Azat Muhammet
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2017
مووسڵ-AA
لە سێ مانگى یەکەمى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ بەرەى چەپى شارەکە لە چنگ چەکدارانى داعش کۆنتڕۆڵکرایەوە و پاشەکشەیان بەداعش کرد بەرەو بەشى راستى شارەکە، داعش لە پەلاماردانى گەڕەکە نزیکەکانى لاى چەپى مووسڵ بەردەوامە، بەهۆیەوە سەدان کەس لە گەڕەکەکانى کەنار رووباری دیجلە ئاوارەى دەرەوەى مووسڵ دەبن. وەک هەڵاتووانى بۆردومانە هەڕەمەکییەکانى داعش باسى لێوە دەکەن ژیان لە گەڕەکەکانى نزیک لەبەرەى راستى مووسڵ جێگەى مەترسییە و لە گەڕەکەکانى بەشى چەپى مووسڵ جێگەى نیشتەجێبوونمان نییە.
لە رێگاکانى نێوان مووسڵ - تلکێف و شارەکانى دیکە سەدان خێزان بەتەنیشت یەکترى تێپەڕ دەبن، هەندێک روویان لە ئاوارەیی کردووە دەستبەردارى ماڵ و حاڵى خۆیان بوون، هەندێکیش بەهەر جۆرێک بێت هەوڵدەدەن لە ئاوارەیی رزگاریان بێت و بگەڕێنە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان. نەهامەتییەکان و ماندوو بوونێکى زۆر لە رووخسارى دانیشتووانى مووسڵ دەبیندرێت، هەریەکەیان دەیان چیڕۆکى تاڵى سەردەمى داعش لە خۆهەڵگرتووە.
ئاوارەیەک بەناوى خالید ئەحمەد منداڵێکى لەسەر عەرەبانەى لە تەک خۆى دانیشتاندووە لە برى ئۆتۆمبێل بەگوێدرێژێکەوە بەرەو بەرەى چەپى مووسڵ ملى رێگای گرتووە و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆى، عەرەبانەیەکى دارى لە گوێدرێژەکەى بەستووە بەشێک لە کەلوپەل و پێداویستییەکانى نێو ماڵى لێهەڵگرتووە، بەدەم گەڕانەوەى بەرەو مووسڵ بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەستێکى خۆشم هەیە لە ئاوارەیی رزگارم دەبێت و دەگەڕێمەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆم، ئەمڕۆ دەگەڕێمەوە بۆ بەرەى چەپى مووسڵ گەڕەکى قەوسیات. هەرچەند مەترسى داعش ماوە لەسەر ناوچەکە. بەڵام چیدیکە بەرگەى ئاوارەیی ناگرم و، دەمانەوێت بەزێدى خۆمان شاد ببینەوە. من سەردانى خانووەکەم کرد هەرچەند کەوتووە بەر بۆردومانەکان، بەڵام جێگەى ژیان و حەسانەوەى ئێمەى تێدا دەبێتەوە، بۆیە بەشێک لە خانەوادەى خۆمم گەیاندووە سەر زێدى خۆمان و ئێستاش گەڕامەتەوە بۆ ئەوەى خزم و کەسانى دیکەم بگوازمەوە بۆ بەرەى چەپى مووسڵ".
گوتىشی: "چەند پێداویستییەکى نێو ماڵم لە دەرەوەى مووسڵ کڕیوە دەیبەمەوە بۆ مووسڵ، چونکە وەک ئاشکرایە لەبەرەى چەپى سەرەتاى ئاساییبوونەوەى ژیانە. بۆیە ئاواتەخوازم ژیانێکى سەقامگیر دەست پێبکەین و دوور لە شەڕ و نەهامەتى بژین. داعش زیانى زۆرى پێگەیاندین پەنا بەخوا چیدیکە ئەو کارەساتە مرۆییانە دووبارە نابێتە لە ژیانى هیچ نەتەوەیەک. داعش لەو سەردەمەى دەسەڵاتى هەموو لایەکى بەبێ جیاوازى کردە ئامانج دەستى لە منداڵ تا دەگاتە پیر و پەککەوتە نەپاراست".
ئەو هاووڵاتییە داوا لە لایەنى پەیوەندیدار و حکوومەتى عێراق و حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکات کە پێداویستى خۆراک و خواردنەوەیان بۆ دابین بکەن و دەشڵێت "داعش هیچ شتێکى وەک خۆى نەهێشتووەتەوە لە ئێستادا خواردن و خۆراک کەمە، بۆیە پێویستە لایەنەکانى نێودەوڵەتى و رێکخراوە مرۆییەکان دەستهەڵبڕن و بەهاناى هاووڵاتییانى مووسڵ بێن، بەهەمان شێوە پێویستە تیمەکانى ئەندازەى پوچەڵکردنەوەى بۆمبەچێنراوەکان داعش بەردەوام چاودێرى دۆخەکە بکەن بۆ ئەوەى ئەو بۆمبانەى تا ئێستا پوچەڵنەکراونەتەوە زیانى گیانى و ماددى بەدوایخۆیدا نەهێنێت".
