Heman Hussein Yaseen
08 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2022
ههولێر - AA
وەک ساڵانی پێشوو، ئەمساڵیش لە شاری ھەولێر بە گڕوتینەوە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیسلام، محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) کرایەوە و تیاییدا ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان بەشداریی رێورەسمەکەبوون.
لە بەیانییەکی زووەوە، ژمارهیهكی زۆر ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی، ھەندێکیش بە دەف و ھەڵکردنی دروشمی تایبەت بە لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت)، روویان له باخی شار و چوار دەوری قەڵای ھەولێر کرد و لەوێ رێوڕەسمێکی تایبەت بەم یادە رێکخرا.

ھاوکات ئەم بۆنەیە لە مزگەوت، تەکیە و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەدەچێت و لە بەشێکی رێوڕەسمەکەشدا رێبازانی تەریقەتەکان دوای خواردنی شیرینی و پیرۆزبایی و یەکترماچکردن، ئەوا دەست دەکەن بە زیکرکردن و تا ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبن.

ساڵانە لە ١٢ی مانگی رەبیعولئەوەل و لە پێشوازیی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) لەسەرتاسەری جیھانی ئیسلامی، رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولود و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەڕێوەدەچێت و لە لایەن زۆرینەی دەوڵەتانیشەوە ئەو رۆژە دەکرێتە پشووی فەرمیی.