Fariq Faraj Mahmood
28 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2026
ئەو بڕە زۆرە بارانبارینەی ئەمساڵ بووە ھۆی زیانگەیاندن بە زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەتایبەت ئەو زەویانەی بەپێی ھەڵکەوتە جوگرافی کەوتوونەتە نزیک بەنداوەکان.
جووتیارێکی نزیک بەنداوی دوکان کە زەوییە کشتوکاڵییەکەی بەھۆی بارانبارینەوە زیانی بەرکەوتووە، ئاماژە بەوە دەکات کە گوندەکەیان بە گشتی تووشی ئەو زیانە بوونە کە بەھۆی بارانبارینەوە بەر ناوچەکەیان کەوتووە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەشێکی زۆری دەغڵودانەکانییان لەناوچوونە
عوسمان حاجی سوارە تەمەن ٦٠ ساڵ، خەڵکی گوندی مەمەنداوای سەر بە ناحیەی بنگردە لە قەزای دوکان سەر بە پارێزگای سلێمانی لەبارەی زیانەکانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەھۆی ئەم بڕە زۆرەی بارانبارینەوە زەوییە کشتوکاڵییەکانمان زیانییان پێگەیشتووە و لەم چوارچێوەیەشدا بە ڕووبەری ١٧٠ دۆنم گەنمم فەوتاوە و نزیکەی ٥٠٠ دۆنمم بۆ ماوەتەوە کە ڕووبەڕێک لە زەوییەکان ھی خەڵکە و بە کرێ یان بە نیوەیی بەکاریاندەھێنم، ھەر بۆیەش بەھۆی نەبوونی دەغڵودانەوە ناچارین ئالیک و پێداویستی بۆ ئاژەڵەکانمان لە بازاڕ بکڕین".
عوسمان حاجی سوارە گوتیشی: "لە گوندەکەمان نزیکەی ٦٠ جووتیار ھەن و گوندەکەمان نزیکەی چوار بۆ پێنج ھەزار دۆنم زەویی کەوتووەتە ژێر ئاو، بەڵام لە ناوچەکە ڕەنگە ٢٠٠ جووتیاری نموونەیی ھەبن کە ژیانی ھەموویان لەسەر کشتوکاڵییە".
ئەم جووتیارە ئەوەشی خستەڕوو کە ھەرچەندە لە کاتی دروستکردنی بەنداوی دوکاندا، قەرەبووی زەوییەکان کراوەتەوە، بەڵام بڕی قەرەبووەکە لەچاو داھاتی ساڵانەی زەوییەکان زۆر کەم بووە. گوتیشی: "لەوەتەی ھەم تەنھا ئەم پیشەیەم کردووە و ھیچ کارێکی دیکە نازانم".