Sarmand Hameed
15 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، ١٥٧ ھاووڵاتیی ھەرێمی كوردستان كە بەھۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان، لە عەمان پایتەختی ئوردن گیریان خواردبوو، بۆ ھەرێمی كوردستان گەڕێندرانەوە.
جوتیار عادل لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو ھاووڵاتیانە بە ھەماھەنگیی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڕێوەچووە.
لە راگەیەنراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەش هاتووە "ئەو ١٥٧ ھاووڵاتییە، ئێوارەی ئەمڕۆ بە گەشتێكی راستەوخۆ گەیشتنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، لەبەر رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ماوەی ١٤ رۆژ كەرەنتین دەكرێن".
لە چوارچێوەی هەماهەنگى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ، رۆژی دووشەممەی رابردوو ژمارەیەک لە عومرەکارانی نیشتەجێی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ کە ژمارەیان ١١٨ کەس بوو و بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە سعوودیە گیریانخواردبوو، گەیشتنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و راستەوخۆ بە پاس گەڕێندرانەوە بۆ هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتیی هەرێم کە لە وڵاتی قوبرس گیریانخواردبوو لەسەر ئەرکی سەرۆکوەزیرانی هەرێم گەڕێندرانەوە، هاوکات بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی هەرێم لە هیندستان گەڕانەوە بەغدا و دواتر بە پاس گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.