەبێت و لەپێناو پاراستنی کولتوور و کەلەپووری شارەکەمان بەشێوازێکی زانستی، لەڕێگای ئەو کادرە زانستی و ئەکادیمیانەی لە زانکۆکەماندا هەیە، لەڕێگای ئەو سەروەترە گەورەیەی لەم شوێنە کەلەپووریەدا هەیە.''

هەر لەبارەی رێککەوتنەکەوە بەڕێوەبەری ماڵی کولتووری و کەلەپووری سۆفی کەریم، ئەکرەم عوسمان گوتی: ''ئەم رێککەوتنە هەوڵێکە تا بتوانین کولتوور و کەلەپوری کۆن بناسێنین بە نەوەی ئێستاو داهاتوومان، ئێمە هەرچەندە نەهامەتەکی زۆر بەسەر کەلەپوور و کولتوورماندا هاتووە، بەڵام ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە بیر لەوە بکەینەوە، ئەگەرکولتوورمان تۆزقاڵێکیشی مابێت، بتوانین خەرمانێکی لێ دروست بکەین و زیندووی بکەینەوە و بیناسێنین بە نەوەی داهاتوو"

سۆفی کەریم سەراج، یەکێکە لە ناوە دیارەکانی کۆنی شاری سلێمانی و دوای پیشەی سەراجی دەستی داوەتە کاری بازرگانی، ساڵی١٨٩٧ لە دایكبووە و ساڵی ١٩٦١ کۆچی دوایی کردووە.
ساڵی ١٩٢٨ ئەم خانووەی لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی کڕیوە و ژیانی لەو خانووە بەسەر بردووە.
ئێستا خانووەکە بووەتە مۆزەخانەیەک بۆ نمایشی بەرهەمە کەلەپوورییە کوردییەکان و هاووڵاتییان دەتوانن لەوێ مێژووی کورد لە رێگەی ئەو بەرهەمانەوە ببینن.
ماڵەکە ١١ ژوور لەخۆدەگرێت، دوو خێزانی تیادا بووە لە کۆندا کەسایەتی سۆفی کەریم پێشوازی لەچەندین کەسایەتی ناسراوی کورد کردووە لە هونەرمەندان و سیاسیی و گۆرانیبێژەکانی ئەو سەردەمە، بە نموونە حەسەن زیرەک چەندین جار لە کاتی سەردانیدا بۆ سلێمانی لەو ماڵە ماوەتەوە، کە بە ماڵی سۆفی کەریم ناسراوە.
خانووەکە لە ١٩٩٧دا فرۆشرا بە بەڕێوەبەرێتی شوێنەوار، دواتر بەهەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای ئەو کاتی سلێمانی هەوڵی رێکخستنەوەی دەدرێت و پاشان لە ساڵی ٢٠١٣ لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان، نۆژەنکردنەوەی خانووەکە دەستیپێکرد و ساڵی ٢٠١٥ کاری نۆژەنکردنەوەی خانووەکە کۆتایی هات.