Azat Muhammet
27 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2017
هەولێر-AA
میری ئێزدییان، میر تەحسین بەگ داوای گەیشتنەوەی بەهەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەنێو ئاپۆڕای کوردی ئێزدی لە شارۆچکەی شێخان داوای برایەتی و پێکەوە ژیانی لە هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
هەروەها سوپاسی پێشوازی گەرمی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازل میرانی کرد.
لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە میری ئێزدییان، میر تەحسین بەگ بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "دوعای خێر بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و لە خوا داواکارم سلامەت و تەندروست بیانهێڵێت".
میر تەحسین بەگ دوای سێ ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دوێنێ گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، کەمێک پێش گەیشتنەوەی بەشارۆچکەی شێخان لەلایەن ئێدارەی قەزای شێخان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی پێشوازی لێکرا و لەلایەن هاووڵاتییانی کوردی ئێزدی بەگوڵ پێشکەشکردن و دەست ماچکردن و خۆشحاڵی دەربڕین لە پێشوازی میر تەحسین بەگ راوەستان.
لە گەرمەی پێشوازیکردن کوڕی میری ئێزدییان، حازم میر تەحسین بەگ بەناوی میری ئێزدییان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشمەرگە لە سەرەتاوە تا ئێستا هیچ درێغی نەکردووە لە پاراستنی شنگال و کوردی ئێزدی. سەری رێز و نەوازش بۆ قوربانیدانی پێشمەرگە دادەنوێنین، ئێمە ئەو خەبات و قوربانیدانەی پێشمەرگە لەبیر ناکەین".
گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان داوای ئاشتی و تەبایی بۆ تەواوی شنگال دەکەین، هەروەها داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین پەلە بکەن لە ئاوەدانکرنەوەی شنگال و خزمەتگوزاری پێشکەش بەشارەکە بکەن".