Zana Natık Kerem
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە ھێرشەکەی شەوی رابردوو بۆسەر شاری ھەولێر نییە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە سەبارەت بە ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆسەر شاری ھەولێر تویتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە ھێرشەکەوە نییە و نووسیوویەتی:
"بەتوندی ئیدانەی ئەو ھەوڵانە دەکەین کە دەدرێن بۆ تێوەگلاندنی ئێران لە ھێرشەکەدا".
سەعید خەتیبزادە هەروەها نووسیوویەتی "سەقامگیری و ئاسایشی عێراق پرسێکی سەرەکییە بۆ ئێران و ناوچەکە، بۆیە ھەر کردەیەک کە ببێتە مایەی مەترسی بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق رەتدەکەینەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتەکەیدا داواشی لە حکوومەتی عێراق کردووە، فەرمان و و بڕیاری پێویست دەربکات بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە.
شەوی رابردوو، ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و دەورووبەری کە بەھۆیەوە کەسێک کوژراو و شەشی دیکەیش برینداربوون کە یەکێکیان سەربازێکی ئەمریکییە.
لە میدیاکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووایەوە کە گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئێران ھێرشەکەی سەر شاری ھەولێریان ئەنجامداوە.
هەر دوای ھێرشەکە گرووپێکی چەکدار کە ناوی خۆی ناوە "سەرایا ئەولیا ئەلدەم" بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەدابوو کە بنکەی ھێزەکانی ئەمریکای لە شارۆچکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر کردووەتە ئامانج، بێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەک لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
ئەو گرووپە راینەگەیاندووە کە بەفەرمی سەربە چی لایەنێکە، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێکە لە گرووپەکانی سەربە حزبوڵڵا عێراق.