هەولێر - AA
سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەنجامدانی پڕۆژەی بچووک لە سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی بەردەوامە و لەئێستاشدا شەش کۆرسی جیاواز بەڕێوەدەچێت و بەشێک لە بەشداربووان دوای تەواوبوونی راهێنانەکان دەبن بە خاوەن کاری خۆیان.
سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە کارەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات و یەکێک لە پرۆگرامەکانی بریتییە لە پەرەپێدانی تواناکانی مرۆڤ، پەرەپێدانی ئابووری و راهێنان لە بوارە جیاجیاکانی دیکەدا و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەیش کە بەشداربووان پێشکەشی دەکەن بە ئامانجی ئەنجامدانی کاری سەربەخۆ، هەروەها هەماهەنگی و هاوکاری ئەو کەسانەش دەکەن کە دەیانەوێت لە وڵاتانی دەرەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، ساڵانەش لە چەندین بواری جیاوازدا کۆرسەکانییان دەکەنەوە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بەشداری تیادا دەکەن.
بەڕێوەبەری چالاکییەکانی سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، کارۆخ عەبدوڵڵا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لەسەر چەند توێژێک کار دەکەن لەوانە؛ گەڕاوەکان، کارمەندانی حکوومیی، هەروەها ئاوارە و پەنابەران و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە توانیویانە راهێنان بە زیاتر لە ١٠ هەزار کارمەند و ستافی حکوومی بکەن لە بابەتی پرۆتۆکۆڵ، بەڕێوەبردن، شەفافیەت و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتییان، ئەوەیش دەخاتەڕوو کە پڕۆژەی چەندەها بەشداربوویان جێبەجێکردووە کە بوونەتە خاوەن کاری خۆیان.
بەڕێوەبەری چالاکییەکانی سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "ئێمە لەسەر چەند چین و توێژ کار دەکەین، یەکێکیان پێیان دەڵێن گەڕاوە، واتا ئەوانەی لە وڵاتانی دیکە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوانە خزمەت دەکرێن بەپێی ئەو پڕۆژەیەی کە بۆخۆیان دیاری دەکەن، هەروەها خزمەتکردن بە کارمەند و ستافەکانی حکوومەت، ئاوارە و پەنابەرانیش توێژێکی دیکەن کە کاریان لەسەر دەکەین، هەر توێژێک لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە، دەبێت پڕۆژەکانیان پێشکەش بکەن کە کۆمەکبەخشەکان رێککەوتنی لەسەر دەکەن".

کارۆخ عەبدوڵڵا گوتیشی: "گەڕاوەکان لایەنێکی گرنگن کە کاریان لەسەر دەکەین کە لە وڵاتی میواندار لە رێگای بەرنامەی سکایپ-ەوە کۆبوونەوەیان لەگەڵدا دەکەین بۆ ئەوەی هەموو زانیارییەک وەرگرن وەک مافێکی خۆیان، تا بتوانن زانیارییان لەسەر بارودۆخی هەنووکەیی لەسەر عێراق یان هەرێم هەبێت، ستافی تایبەتمان هەیە کە لەوێ ئاسانکارییان بۆ دەکەن بۆهەر پرسیارێک، چونکە زۆرجار هەواڵی ناڕاستیان بۆ دەچێت و ئێمە لە رێگای کۆبوونەوە هەموو زانیارییەکیان پێ دەدەین".
بەشێک لەو کەسانەی لە وڵاتانی دەرەوە، بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان لە رێگای سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی بە چەند قۆناغێک کارئاسانییان بۆ دەکرێت و لە فڕۆکەخانەکان پێشوازییان لێ دەکرێت و دواتر راهێنانیان لەبارەی پڕۆژەکانەوە پێ دەکرێت و لەمبارەیەوە کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت "زۆر لە گەڕاوەکان داوا دەکەن لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێ بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش ستافی ئێمە دەچنە فڕۆکەخانەکان و دواتر دێن پڕۆژەکانیان پێشکەش دەکەین، ئێمە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکەین و بەشدارییان لە خولەکان پێ دەکەین و لەوێ چۆنیەتی دەستبەکاربوونیان لە کارەکانییان فێر دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریی لە سمینارێک دەکەن بۆ ئەوەی دووبارە لە ژیانی ئێرە رابێنەوە".
