Zana Natık Kerem
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ئەو ھێرشە مووشەکییەی کە شەوی رابردوو کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە لەقەڵەمدا و رایگەیاند کە بەتوندی ئیدانەی دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بە نیگەرانییەوە چاودیری ئەو ھێرشەی کردووە کە شەوی رابردوو کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و ھاتووە:
"بەتوندی ئیدانەی ئەو ھێرشە دەکەین کە ھەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا سەلامەتی گەشتە ئاسمانییەکان".
باسی لەوەشکردووە کە ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە، کاریگەریی خراپی لەسەر ھەوڵەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ یارمەتیدانی عێراق لەشەڕی دژبە تیرۆر دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەنراوەکەیدا، پاڵپشتی خۆی بۆ ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لەشەڕی دژبە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دووپاتکردووەتەوە.