reshid ahmed
16 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2020
دهۆك ــ AA
بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك راگەیاند، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ رێژەی رووداوەكانی هاتوچۆی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردووەتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچوی دهۆك، ئازاد تەها بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بووەتە هۆکارێکی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ لە سەرتاسەری پارێزگاکەدا.

ئازاد تەها روونیكردەوە کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، تەنها ٢٣ رووداوی هاتوچۆ توماركراوە کە بە هۆیانەوە تەنها چوار كەس گیانیان لە دەستداوە و ٢٥ی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچوی دهۆك، ئازاد تەها ئەوەیشی خستەڕوو کە لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا، ٩٦ رووداو تۆماكراوە و لە ئەنجام دا، ١٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٨٩ كەسیش برینداربوون.
ئازاد تەها گوتیشی: "لە ١٢ رۆژی سەرەتای جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ زیاتر لە چوارهەزار ئۆتۆمبێل بەهۆی سەرپێچکردنی بڕیار و رێنماییەکان سزادراون، هەروەها زیاتر لە ٣١٠ ئۆتۆمبێلیش دەستبەسەركراون".
گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچوی دهۆك، ئازاد تەها ئاماژەی بەوەیش كرد کە هەر شوفێرێك سەرپێچی بڕیار و رێنماییەكانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بكات بە ١٠٠ هەزار دینار سزا دەدرێت و ئەگەر سەرپێچیەكە دووبارە بکاتەوە ئەوا ئۆتۆمبێلەكەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە ٣٠٠ سەد هەزار دینار سزا دەدرێت.