هەرچەند لە زۆرینەى گەڕەکەکانى بەشى چەپى مووسڵ ژیان ئاساییبووەتەوە، بەڵام لە چەند گەڕەکێکى بەرى چەپ هێشتا ئاوارەبوون بەردەوامە و دەیان خێزان رووەو شارۆچکەکانى تلکێف و باتنایە هەڵدێن و مووسڵ جێدەهێڵن، یەکێک لەو هاووڵاتییانەى بەهۆى بۆردومانى داعشەوە لە ناوچەى قەوسیاتى مووسڵ ئاوارەبووە بەناوى حەسەن یونس بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "جگە لەوەى چەندین ساڵە لەژێر دەستى داعش دەژین هەموو نەخۆشى و نەهامەتییەکان بینى، سەرى ئامۆزا و خزم و کەسەکانى منیان بەبەرچاوى من و ماڵ و منداڵەکەم بڕى زمانى کوشتن بەتفەنگ و سەربڕین بەشمشێر لە سەردەمى داعش زاڵ بوو، ئێستا لەبەر بۆردومانى چڕى تیرۆریستانى داعش بەناچارى ئاوارەبوونمان بەرەو سنوورەکانى هەرێمى کوردستان هەڵبژاردووە، هەرچەند سوپا ناوچەکانى لە داعش پاککردووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى بەشى راست و چەپى مووسڵ مەودایەکى زۆر نییە لەنێوانیان، داعش رۆژانە بۆردومان دەکات. چەندین کەس بەهۆى گولـلە هاوەنەکانى داعش گیانیان لە دەستداوە کە لە بەشى راستى مووسڵ ئاراستەى بەشى چەپى کردوون".
ئەو ئاوارەیە باس لە یەکێک لە مامەڵەکانى داعش دەکات و دەڵێت "داعش راهێنانى بەمنداڵان دەکرد بۆ ترساندنى منداڵانى دیکەیش، جگە لە سەربڕینى منداڵان تەنانەت کومەڵکوژیشى دەکردن، ئەوانەى گەنج و مێرد منداڵان بووان بەزۆرەملێ بەرەو بەرەکانى شەڕ دژى سوپاى عێراق و پێشمەرگە دەیانبردن، ئەوەش کاریگەرى خراپى لەسەر دەروونى تەواوى هاووڵاتییان و بەتایبەتى منداڵان جێهێشتووە".
ئەو دەشڵێت "داواکارین لە هەموو لایەک دژبە داعش بجەنگن بۆ ئەوەى ئاوارە نەبین. ئێستا ئاوارەیی دوا ئومێدى پاراستنى گیانمانە. ئێمەیش دەمانەوێت وەک ئەو خەڵکە بگەڕێینەوە ناوچە تازە کۆنتڕۆڵکراوەکانى مووسڵ، بەڵام چی بکەین هەڕەشەیەکى گەورە لەسەر ژیانمان ماوە. دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى لاى راستى مووسڵ دەست بەجێ دەگەڕێینەوە".
ئیسرا ئەحمەد ئافرەتێکە لە گەڕەکى رەشیدییەى بەشى چەپى مووسڵ بەکۆمەڵێک منداڵ و خزم و کەسییەوە ئاوارە بووە و بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەوە دوو ساڵە ترس، تۆقاندن، کوشتن و رفاندن ژیانى ئێمەى هەراسان کردووە. ئەوەى بیرمان لێ دەکردەوە تەنها ئەوە بوو کە کەى دەکوژرێین، گرووپێک لە چەکدارانى ئافرەتى داعشیان پێکهێنا بوو بۆ سزادانى کچ و ژنانى دەستبەسەر، چەندین جار منیان ئازارداوە لەسەر نەپۆشینى جلوبەرگى رەش".
ئەو ئافرەتە باسى لە بەندیخانەکانى داعش کرد و گوتى: "ئافرەتەکان لەگەڵ یەکترى بەند دەکران، هەر ئافرەتە و قۆرئانێکیان دەخستە دەستیان بۆ هیچ ئافرەتێک نەبوو لە ئافرەتى تەنیشتە خۆى بڕوانى. هەر کچ و ژنێک پابەندى رێنماییەکانى داعش نەبووا بەدڕەندەترین سزا ئەشکەنجە دەدراین، تەنانەت چەندین کەسیان لەسەر گوتنى ووشەى(داعش) ئەشکەنجە دراون و بێ سەروشوێن کراون".
ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ لە ١٧ تشرینى یەکەم دەستیپێکردووە تا ئێستا بەردەوامە و لای چەپى مووسڵ کۆنتڕۆڵکراوەتەوە ئامادەکارى دەکرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى لاى راستى شارەکە.