بارەگای سەنتەرەکە لە شاری هەولێرە و چەندین هۆڵی کۆبوونەوە و راهێنان و شوێنکاری تێدایە، جگە لە گەڕاوەکانیش، کارمەند و ستافی حکوومی یەکێکی دیکەیە لەو توێژانەی کە سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی لە بوارە جیاوازەکاندا راهێنانیان پێ دەکات و لەمبارەیەوە کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت "توانیوومانە زیاتر لە ١٠ هەزار کارمەند و ستافی حکوومی راهیێنان پێ بدەین لە بواری پرۆتۆکۆڵ و بابەتی بەڕێوەبردن و شەفافیەت و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتییان، هەروەها لەگەڵ چەند وەزارەتێک هەماهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی بەشێک لە کارمەند و ستافەکانییان ئەو ئەزموونە سەرکەوتووانەی وڵاتانی ئەورووپا ببینن، بۆ نموونە سێ گەشت کراوە بۆ ئەڵمانیا بۆ ئەوەی بتوانن لەوێ بارودۆخی ئاوارەکان ببینن و ئەزموونەکە بگوازنەوە بۆ ئێرە و کاری لەسەر بکەن".
لەبارەی داخوازییەکانی حکوومەت بۆ هەڵبژاردنی بواری راهێنانەکانیان بە ستاف و کارمەندەکانییان، کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت "حکوومەت ماوە ماوە بابەتەکان دەگۆڕێت، جاری وا هەیە لەسەر بەڕێوەبردن بووە یان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی کارمەند و هاووڵاتیی بووە، یان ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی ساختە بووە لە هەموو فەرمانگەکانی وەک پاسپۆڕت و فڕۆکەخانەکان و بۆ ئەم مەبەستەش چەند شارەزایەکی ئەورووپایی رۆڵیان هەبووە و راهێنانی تایبەت بە کارمەندەکانی ئەو شوێنانە کراوە و دواتریش ئەنجامی باشی هەبووە بەپێی ئەو فۆڕمی هەڵسەنگاندنەی کە بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە".
جگە لە گەڕاوەکان و ستاف و کارمەندی حکوومەت، ئاوارە و پەنابەرانیش بەشێکی گرنگی نێو پڕۆژەکانی سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی بوونە و بەپێی توانای ناوەندەکە پڕۆژەکانییان کەوتوونەتە کار و لەمبارەیەوە کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت "لە هەندێک لە پڕۆژەکان بواری ئەوە هەیە کە ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پەنابەرانی سووریا بەشداریان پێ بکرێت لە کۆڕسەکان یان لە شوێنێک دایانبمەزرێنین، خەڵکی خۆماڵیش لە زۆربەی پڕۆژەکان رێژەیەکی هەیە کە ئەمەش سیاسەتی رێکخراوەکانە بۆ ئەوەی خەڵکی خۆماڵیش ئەوانەی بەدوای کاردا دەگەڕێن دەتوانین راهێنانیان پێ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین باشترین گرووپ هەڵبژێرین".
