Heman Hussein Yaseen
07 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر - AA هێمن حوسێن
هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان نیشتەجێی شاری هەولێر، ماوەی ٤٧ ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی جۆرەکانی پوولە و تا ئێستا ٨٠٠ پوولی جۆراوجۆری لە ئەرشیفەکەی خۆیدا هەڵگرتووە و بەردەوام لەگەڵ پوولخوازانی عێراق لە پەیوەندییدایە.
هاووڵاتی یوسف کەمال مەحمود کاتێک کە تەمەنی ١٠ ساڵان دەبێت لە میانی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، کاغەزێک دەدۆزێتەوە و دەیکاتەوە، دەبینێت کۆمەڵێک کاغەزی بچووکی رەنگاوڕەنگی تیادایە و ئەمەش سەرنجی رادەکێشێت و لە دوای پرسیارکردنی لەبارەی کاغەزەکانەوە، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوانەی لەناو کاغەزەکەدا دۆزیویەتەوە پێی دەڵێن "پوولی پۆستە"، ئەمەش دەبێتە یەکەم هەنگاوی کۆکردنەوەی پوول و ئێستا ٨٠٠ پوولی جۆراوجۆر لەناو ئەلبوومەکەیدا هەیە.
یوسف کەمال مەحمود لەبارەی سەرەتای خولیای کۆکردنەوەی پوول لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "دوای ئەوەی لە تەمەنی ١٠ ساڵی یەکەم پوولی پۆستەم دۆزییەوە و سەرنجی راکێشام، ئیتر وەکو ئارەزوومەندێک هەر پوولێکم بەدەست دەکەوت، هەڵمدەگرت و کۆمدەکردەوە، دوایی کۆمپانیایەک هەبوو پێیان دەگوت 'ئەجهیزە دەقیقە' ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی ١٩٧٥ ئەلبوومی پوولی دانابوو، نرخەکەی ٦٠٠ فلس بوو دەکاتە ١٢ دەرهەمی ئەو سەردەمە، هەر بۆیە ئەلبوومێکم کڕی، دواتر کتێبێکم کڕی کە بەزمانی عەرەبی چاپکرابوو بەناوی (كتاب الطوابع الصغيرة)، ئەو کتێبە تێڕوانینی منی گۆڕی لە قۆناغی کۆکردنەوەی پوول بۆ قۆناغی بەدواداچوون و پۆڵینکردنی پوول، هەربۆیەش پوولە کۆکراوەکانم پۆلین کرد بۆ بەشەکانی؛ وەرزش، ئاژەڵ، رووەک، کەسایەتییەکان، بۆنەکان و هۆیەکانی هاتوچۆ ئەوە قۆناغی دووەمی ژیانم بوو کە بتوانم ئەو پۆلینە بکەم".
یوسف کەمال مەحمود گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٨٦ توانیم هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی پوولخوازانی عێراق بکەم، ئیتر لەوێیەوە پوولخوازانی دیکەم ناسی و بەردەوام هاوکاری و هەماهەنگیی لەنێوانماندا هەبوو".
لەبارەی مێژووی دروستبوونی پوول لە عێراق، یوسف کەمال مەحمود گوتی: "بەپێی سەچاوەکان سەرەتا عێراق لە رێگای دەوڵەتی عوسمانییەوە پوولی ناسی، ئێستاش سەدان پوولی عوسمانی لەسەر نامەکان ماون، شێوازی پوولەکە زیاتر نەخش و نیگاری ئیسلامیی لەسەر بوو، تەنها یەک لە سوڵتانەکان بەناوی عەبدولمەجیدی دووەم وێنەی خۆی لەسەر پوول چاپکردووە، ئەوەیش ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، دوای ئەوە کاتێک جەنگی جیهانیی یەکەم بەرپابوو بەتایبەتی شەڕی کوت-عمارە و دواتر کاتێک ئینگلیز هات، ئەوا بۆعەیبدارکردنی دەوڵەتی عوسمانی هەرچی پوول هەبوو تەوشیحیان کرد (نەخشاندنی دروشمی گوزارشتدار) هەروەک چۆن کاتێک لە ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ سیستەمی پادشایەتی گۆڕا بە سیستەمی کۆماریی و بە دروشمی 'کۆماری عێراق' پوولەکانی شا فەیسەڵی دووەم و شا غازی هەمووی تەوشیح کرا".
ئەو پوولخوازە سێ ئەلبوومی پڕ لە پوولی لەبەردەمی خۆی داناوە کە ژمارەیەک پوولی جیاواز و رەنگاوڕەنگی تیادایە و گوزارشت لەسەردەمە جیاوازەکان دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: "دوای ١١ی ئاداری ١٩٧٠، سەرەتایەک بوو بۆ دەرچوونی پوولی کوردی، پوولێک دەرچوو کە بابەتەکانی نەورۆز، گوڵەکانی کوردستانی لەسەر نەخشێنرابوو، ئەو بەیەکێک لە جوانترین پوولەکانی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو دادەندرێت و خواستێکی زۆری لەسەر بوو، بەڵام بەر لە ئەوەش لەسەردەمی حکوومەتی شێخ مەحمود لە ساڵی ١٩١٨ تا ١٩٢١ کۆمەڵێک پوول دەرچوون بەناوی پوولەکانی کوردستان، ئێستا لەلای من کۆنترین پوول بریتییە لەو پوولەی لەسەردەمی شێخ مەحمود دەرچووە، پوولەکە وێنەی دوو خەنجەری لەسەرە و نرخەکەی بە دراوی هیندی عانە و رووپییە دیارییکراوە، عانە بەرامبەر بە چوار فلسی عێراقی بوو، رووپییەش بەرامبەر بە ٧٥ فلس بوو".
لەبارەی هۆکار و شێوازی گۆڕانکارییەکان لە پوولدا، یوسف کەمال مەحمود گوتی: "پوولەکان لە زۆر سەردەم و کاتدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە کاتێک لە ساڵی ١٩٢٣ پارەی عێراقی لە رووپییە و عانەی هیندی گۆڕدرا بۆ فلس و دیناری عێراقی، ئەوا گۆڕانکاری بەسەر پوولەکاندا هات و دووبارە چاپکرانەوە، یان هەندێکجار نرخی پوولەکە زیاد بووە ئەوا جارێکی دیکە پوولەکان چاپکراونەتەوە".
لەبارەی دەگمەنترین پوولی پۆستە لە عێراقدا، یوسف کەمال ئاماژە بە پوولی سەردەمی شا فەیسەڵی یەکەم دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پوولی ٢٥ روپیەیی کە لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵی یەکەم دەرچووە، ئەوە بە دەگمەنترین پوول دادەندرێت لە عێراق، چونکە ھەر زوو ئەم پوولە گۆڕانکاری بەسەرداھات و بووە پوولی یەک دیناری، بەڵام ئەوەی پێی دەڵێن ٢٥ روپیەیی کە لە ساڵی ١٩٢١ دەرچووە و تاکو ئیستا تەنیا ٣٠٠ دانەی لێ ماوەتەوە لە ھەموو عێراق و ئەمەش بە یەکێک لە پوولە دەگمەنەکان دادەنرێت".
یوسف کەمال مەحمود-ی تەمەن ٥٧ ساڵ، ماوەی ٤٧ ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی پوولی پۆستەیە و لە ئێستادا، کۆمەڵێک پوولی جۆراوجۆر لەناو ئەلبوومەکەیدا دەبیندرێت کە ھەر جۆرێکیان مێژوویەکی جیاوازی ھەیە و لەگەڵ ئەوەشدا، ھەندێکیان نرخی کڕینیان زۆر بەرزە.