Rewa Mahmood Hasan
23 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2020
سلێمانی - AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزاندا، هاوڵاتیان پەیتا پەیتا دەچنە بازاڕەکان به‌مه‌به‌ستی كڕینی کەلوپەل و پێداویستییه‌كانی جەژن، لەکاتێکدا کە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریاری قەدەغەی هاتووچۆی له ماوه‌ی رۆژانی جه‌ژندا، داوە بەهۆی هه‌ڵكشانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و پابه‌ندبوون به رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان له جه‌ژندا هاووڵاتییانی دابه‌شی سه‌ر دوو به‌ره كردووه، به‌شێك پابه‌ندن و پێیان وایه پێویسته له ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه و به‌شێكی دیكه‌یان گوێ به رێنماییه‌كان ناده‌ن و باوه‌ڕیان به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه و هه‌ڵكشانی ژماره‌ی تووشبووان نییه.

هه‌ندێك له هاووڵاتیان نیگەرانن لە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە و زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی جەژنی رەمەزاندا و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی هەرێم، هه‌ڵكشان له ژماره‌ی تووشبوواندا بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانییان لە دۆخەکە.
ئه‌وان تەنها پابەندبوون بە رێنماییەکان بە رێگه‌چارەی تێپه‌ڕاندنی دۆخەکە ده‌زانن و هەندێکی تریشیان ئاماژە بەوەدەکەن کە چیتر ئامادە نین پابەندبن بە رێنماییەکانەوە.

هاووڵاتیی، ئیبراهیم ئیبراهیم ناسراو بە ئەبو میدیا، ٦٨ ساڵ کە فەرمانبەرێکی خانەنشین، خەڵکی خانەقینە و ئێستا لە سلێمانی نیشتەجێیه، ئاماژە بەوە دەکات راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگاکاندا کارێکی باشە چونکە تێکەڵ بوونی هاووڵاتیان بەهۆی جەژنەوە هۆکارێکه بۆ سەرلەنوێ بڵاو بوونەوەی پەتاکە و دەڵێت: "پێمان خۆشبێت یان پێمان ناخۆش بێت ناچارین پابەند بین بە رێنماییەکان، چونکە ئەگەر بێت و یەک کەس لە خێزانەکەت تووشی ئەو پەتایە ببێت ئەوا چیتر نا‌توانیت کۆنتڕۆڵی بکەیت و سەرجەم خێزانەکەت تووش دەبن".
هاوكات هاووڵاتیی، لەتیف والی، كه کەمئەندامی شۆڕشی ئەیلوولە و ته‌مه‌نی ٧١ ساڵانه، ئاماژە بەوەدەکات، هەر بڕیارێک تەندروستی هاووڵاتیانی تێدا پارێزراو بێت ئه‌وان ئامادەن پابەندبن پێیه‌وه و بە کارێکی باشی دەزانن.

لەتیف والی باس لەوەدەکات، بەدرێژایی دوو مانگی پێشوو لەماڵەکەی خۆیدا ماوەتەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا و نەچوونەتە دەرەوه، باوه‌ڕیشی وایه ئەگەر هاوڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بوونایە، ئەوا ڤایرۆسەکە سەرلەنوێ سەری هەڵنەدەدایەوە و دەڵێت: "رۆژانی جەژن لەماڵەوە دەمێنینەوە و پابەند دەبین بە رێنماییەکانەوە، ئەگەر پێویست بکات ئەو کەسانەی پێیوستە، بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە دەکەین و جەژنە پیرۆزەیان لێ دەکەین، پێیان دەڵێین لەماڵهكانیان، بمێننەوە بۆ ئەوەی هەموومان سەلامت بین".
بەپێچەوانەی بۆچوونه‌كانی سه‌ره‌وه، هاووڵاتی دەروون ئەحمەد، کە گەنجێکی ٢٢ ساڵانه و لەماوەکانی پێشووتردا پابەند بووە بە رێنماییەکانی وەزارەته‌كانی ناوخۆ و تەندروستییەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەم جەژنە بەهیچ جۆرێک گوێ بۆ داواکارییەکان و رێنماییەکان ناگرێت و بڕوای وایە کە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا به‌ر له جەژن راست نییە، بۆیە ئامادە نییە پابەند بێت.