Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد جەمال رایگەیاند کە لەسەر لێدوانەكانی توركیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و هەروەها لەسەر داوای ئەنجوومەنی نوێنەران، وەزارەتەكەیان باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، فاروق قایمقچی بانگهێشت دەكات.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەمال گوتی: "لێدوانەكانی ئەم دواییەی توركیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ مایەی قبوڵكردن نییە و بۆ عێراق جێگەی گاڵتەجارییە، بۆیە وەزارەتی دەرەوە لەسەر ئەو لێدوانانە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، فاروق قایمقچی بانگهێشت دەكات".
گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەیش كرد کە لە میانی بانگهێشتكردنەكەدا، یاداشتنامەیەكی ناڕەزایی لەسەر لێدوانەكانی توركیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ رادەستی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا دەکرێت.
دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ رەت كردەوە و جەختی لەسەر یەكریزی و یەك هەڵوێستی سیاسی لایەنەكان كردەوە بەتایبەتیش لەبارەی سەروەری عێراق.