Ozhin Jola
19 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2020
کەرکووک - AA
مامۆستا محەمەد کەریم بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک ھەوڵی شاردنەوەی وەفاتنامەی مونا ئیسماعیلی ھاوژینی دەدات، دەشڵێت "چەند جارێکە دەچمە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک بۆ وەرگرتنی وەفاتنامەی خێزانم، بەڵام پێم نادەن و ھەر جارەو بیانوویەکم پێ دەگرن ئەمە لەکاتێدا ئەو پزیشەکەی لەساتی گیانلەدەستدانی مونای خێزانم لە نەخوشخانەبوو، راپۆرتی داوەتە ئیدارەی نەخوشحانەی گشتیی کەرکووک".
پێنج ھەفتە بەسەر گیانلەدەستدانی تراجیدیایی "مونا ئیسماعیل" و کەلەپچەکردنی مامۆستا محەمەد کەریمی ھاوسەری بەقەڕوێڵەکەیەوە تێدەپەڕێ، ئەو چیرۆکەی زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا.
مامۆستا محەمەد گوتی: "ھەوڵ دەدەن دەستکاری راپۆرتە پزیشکی خێزانم بکەن و ئەوە بشارنەوە کە بەھۆی کۆڕوناوە گیانی لەدەستداوە".
محەمەد کەریم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات نووسراوی لە کۆمپانیای گازی باکوورەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک ھێناوە بۆ وەرگرتنی وەفاتنامەکەی چونکە مونا ئیسماعیل فەرمانبەری کۆمپیانیای نەوتی باکوور بوو.
- لەسەر سکاڵای سێ کارمەندەکەی بنکەی پۆلیسی قۆریە مامۆستا محەمەد چووە بەردەم دادوەر
بەپێی گوتەکانی مامۆستا محەمەد، تا ئێستا کەیسی ناوبراو لە دادگایە و ئەمڕۆ بۆ وەرگرتنی گوتەکانی لەبەردەم دادوەر ئامادە بووە.
مامۆستا محەمەد دەڵێت، لەسەر بنەمای سکاڵایەکی ئەو پۆلیسانەی کە شەوی رووداوەکە ئەویان لە قەرەوێڵەکەی نەخۆشخانە کەلەپچە کردووە، دادگا بانگی کردووەتەوە.
لەم بارەیەوە مامۆستا محەمەد کەریم گوتی: "بەر لە دەستگیرکردنیان ئەو سێ کارمەندەی بنکەی پۆلیسی قۆریە سکاڵای یاساییان تۆمارکردبوو. لەسەر سکاڵای ئەو سێ پۆلیسە چوومە بەردەم دادوەر و گوتەی خۆم دا".
ئەو دەشڵێت ئەو پۆلیسانە لە دادگا گوتیان مامۆستا محەمەد تووشبووی کۆرونا بووە و ویستوێتی ئێمەیش تووشی ڤایرۆسی کۆرونا بکات.
- ئەو سێ پۆلیسەی تۆمەتبارن لە کەیسی مامۆستا محەمەد بەکەفالەت ئازادکران
ھەرچەندە دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە بەھەوڵی رێکخراوی بەدر و چەند کەسایەتییەکی ناوچەکە ئەو سێ کارمەندەی بنکەی پۆلیسی قۆریە ئازادکراون، بەڵام مامۆستا محەمەد کەریم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو سێ پۆلیسە بەکەفالەت ئازادکراون تا رۆژی دانیشتنی دادگا و رەتی دەکاتەوە ئەو سێ پۆلیسە لە کەیسەکەدا دەربازیان بووبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە لە پاش دەستگیرکردنی ئەو سێ پۆلیسەدا کەسوکار و ژمارەیەک ھاووڵاتی لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکووک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوای ئازاکردنی پۆلیسەکانیان کرد.
- کاردانەوەکانی رووداوی کەلەپچەکردنی مامۆستا محەمەد جەباری
رۆژی ١٣ی مانگی رابردوو لەپاش رووداوی کەلەپچەکردنی مامۆستا محەمەد کەریم بەقەڕۆیڵەی ھاوژینەکەیەوە بەھۆی شکاندنی ئامێریکی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک و گیانلەدەستدانی مونا ئیسماعیلی ھاوژینی کاردانەوەی گەورەی لێ کەوتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئامادەیی دەربڕی ئەو ئامێرە بکڕێتەوە کە ماموستا محەمەد شکاندوێتی، دواتر ھەردوو وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان و عێراق داوای لێکۆڵینەوەی وردیان لە کەیسی کەلەپچەکردنی مامۆستا محەمەد کرد و پاشان لەسەر ھەمان کەیس ئەو سێ پۆلیسەی مامۆستا محەمەدیان دەستگیر کرد و بەقەڕوێڵەی ھاوژینەکەیەوە کەلەپچەیان کرد دەستگیرکران.
هەروەها بۆ پشتگیرییکردن لە ھاوپیشەکەیان مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک خۆپێشاندانیان ئەنجام دا و داوای دەستگیرکردن و بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی کەیسی مامۆستا محەمەد-یان کرد.