ئەولەویەتی پڕۆژە جێبەجێکراوەکان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، ئافرەت، ئەوانەی سەرپەرشتیاری خێزان دەکەن و ئەوانەیشی کە بێکارن، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەی فێربوون و کردنەوەی سەرتاشخانە و فیتەری، دوو پڕۆژەی باو بوونە کە لەماوەی رابردوودا زۆرترین خواستیان لەسەر بووە و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری چالاکییەکانی سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "هەر پڕۆژەیەک مەرجی تایبەتی هەیە، بۆ نموونە ئەولەویەت بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، ئافرەت یان ئەوانەی کە ژمارەی ئەندامانی خێزانیان زۆرە و ئەوانەیشی کە بێکارن، هەر پڕۆژەیەک و مەرجی تایبەت بەخۆی هەیە، پڕۆژەکانمان زیاتر لەسەر دوو تەوەرە، یەکێکیان دامەزراندنە لە کەرتی تایبەت کە چەندین پڕۆژەمان جێبەجێکردووە لەم بوارەدا و توانیوومانە چەندین خەڵک لەسەر کار دابمەزرێنین، ئەوەی دیکەیان بەشداری کۆڕسەکانمان پێیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەو پڕۆژەی هەیانە جێبەجێی بکەن و دەست بەکارەکانییان بکەن وەکو پڕۆژەکانی سەرتاشی، فیتەری و جلوبەرگ درووین لە هەموو هەنگاوەکان لەگەڵیاندا دەبین و کۆڕسی تایبەتیان پێ دەدەین کە چۆن بتوانن مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەن و چۆن وا بکەن کە کڕیاری بۆخۆیان رابکێشن، لەگەڵ ئەوەشدا فێری ئەوە دەکرێن کە چۆن شوێنی کارەکەیان هەڵبژێرن و چۆن کێبڕکێ لەگەڵ بازاڕدا بکەن، دوای ئەوە بڕە پارەیەکی تەرخانکراو هەیە بۆ ئەوەی کەلوپەلەکانی پێداویستی کارەکەی بۆ بکڕین و دواتر لەگەڵیدا دەبین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
کارۆخ عەبدوڵڵا دەشڵێت "هەردەم لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە گفتوگۆداین و زۆرێک لە پڕۆژەکانمان ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان کارمان لەگەڵدا دەکات، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەندێک جاریش کۆنسولخانەی ئەڵمانیا یان دەزگایەکی دیکە کارمان لەگەڵدا دەکات، دواتر کۆمیتەیەک دادەمەزرێنن و هەر کەسێک پڕۆژەکەی پێشکەش بکات، ئەوا ئەندامانی کۆمیتەکە بۆچوونی خۆیان لەسەر پڕۆژەکە دەردەبڕن و هەوڵ دەدرێت باشترینیان هەڵبژێردرێن".
لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی پڕۆژەکە لەدوای دامەزراندنی و هەڵوێستی سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "ناتوانین رێکاری یاسایی بەرامبەری بگرینەبەر، بەڵام قۆناغەکان باشن و کوالێتیی کارەکەمان باشە، زۆری ئەو کەسانەی هەڵدەبژێردرێن لە کارەکەیان سەرکەوتووبوون و لە بەدواداچوونەکانیشمان ئەوەمان بۆ روونبووەتەوە".
کارۆخ عەبدوڵڵا دەشڵێت "ئەو کەسانەی لەلای ئێمە دەردەچن و پێویستییان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان هەیە، ئەوا هەماهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەیە و پشتگیری خۆی دەربڕیووە بۆ کارەکانمان، ژووری بازرگانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە کە هیچ رسووماتێک وەرنەگرن و بە گشتی حکوومەت درێخی نەکردووە و هاوکارمان بوونە".
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عارف حیتۆ ئاماژە بەوە دەکات کە سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی کارێکی باشی هەم بۆ وەزارەتی کار و هەم بۆ تەواوی حکوومەت کردووە بەوەی لە زۆربەی بوارەکاندا توانیوویانە راهێنەر لە دەرەوە بهێنن و ستاف و کارمەندەکانی حکوومەت بەشداری خولی تایبەت بکەن.

عارف حیتۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستاش، کارێکی باشی کردووە نەک هەر بۆ وەزارەتی کار، بەڵکو بۆ هەموو حکوومەت لە هەموو بوارێکدا، هەر بوارێکی پیشەیی و تەکنیکی بێت ئەوا بەهاوکاری و پاڵپشتی ئەوان کە بۆردەکەیان لە ئەڵمانیایە و خەڵکی پسپۆڕ دەهێنن و راهێنان بە کارمەندانی حکوومەت دەکەن".
عارف حیتۆ گوتیشی: "دوای قەیرانی دارایی کە رێژەی بێکاری بەرزبووەتەوە، ستافەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێویستییان بە راهێنانی زیاتر هەبووە، بابەتی بەکارخستن و ستافەکانیان و چۆنیەتی رێکخستنی فۆڕمەکان بۆ کارخوازان یان ئەوانەی لە کار دەگەڕێن. لە هەموو ئەو بابەتانەدا توانیوومانە کارمەندەکان خولی تایبەت ببینن و لەئێستاشدا شەش خول دەکەینەوە لەسەر بەبازاڕکردن بۆ ئەوەی گەنجان فێربکەین چۆن دەچنە بازاڕەوە و هەموو ئەوانەش بە هاوکاری سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی بەڕێوەدەچێت".
