Azat Muhammet
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2017
دهۆک -AA
لە شارۆچکەى تلکێفى سەربە پارێزگاى نەینەوا منداڵ، گەنج و پیر لەناو بازاڕدا بەدڵخۆشى دەسوڕێنەوە و هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەى ئاسەوارى داعش لەسەر دڵ و دەروونیان نەهێڵن. بۆ ئەم مەبەستەش دوکاندارانى شارۆچکەکە دوکانەکانیان کردووەتەوە و دەستیان کردووە بەفرۆشتى کەلوپەلەکانیان. هاووڵاتییانیش بەدەم گێڕانەوەى یادگارییە تاڵەکانى ژێر دەستى داعش مامەڵەى کڕین و فرۆشتن دەکەن لە بازاڕەکان.
هەرچەند پاشماوەکانى جەنگى داعش لە تەواوى کوچە و کۆڵانەکانى شار بەجێماوەو و دەیان ئاڵا و دروشمى کوشتن و بڕین لەسەر دیوارى خانووەکان وەک خۆى ماوەتەوە، بەڵام ترسى ئاڵا رەشەکەى داعش لەسەر خەڵکەکە نەماوە و هاووڵاتییان چاویان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ ئەوەى ئاوڕێک لە شارەکەیان بدەنەوە.
بەشێک لە هاووڵاتییانى شارۆچکەکەش خۆیان دەستیان هەڵهێناوە بۆ لە ناوبردنى دروشمەکانى داعش و پاشماوەکانى جەنگ کۆ دەکەنەوە بۆ ئەوەى لەناو ببرێن. هەموو چین و توێژەکانى ئەو شارۆچکەیە بەئومێدەوە لە قۆناغەکانى دواى داعش دەڕوانن و سەردەمى داعش بەقۆناغێکى دواکەوتوو لە مێژووى مرۆڤایەتى هەژمار دەکەن و بەپێویستى دەزانن کە قۆناغى دواى داعش سەردەمى رۆشنبیرى و بنیاتنانەوەى دڵ و دەروونەکان بێت.
شارۆچکەی تلکێف لە دوورى ١٨ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوورى رۆژهەڵاتى شاری مووسڵ، بەهۆى نزیکییەوە بەئاسانى دەنگى بۆردومانەکانى سوپا و، فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر داعش دەبیسترێت، دەستە دەستە گەنجان و خێزانەکانى شارۆچکەى تلکێف لە بان و بەرزاییەکانى شارۆچکەکە چاوەڕێى هەواڵى دڵخۆشکەرن و ئاواتەخوازن داعش لەناو بچێت و مووسڵ بەتەواوەتى رزگار بکرێت. لەلایەکى دیکەشەوە جموجۆڵى هاووڵاتییان لەناو بازاڕ گەرمە. لەناو هەر بازاڕ، کوچە و کۆڵانێک بنکەیەکى سەربازى سوپاى عێراق و پاسەوانانى نەینەوا (حەشدى نیشتمانى) لێى جێگیر کراوە، بەردەوام هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵى خۆیان و پێش گەڕانەوەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت.
سەددام ئەحمەد هاووڵاتییەکى شارى مووسڵە بۆ پیرۆزباییکردن بەبۆنەى رزگارکردنى شارۆچکەى تلکێف سەردانى دۆست و ناسیاوەکانى کردووە، بەدەم کڕینى شرینەمەنى باسى ژیانى سەردەمی داعشى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو کرد و گوتى: "داعش وێرانی کردین هەروەک ئەو خانووە وێرانانەى ئێوە دەیبینن. ژیانمان لە نەهامەتییەکى گەورەدا بوو، دەیان ساڵ گەڕاینەوە دواوە هیچ پێشکەوتن و مرۆڤایەتییەک لە سەردەمى داعش بەدی نەدەکرا جگە لە کوشتن و خوێنڕشتن. خوا لەناویان ببات ئێمەیان لەناو برد".
