Hemin Hüseyin
16 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر - AA
دوای هاتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ شاری کەرکووک، بەشێک لە خەڵکی شارەکە لە ترسی هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی، ماڵەکانییان بەجێهێشت و روویان لە هەولێر و سلێمانی کرد.
لە کاتژمێر 10ـی بەیانی خەڵکەکە لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقە، بەرەو دەرەوەی شار رۆیشتن و سەرەتا لە دەوروبەری شاری کەرکووک چاوەڕێی بارودۆخەکەیان دەکرد و دوای بێ ئومێدبوون بەرەو سەنتەری شارەکان بەڕێکەوتن.
بە درێژایی سێ کیلۆمەتر لە دەروازەی شاری هەولێر، نزیک مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری هەولێر لەناو شەقامی سەرەکی لە چەند شوێنێک وەستاون.بەشێک لەو خەڵکە پێداویستییەکانی وەک ئاو و کێک دابەشی سەر ئەو خەڵکە دەکەن کە لە کەرکووکەوە هاتوون.
لە دوای ئەوانیش ژمارەیەکی دیکە خەڵک وەکو پێشوازی لەناوەڕاستی شەقام راوەستاون و داوا دەکەن خەڵکی کەرکووک بچێتە ماڵەکانییان.
ئەمە لە کاتێک دایە کە شەوی رابردوو هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەرەو شاری کەرکووک پێشڕەوییان کرد و لە ئێستاشدا ئەو شارە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دایە.