Hemn Baban
07 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2016
هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ لەپاركی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر ماراسۆنێك لەژێر ناونیشانی" راكردنێك لە پێناو ئاشتی و تەبایی" بۆ ئافرەتان بەڕێوەچوو كە تێیدا پتر لە 200 ئافرەت بەشداربوون.
لەو راكردنەدا سەرباری ئافرەتانی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق، ژمارەیەك ئافرەتانی بیانیش بەشداربوون، ئەوەی لە دەموچاوی بەشداربوواندا دەبینرا گەیاندنی پەیامی ئاشتی و تەبایی بوو، بەشداربووان بە جلی رەنگاورەنگ هەریەكەو ژمارەیەك لەسەر فانیلەكانییان درابوو.
لەگەڵ لێدانی زەنگی دەستپێكردن، كچان و ئافرەتان كە لەهەموو تەمەنێكی تێدابوو و چەندین منداڵ و ئافرەتی بەتەمەنیش بەخۆشی و پێكەنینەوە رایاندەكرد و دوای دوو كیلۆمەتر و 500 مەتر راكردن دواجار 10 كەس لە یەكەمەكان خەڵات كران.
شەونم قادر یەكێك لە بەشداربووانی راكردنەكە توانی ئەو دوورییە بە 12 خولەك و 47 چركە ببڕێت و پێش هەمووان گەیشتە هێڵی كۆتایی و دوای ئەویش خوشكێكی بەناوی بەفرین قادر بە 12 خولەك و 49 چركە پلەی دووەمی بەدەستهێنا و فاتیمە كاوە بە 13 خولەك و 12 چركە پلەی سێهەمی بەدەست هێنا.
شەونم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " ئەوە چەندین جارە بەشداری لە ماراسۆن و راكردنەكان دەكەم و چەند جارە پلەكانی چوارەم و پێنجەمم بەدەست هێناوە، بەڵام ئەمە جاری یەكەمە پلەی یەكەم بەدەست بهێنم و زۆر خۆشحاڵم و دەستخۆشی لە رێكخەرانی ماراسۆنەكەش دەكەم".
شەونم قادر كە بزە و خۆشی بە دەموچاوییەوە دیاربوو، پاش بەیەكەم دەرچوونی هەموو زوومی كامێراكان روویان تێكرد و وەرگرتنی لێدوان لەو كچە بوو بە سەرە، چەندین كەسیش بۆ وێنەگرتن لەگەڵ ئەو پاڵەوانە داوای دەرفەتیان دەكرد.
پاش تەواوبوونی راكردنەكە لەلایەن ژمارەیەك لە ئامادەبووانەوە كە بەشێكیان بەرپرسانی رۆشنبیری و وەرزشی بوون بەسەر سەركەوتووانی ماراسۆنەكەدا دابەش كرا كە سێ یەكەمەكەی یەكەم جگە لە بڕوانامەی بەشداربوون و مەدالیا، جامیشیان بردەوە.
ئەوەی لە ماراسۆنەكە جێی سەرنج بوو بەشداربوونی ژنە پێشمەرگەیەك بوو، هەروەها دوو منداڵیش كە تەمەنییان 10 ساڵ كەمتر بوون.
پاش دابەشكردنی خەڵاتەكانیش زۆرینەی خێزان و خانەوادەی بەشداربووان و ئەوانەشی كە خۆیان لە راكردنەكە بەشداربوون بە وێنەی سێلڤی خۆیان سەرقاڵی وێنەگرتن بۆ یادگاری كرد و پاشان رێوڕەسمەكە كۆتایی هات.
رەعد عبدولڕەحمان یەكێك لە سەرپەرشتیارانی ماراسۆنەكە بوو ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " ئێمە دڵخۆشین كە ئەم ماراسۆنە بەڕێوەدەبەین كە لەپێناو ئاشتی و تەباییە، ژمارەیەكی بەرچاو لە كچان و ژنان بەشداریی ئەم راكردنە دەكەن و پێمان خۆشە كە ئەو بەشدارییە زۆرە هەیە".
وا بڕیارە 14ی ئەم مانگە راكردنێكی دیكە بۆ پیاوان هەر لەپێناو ئاشتی و تەبایی بەڕێوبچێت و لە ساڵیادی رۆژی جیهانی منداڵانیش رێوڕەسمی راكردنێكی دیكە بەڕێوەبچێت.