لەبارەی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەری لەسەر کرێکاران و کارمەندان لە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عارف حیتۆ گوتی: "ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر هەموو پڕۆژەکان هەبووە هەم لە کەرتی تایبەت و هەم لە کەرتی گشتی و هەم لە پڕۆژە بچووکەکان، بۆ نموونە کابرایەک لەسەر شەقام یان لەناو بازاڕ کاری رۆژانە دەکات، ئەم دۆخە تەندروستییە بووەتە هۆی ئەوەی کە زیانێکی گەورە بە داهاتی بکەوێت و لەگەڵ ئەوەشدا کارگەکان و پڕۆژەکانی دیکەش زەرەرمەند بوون".
عارف حیتۆ گوتیشی: "پێش بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێژەی بێکاری گەیشتبووە سەدا ١٣ چونکە پڕۆژەکان لە کەرتی تایبەت نەیانتوانی کار بکەن یان راگیرابوون، جگە لەوەش نزیکەی شەش ساڵە لەشکرێکی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان چاوەڕێی دامەزراندن دەکەن و ماوەی شەش ساڵە کەس لە حکوومەت دانەمەزراوە و ئێستاش سیاسەتی حکوومەتیش ئەوەیە کە کەرتی تایبەت وەکو کەرتی گشتی هەموو ماف و ئیمتیازاتی هەبێت بۆ ئەوەی گەنجان روو لە کەرتی تایبەت بکەن و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیش هەیە و بە جیددی کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی هەموو کارمەندێکی کەرتی تایبەت دەستەبەر بکرێت و ئەوکاتیش هەموو مافێکی وەک کەرتی گشتی دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەیشی خستەڕوو کە دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بیر لەوە دەکەنەوە کە سیستەمێک یان ئالییەتێک دابنێن بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن مافەکانییان پارێزراوبێت.
سافیە رەزا عومەر، دوای تەواوبوونی راهێنانەکەی لە سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، یەکێک لە دوکانەکانی بازاڕی گەڕەکی کوردستانی شاری هەولێری بۆ کاروباری بەرگدروو بەکرێ گرتووە و کەلوپەل و پێداویستییەکانیشی لەلایەن سەنتەرەکە بۆ دابین کراوە، ئەو لەبەیانییەوە تا ئێوارە خەریکی درووینی جلوبەرگە و کارەکەیشی سەرچاوەی بژێوی خێزانەکەیەتی.
سافیە رەزا عومەر تەمەن ٤٣ ساڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە خولیای فێربوونی دروومان بووم و لە ماڵەوە کارم دەکرد، بەم دواییەش گەڕامەوە سەر خوێندن و وەرزی هاوین کارم دەکرد بۆ ئەوەی خەرجی خوێندنەکەم دابین بکەم و خۆشبەختانە ئامادەیی بازرگانیم تەواو کرد و پاشان لەلای هاوڕێیەکم بۆ ماوەی سێ ساڵ وەکو شاگرد کارم کرد بۆ ئەوەی بژێوی خۆم و دایک و باوک و خوشکەکەم دابین بکەم".

سافیە رەزا عومەر دەڵێت "دواتر لە رێگای سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی، توانیم راهێنانی تایبەت بە بواری بەرگدروو ببینم کە تیاییدا فێری ئەوەبووین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کڕیاردا بکەین و چ شوێنێک هەڵدەبژێردرێن بۆ کردنەوەی دوکان و کارکردن، لەدوای تەواوبوونی راهێنانەکەم پڕۆژەکەم کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و هەموو ئەو پێداویستییانەی کە لەناو پڕۆژەکە نوسیبووم وەکو مەکینەی دروومان، مەکینەی ئۆڤەر، فێنککەرەوە، مۆلیدەی کارەبا، ئوتوو و هەندێک شتی دیکە، بۆم دابینکرا و کەوتمە سەر کاری خۆم و ئێستا بۆخۆم و خوشکەکەم بەردەوامین و لە ساڵی ئایندە پەرە بە بوارەکەم دەدەم".
لەبارەی دۆخی بازاڕیشەوە، سافیە رەزا عومەر گوتی: "دۆخی بازاڕ بەهۆی قەیرانی دارایی و بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراپ بووە، ئێمەش رەچاوی دۆخی خەڵک دەکەین و نرخەکانمان بەپێی دۆخی دارایی خەڵک دیاری دەکەین".