سەددام دەست بەرز دەکاتەوە و بەڵێننامەکانى داعش نیشان دەدات و دەڵێت "تیرۆریستانى داعش لەسەر جگەرەکێشان هەزار دۆلار و موبایلێکى زیرەکیان لێ سەندم و ٢٠ رۆژیش دەستبەسەریان کردم، بەجۆرەها ئەشکەنجە سزایاندام، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا لە شارۆچکەى تلکێف-م بەئازادى دەسوڕێمەوە هاتوومە چەند جۆرە کەلوپەلێک بکڕم بۆ خزم و کەسوکار وەک دیاری بیبەم. لە داخى داعش جگەرە لە جۆرە باشەکان دەکێشم. لەسەردەمى داعش یەک کیلۆگرام شەکر بەحەوت هەزار دینار بوو، بەڵام لە ئێستادا بەئازادانە بەبێ زەبر و زەنگى داعش بەهەزار ٥٠٠ دینار دەیکڕێن. پەنا بەخوا ژیان بۆ گەلى عێراق و مرۆڤایەتى گەڕایەوە هەرچەند ناوچەیەک لە داعش پاکدەکرێتەوە بەجەژنێکى دەزانین".
دەشڵێت "داعش من و هەزاران کەسى وەک منی بەتۆمەتى هەڵاتن بۆ هەرێمى کوردستان بەسزاى نابەجێ سزا دا و ملیۆنەها دیناریان دەست کەوتووە لە خەڵکى هەژار و کەم درامەت، ئێمە ئەو زوڵمەى داعش لەبیر ناکەین و نرخى ئەو ئازادییە دەزانین کە دواى نەمانى داعش لە شارۆچکەکەمان بۆمان گەڕایەوە. لە سەردەمى داعش بۆ ئێمە نەبوو بەبێ مۆڵەت لە ماڵێکەوە سەردانى ماڵێکى دیکە بکەین، بەڵام ئێستا بەئازادانە لە شارێکەوە سەردانى شارێکى دیکە دەکەین".
ئەو هاووڵاتییە لەناو بازاڕى شارۆچکەى تلکێف باسى پێکەوە ژیانى کرد و گوتى: "دواى رزگاربوونمان لە زوڵمى داعش ئێمەى موسوڵمان، کریستیان و ئێزدى و هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان بەتەبایی پێکەوە بەبێ بوونى هیچ کێشەیەک دەژین، داعش زۆر هەوڵیدا کە شەڕێکى تائفى و نەتەوەیی و ئایینى لەناو گەلانى عێراق بڵاو بکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا شار و گوندەکانمان لە داعش رزگار بوون و ژیانێک لەسەر بنەماى پێکەوە ژیان نبیات دەنێینەوە".
کچێک و دایکێک لەناو بازاڕ سەرقاڵى کڕینى شتومەک و پێداویستییەکانى ماڵ بوون کچەکە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "زۆر لە مێژە چاوەڕێى ئەو رۆژەمان دەکرد شارۆچکەکەمان زرگار بکرێت و بەبێ هیچ مەترسییەک سەردانى بازاڕ بکەین و کەلوپەلەکانمان بکڕین. هەرچەند ئازارێکى زۆرمان چەشت، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچەکانمان و گەڕانەوەى خەڵک بەو شێوەیە برینەکانى ئێمەى ساڕێژ کردووە".
ئەو کچە لەبەر ئەوەى بەشێک لە کەسوکارى لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرن ئامادە نەبوو ناو و رووخسارى خۆى ئاشکرا بکات، لەبارەى ژیانى ژێر دەستى داعشەوە گوتی: "کێ هەیە نەزانێت داعش چ دڕەندەیەک بووە، بێگومان ئەوەى هیچ کەس نەیکردووە داعش بەسەر گەلى عێراقى هێناوە و شەو و رۆژمان لێ درێژ ببوو لەسەر نەپۆشینی نیقاب سزا دەدراین بۆمان نەبوو لە ماڵەوە دەربکەوین، ژیانى هەمووانى بەدۆزەخ گۆڕیبوو، ئێستا هیواش هیواش ژیانمان ئاسایی دەکەینەوە تا بەرەو باشترین بارى دەروونى و جەستەیی دەگەڕێینەوە".
شارۆچکەى تلکێف بەدوورى ١٨ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوورى رۆژهەڵاتى شاری مووسڵ، زۆرینەى دانیشتووانى شارۆچکەکە کریستیانەکانى کلدانن و بەشێک لە دانیشتووانى شارەکە کریستیانەکانى ئاشوورین و هەروەها کوردى موسوڵمانان و ئێزدى و عەرەبى سوننە مەزەهەب بەشێک لە دانیشتووانی شارۆچکەکە پێکدەهێنن. بەپێى ئامارە نافەرمییەکان شارۆچکەى تلکێف پێش هاتنى داعش ژمارەى دانیشتووانەکەى زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس بوو. لە دواى شەڕى داعش بەهۆى ئاوارەبوون و پەنابەر بوونیان ژمارەى دانیشتووانى ئەو شارۆچکەیە بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمیکردووە.