Azat Muhammet
09 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2017
دهۆک - AA
سەرۆکى لێژنەى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکانى دەستی داعش لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب رایگەیاند "بوودجەى گشتى تەرخانکراوى حکوومەتى عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکانى جەنگى دژ بە داعش نزیکەى ٢٠٠ ملیار دینار دەبێت".
نەجیبە نەجیب لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "حکوومەتى عێراق بە هەموو توانای خۆیەوە ئامادەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکانى جەنگى دژ بە داعش، ئامادەکارییەکانیش بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبن، یەکەم قۆناغیش بریتییە لە گەڕانەوەى سەقامگیرى بۆ ناوچەکە بۆ ئەو مەبەستەیش لێژنەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیران پێکهێنراوە و دەستى بە کارەکانیشى کردووە. لە گرنگترین پڕۆژەکانی ئەو لێژنەیە پاککردنەوەى پاشماوەکانى جەنگى داعشە وەک هەڵگرتنەوەى بۆمبى چێنراوە و گواستنەوەى ئۆتۆمبێلە تەقێنراوەکان و خانووە داڕووخاوەکان".
نەجیبە نەجیب گوتیشى: "هەر لە چوارچێوەى ئامادەکارییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکانى جەنگى دژ بە داعش لە عێراق، وەزارەتى پلان دانانى حکوومەتى عێراق پلانێکى تۆکمەى داڕشتووە بۆ ئەنجامدانى چەندین کۆنفرانس لە نێوان وڵاتانى ناوچەکە بۆ بە دەستهێنانى قەرزى نێودەوڵەتى بە مەبەستى کارئاسانى لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکان".
سەرۆکى لێژنەى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکانى دەست داعش لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت "حکوومەتى کوێت ١٠٠ ملیار دیناری خستووەتە سندووقى دووبارە ئاوەدانکردنەوەى عێراق، بەشێک لەم بوودجەیە تەرخانکراوە لەگەڵ کۆمپانیایەکى نێودەوڵەتى باوەڕپێکراو بۆ دەستنیشانکردنى زیانەکان بە هۆى جەنگى داعش و بەڕێوەچوونى ئۆپەراسیۆنەکان کە بەرعێراق کەوتووە، چونکە تا ئێستا هیچ ژمارەیەکى دیاریکراوە نییە بۆ خەملاندنى ئەو زیانانەى بەر عێراق کەوتووە، ئەمەیش بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو دەنگۆیانەیە کە دەگوترێت ١٠٠ ملیار دۆلار یان زیاتر زیان بەر عێراق کەوتووە".
- "بەبێ رۆڵى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، حکوومەتى عێراق ئاوەدانکردنەوەى ناوچە وێرانبووەکانى پێناکرێت"
نەجیبە نەجیب دەشڵێت "ئێمە ئێستا زیاتر لەو هەوڵەداین کە رۆڵى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى زیاتر بکەین، چونکە بەڕاستى ئەگەر پشت بە بوودجەى عێراق ببەستین کە ئێستا لە قۆناغى کەمکردنەوەى خەرجییەکانە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ئاوەدانکردنەوە لەو ناوچانە بکات کە بە هۆى داعشەوە وێران بوون".
ئاشکراشى دەکات کە بۆ ئاوەدانکردنەوەى ئەو ناوچانەى تا ئێستا دەستنیشان کراون زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلاریان پێویستە، هەڵبەت حکوومەتى عێراق ساڵانە بەشێک لە بوودجەى خۆى بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەکات، بەڵام ناتوانێت بە یەکجار هەموو بوودجەکە دابین بکات، بۆیە پێویستیمان بە هاوکارى وڵاتانى ناوچەکەیە لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکانى عێراق، تا ئێستا بەشێکى زۆر لە وڵاتان بەڵێنى هاوکاری کردنی عێراقییان داوە لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکان، لە ئایندەدا هەموو ئەو وڵاتانەى ئامادەییان دەبڕیوە بۆ هاوکاریکردنى عێراق لە کۆنفرانسێکى نێودەوڵەتى کۆ دەکرێنەوە و هەر وڵاتێک ئەو گوژمە ئاشکرا دەکات کە بۆ عێراقى دیاریکردووە".
- "پەکەکە نەبووایە، شنگال ئاوەدان کرابوویەوە".
سەرۆکى لێژنەى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکانى دەست داعش لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب رووى قسەکانى دەکاتە چەکدارانى پەکەکە لە شنگال و دەڵێت "ئەوەتا پارێزگاى ئەنبار و سەڵاحەددین و چەند ناوچەیەکى دیکە لە خوارووى عێراق پڕۆسەکانى ئاوەدانکردنەوەى دەستى پێکردووە، چەندین پڕۆژەى ستراتیجیشیان پێشکەشکراوە، بەڵام بە داخەوە بە هۆى بوونى پەکەکە لە شنگال هەم شارەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە هەمیش ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە".