Rewa Mahmood Hasan
08 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2022
سلێمانی-AA رەوا مەحمود حەسەن
بیارە یان بیارێ شارەدێیەکە، کەوتووەتە ناحیەی بیارە، پارێزگای ھەڵەبجە لە باکوور ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی گەچێنە و لە باشوور لەگەڵ گوندی ھانەنەوتێ و لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی دەگاشێخان و لە رۆژئاوا لەگەڵ گوندی بنجەودڕەی و هەڵکەوتەی جوگرافی بەشێوەیەکە دەکەوێتە خاڵی سفری سنووریی لەگەڵ ئێران.
بەقەدپاڵی چیایەکەوە کە دەڕوانێت بەسەر ناحیەی بیارەدا و لەودیویشەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی هانەگەرمەڵەی ئێران، جۆگەیەک سنووری نێوان عێراق و ئێران جیادەکاتەوە و لەسەر خاڵی سنووریەکەش، چایخانەیەک بۆ گەشتیاران کراوەتەوە و بۆتە جێی سەرنجی هەموو لایەک.
مام دەروێش عەلی بە ریشێکی سپییەوە بەردەوام چایەکەی تازە دەکاتەوە و خزمەتی ئەو گەشتیارانە دەکات کە لەهەردوو دیوی ئێران و عێراقەوە سەردانی دەکەن.
وەک خۆی باسی لێوە دەکات ناوبەناو پارە بە دیناری عێراقی وەردەگرێت و هەندێک لە گەشتیارانیش بە تمەنی ئێرانی پارەی چایەکیانیان دەدەنە مام دەروێشی تەمەن ٦٥ ساڵ.
وەک خۆی باسی لێوە دەکات، ناوچەی بیارە شوێنێکی فێنک و سازگارە و چایخانەکەی ئەوانیش کەوتووەتە پشتی بیارەوە لەنێوان عێراق و ئێران و دەڵێت "ماوەی دوو ساڵە ئەم چایخانەم داناوە و ناوبانگی پەیدا کردووە بە چایخانەی مام دەروێش. خەڵکێکی زۆر لە ئێران و ناوەڕاست و خوارووی عێراق و لای خۆمانەوە (هەرێمی کوردستانی عێراق) دێن بۆ ئەم شوێنە، ئەوەیش لەبەر خۆشی و فێنکی و سازگارییەکەی."
بەهۆی هەڵکەوتەی ناوچەی بیارە و بوونی خانەقایەکی تایبەت بە تەریقەتی نەقشبەندیی، ناحیەی بیارە بۆتە جێی سەردانیکارانی گەشتیاری ئایینی و زۆرێک لە فەقێکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن و بەدەم خواردنەوەی چایەک پیاسە لەگەڵ هاوبیروباوەڕەکانیان دەکەن و مام دەرویش بەم شێوەیە باسی لێوە دەکات "عەرەبەکان لە کەربەلا و نەجەفەوە دێن لەبەرئەوەی شوێنێکی فێنک و خۆشە و خانەقای بیارەش لێرە هەیە."
سەبارەت بەوەی کە ئایا هیچ جۆرە کێشەیەک لەسەر سنوورەکە روونادات لەکاتی سەردانی گەشتیاراندا، کە ببێتە هۆی بەزاندنی سنوورەکان ، ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە جۆگەیەک سنوورەکە جیا دەکاتەوە لە یەکتری. ئەودیو جۆگەکە ئێرانە و ئەمدیویش کوردستانی عێراقەو دەڵێت "هیچ کێشەیەکی نییە کە لەسەر سنووری نێوان عێراق و ئێرانین و بە هەمووی نیو مەتر جۆگەمان نێوانە. ئەم شوێنەشیان لە زۆر شوێنی دیکە پێ خۆشترە. خەڵکی و عەرەبەکان لەبەر کەلتووری شوێنەکە و ریشی من کە بە مام دەروێش ناوبانگم دەرکردووە، سەردانی ئەم شوێنە دەکەن. هەروەها لەبەر ئەوەی سەرسنووری نێوان عێراق و ئێرانە و ئەوانیش ئەمەیان پێ خۆشە.''
مام دەرویش ئاماژە بەوە دەکات "زۆربەی گەشتیارەکان لەبەر خاتری ریشی سپی من دەگەنە ئێرە و لێرە لەسەر سنوور چایەکی دەستی من دەخۆنەوە و هەندێک رەسم دەگرن و دواتر دەڕۆنەوە، عەرەبەکان کە لە بەغدا و بەسرە و ناوچەکانی دیکەوە دێن دەڵێن لەبەر خاتری تۆ هاتووین و پێمان خۆشە وێنەت لەگەڵ بگرین. گەشتیارە عەرەبەکان حەزیان لە تەپڵەکی ناو چایخانەکەمە کە دەستکردی خۆمە و بە کەلتووری خۆمانە دروستم کردووە."
مام دەروێش باس لەوە دەکات کە چایخانەکە لە ساڵی پارەوە دروست کراوە و پێشتر بەم شێوەیە نەبووە و دەڵێت ''پێشتر بەم شێوەیە نەبووە و ئەم تەپڵەکانەش نەبوون وردە وردە شتم بۆ زیاد کردن و ئەم تەپڵەکانەشم بۆ دروست کردن. هەتا بتوانم زیاتر خزمەتی چایخانەکە دەکەم و ئاوەدانی دەکەمەوە.''