ئایە غازی تەمەن ٢٣ ساڵ، خەونەکانی لە شاری قامشلۆی سووریا دەگوازێتەوە بۆ هەولێر و وەک خۆی دەڵێت کە لە منداڵییەوە خەونی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن دوکانێکی تایبەت بە جلوبەرگی ئافرەتان و دوای هاتنی وەک پەنابەر بۆ شاری هەولێر، بەشداری کۆڕس و راهێنانەکانی سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی دەکات، پڕۆژەکەی جێبەجێ دەکرێت و ئێستاش لە یەکێک لە دوکانەکانی بازاڕی کوران خەریکی فرۆشتنی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی ئافرەتانە.
ئایە غازی کە ماوەی هەشت ساڵە بەهۆی بارودۆخی سووریا وڵاتەکەی بەجێهێشتووە و وەک پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە، ماوەی دوو مانگ دەبێت پڕۆژەکەی کە دوکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگی ئافرەتانە جێبەجێکراوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من خەڵکی شاری قامشلۆی سووریام، ماوەی هەشت ساڵە بەهۆی بارودۆخی سووریا وەکو پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێم، سەرەتا لە شاری دهۆک نیشتەجێ بووین و من تەمەنم بچووک بوو، نەمدەتوانی کار بکەم، بەڵام دوای ساڵ و نیوێک هاتینە هەولێر، دواتر لە بازاڕ خەڵکمان ناسی و لە دوکانێک شاگردبووم کە جلوبەرگی ئافرەتانی دەفرۆشت و هەتا ماوەیەکی زۆر".
ئایە غازی دەشڵێت "دواتر لە رێگای سۆشیال میدیاوە زانیارم وەرگرت لەسەر سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی کە ئەو پڕۆژانە وەردەگرن کە خەڵک پێشکەشیان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش چوومە ئەوێ و بەشداری کۆڕسێکی یەک مانگەم کرد و پڕۆژەکەم پێشکەش کرد و دوای تەوابوونی کۆڕسەکەش، پڕۆژەکەم بۆ جێبەجێکرا کە تایبەت بوو بە دانانی دوکانی جلوبەرگ و پێداویستی ئافرەتان کە ئەمە خەونی منداڵیم بوو حەزم دەکرد لەو بوارەدا کار بکەم".

ئایە غازی لە خێزانێکی پێنج کەسییە و تەنها خۆی و برایەکی کار دەکەن و سەرچاوەی بژێوی ماڵەوە پەیدا دەکەن، وەک خۆی دەڵێت "باوکم کەم کار دەکات، برایە بچووکەکەم نەخۆشە و برایەکی دیکەم لە کافتریایەک کار دەکات و دایکیشم لە ماڵەوەیە، من و برایەکەم و خەرجی رۆژانەی ماڵەوە دەکەین و ئێستاش بەهۆی دۆخی تەندروستی و قەیرانی دارایی، کاریگەری خراپ کەوتووەتە سەر بازاڕ و کارەکانمان وەک پێشووتر نین".
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو جۆرە کارەش، ئایە غازی گوتی: "بۆیە حەزم لەو بوارە کرد، چونکە دەزانم کاتێک ئافرەت دەیەوێت جلوبەرگ بکڕێت حەز دەکات فرۆشیارەکەی ئافرەت بێت و ئاسانتر دەتوانێت داخوازییەکەی خۆی بکات، جگە لەوەش برایەکەم کاری چاپی وێنە لەسەر پەرداخ و تیشێرت دەکات و ئەمەش بەپێی داخوازییەکانی موشتەرییەکانمانە کاتێک وێنەیەک دەهێنن و داوامان لێ دەکەن کە لەسەر پەرداخ یان تیشێرت بۆیان چاپ بکەین".
سەنتەری تەکنەلۆجیا و راهێنانی ئەورووپی لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا، فرانک ڤاڵتەر شتاینمەر دامەزراوە و تا ئێستا راهێنانی بە هەزارەها کارمەند و هاووڵاتی کردووە و چەندین پڕۆژەی لە بوارە جیاجیاکاندا جێبەجێکردووە.
news_share_descriptionsubscription_contact



