Zana Natık Kerem
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاند، سەرکۆنەی ئەو ھێرشە مووشەکییە دەکات کە شەوی رابردوو کرایە سەر شاری ھەولێر.
محەمەد حەلبوسی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەم کە ئارامی شاری ھەولێری کردە ئامانج".
راشیگەیاندووە "ئەو کردە تاوانکارییە، پێشھاتێکی مەترسیدارە بۆ بەئامانجکردنی ئاسایشی وڵات، پێویستە ھەمووان ھاوکاربن لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە تویتەکەیدا داواشی کردووە، سزای توندی ھەموو ئەو کەسانە بدرێت کە ئاسایشی نیشتمان و ھاووڵاتییان دەکەنە ئامانج.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو "کاتژمێر ٩:٣٠ی شەوی دووشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢١، چەند مووشەکێک ئاراستەی شاری ھەولێر و دەورووبەری کران و بەر چەند شوێنێک کەوتن و لە ئەنجامدا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەند کەسێک برینداربوون".
لای خۆیەوە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش رایگەیاندبوو کە لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر، بەڵێندەرێکی مەدەنی کوژراوە و پێنج بەڵێندەری دیکەی مەدەنی و یەک سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
ھاوکات گرووپێکی چەکداری کە ناوی خۆی ناوە "سەرایا ئەولیا ئەلدەم" بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەی سەر شاری ھەولێر راگەیاند.